نێچیرڤان بارزانى سه‌باره‌ت به‌ریفراندۆم وه‌ڵامى بڕیارى دادگاى فیدراڵى ده‌داته‌وه‌

11/20/2017 3:33:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز








نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، وه‌ڵامى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراقى  له‌باره‌ى ریفراندۆم دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر به‌غدا و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌یانه‌وێت عێراق سه‌قامگیربێت، ده‌بێت عێراق زۆر جددى و زۆر به‌ په‌رۆش بێت له‌ جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور، ده‌ستوور بۆ ئێمه‌ یه‌ک پاکێجه‌ و له‌ مادده‌ى یه‌که‌مه‌وه‌ تا کۆتایى ده‌بێت هه‌مووى به‌یه‌که‌وه‌ جێبه‌جێبکرێت، ناکرێت ته‌نیا ئه‌و ماددانه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن که‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌ لایه‌نى سێیه‌م هه‌یه‌ یارمه‌تیمان بدات، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستوور وه‌کو خۆى جێبه‌جێبکرێت هیچ کێشه‌یه‌ک له‌م وڵاته‌ نامێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێکرابا پێویستى به‌ ئه‌نجامدانى گشتپرسى نه‌ده‌کردش". گوتیشی: "بڕیارى دادگاى فیدراڵى کۆتاییه‌ و هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان تاکلایه‌نه‌ بڕیاره‌که‌یان داوه‌".

له‌باره‌ى مووچه‌ و بودجه‌شه‌وه‌ ووتی: "ئه‌وله‌ویه‌تى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ دابینبکه‌ین، ئه‌وه‌ى پێمانکراوه‌ کردوومانه‌ و له‌ داهاتووشدا به‌پێى داهات دابینى ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌باره‌ى بودجه‌ له‌سه‌ر خه‌تین، به‌ڵام له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ زووڵمێکى زۆر له‌ خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێت، زووڵمێکى وا ده‌کرێت که‌ ته‌سه‌ورناکرێت و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک زووڵمه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ش له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌رفه‌تێکه‌، هیوادارم زووڵمه‌که‌ نه‌هێڵدرێت".

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ش: هه‌فته‌ى رابردوو ئێوه‌ رێزتان له‌ راڤه‌ى دادگاى فیدراڵى گرت بۆ مادده‌ى یه‌که‌مى ده‌ستوور، ئایا رێز له‌ بڕیاره‌که‌ى ئه‌مڕۆش ده‌گرن که‌ گشتپرسى به‌ ناده‌ستوورى له‌قه‌ڵمدا و رایگه‌یاند ده‌بێت سه‌رجه‌م لێکه‌وته‌ و ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبووه‌شێنه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى گوتی: "مافى کورد له‌ ده‌ستوور جێگیرکراوه‌، هیچ یاسا و مادده‌یه‌ک ناتوانێت تێکیبدات، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێبکرێت هیچ کێشه‌ و گرفتێک له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نامێنێت". له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى رووداویش ئایا هه‌واڵى خۆش هه‌یه‌، نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند: "راسته‌ قۆناخێکى سه‌خته‌، به‌ڵام به‌یه‌کگرتوویى ئه‌م قۆناخه‌ سه‌خته‌ تێده‌په‌ڕێنین، پێویسته‌ وه‌کو میلله‌ت و وه‌کو حیزبه‌کان له‌سه‌ر هه‌ندێک پڕه‌نسیپ رێکبکه‌وین، راسته‌ قۆناخه‌که‌ سه‌خته‌، به‌ڵام ده‌رفه‌تێکیشه‌ بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌، ئه‌م وڵات و میلله‌ته‌ هه‌ر ده‌مێنێت، به‌دڵنیاییشه‌وه‌ به‌ مافه‌کانى ده‌گات".

له‌باره‌ى داخستنى فڕۆکه‌خانه‌کانیش رایگه‌یاند: "پێشێلکارییه‌کى ناده‌ستووری، نایاسایى و نامرۆڤانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت بزانن ئێمه‌ له‌ فڕۆکه‌خانه‌کان چى ده‌که‌ن، فه‌رموون بابێن ئێمه‌ ئاماده‌ین، به‌ڵام داخستنیان پێشێلکارییه‌کى مرۆڤایه‌تییه‌".

ده‌قى قسه‌کانى سه‌رۆکوه‌زیران نێچیرڤان بارزانی:

هه‌فته‌ى رابردوو سه‌ردانى ده‌ربه‌ندیخانمان کرد، له‌گه‌ڵ یه‌که‌ ئیدارییه‌کانى ده‌ربه‌ندیخان و سنوورى گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ کۆبووینه‌وه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک وه‌زیر و جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران چووبووینه‌ ئه‌و ناوچانه‌، له‌وێ هه‌ڵسه‌نگاندنى دۆخى ئه‌و شوێنانه‌مان کرد و یه‌که‌ ئیدارییه‌کانمان راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین هه‌وڵبده‌ین یارمه‌تى ئه‌و خه‌ڵکه‌ بده‌ین، چ ئه‌وانه‌ى لێیان قه‌وماوه‌ چ ئه‌وانه‌ى خانووه‌کانیان تێکچووه‌ و ئه‌و زیانانه‌ى به‌ریانکه‌وتووه‌، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئێمه‌ ده‌ستبه‌جێ وه‌زاره‌تى داراییمان راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى مه‌بله‌غێک له‌ژێر ده‌ستى یه‌که‌ ئیدارییه‌کانى ئه‌و ناوچانه‌ دابنێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ى هه‌یانه‌ به‌په‌له‌ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزنه‌وه‌، بۆ ئه‌وانى دیکه‌ش که‌ کاتى پێویسته‌ ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ زه‌ره‌ر و زیانه‌کانى ئه‌و کاره‌ساته‌ بکرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ته‌کانمان راسپاردوون بۆ ئه‌وه‌ى راپۆرتى خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى پێویست بێت جێبه‌جێى ده‌که‌ین.

لێره‌وه‌ دیسان سه‌ره‌خۆشى خۆمان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاراسته‌ى قوربانیانى ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ ده‌که‌ین، چ ئه‌وانه‌ى خۆمان و چ ئه‌وانه‌ى سنوورى ئێران هاوخه‌مى ئه‌وانه‌ین، هیوادارین ئه‌مه‌ کۆتا کاره‌ساتیان بێت، داواى چاکبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌کان ده‌خوازین. سوپاسى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌که‌ین که‌ به‌ڕاستى له‌و بابه‌ته‌ هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت و به‌په‌له‌ ئه‌وه‌ى پێویست بوو ئه‌نجامیاندا، هه‌ر له‌ شه‌وى یه‌که‌مه‌وه‌ تورکیا و دواى ئه‌وه‌ ئیتاڵیا به‌په‌له‌ ده‌رمان و پێداویستیان نارد، هه‌روه‌ها سوپاسى وڵاتانى یه‌کێتى ئه‌وروپا و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌که‌ین، که‌ پشتگیریان کردووین.

له‌ هه‌فته‌ى رابردوو نامه‌یه‌کم له‌ سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ پێگه‌یشت، که‌ ته‌ئکید له‌سه‌ر دیالۆگ و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق، که‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستى ئێمه‌یه‌ وه‌کو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌مان کردووه‌، ته‌ئکیدمان له‌ هه‌ڵوێستى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ته‌وه‌، که‌ ده‌مانه‌وێت کێشه‌کان له‌ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرێت، ته‌ئکیدى ئه‌مریکاش بۆ ئێمه‌ گرنگ بووه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت هه‌رێمێکى سه‌قامگیر و به‌هێز له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا هه‌بێت.

ئێمه‌ ته‌ئکیدمان له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئاماده‌ى ئه‌و گفیتوگۆیه‌ین، هه‌رکاتێک عێراق ئاماده‌بێت ئێمه‌ ئاماده‌ین، که‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌ ده‌ستپێبکه‌ین.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا دیسانه‌وه‌ له‌سه‌ر بابه‌تى چاکسازى له‌ بوارى دارایى و وه‌زیفه‌ى گشتى و شه‌فافیه‌ت له‌ به‌ارى نه‌وتدا قسه‌مانکردووه‌، ئێوه‌ ئاگادارن ئێمه‌ کۆمپانیاى (دیلۆیت)مان به‌ر له‌ ساڵێک هێناوه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان، ده‌ستیان به‌ کاره‌کانیان کردووه‌ و راپۆرته‌کانیان ئاماده‌ن، له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا راپۆرتى دیلۆیت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى پرۆسه‌ى شه‌فافیه‌تى نه‌وت بڵاوده‌کرێته‌وه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌و راپۆرته‌ بۆ هه‌موو لایه‌که‌ ده‌سه‌لمێندرێت که‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى ئێمه‌ ده‌ستمانپێکردووه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ بوارى نه‌وت شه‌فافیه‌تى تێدایه‌ و ئێمه‌ ئاماده‌ین ئه‌و ژمارانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێک به‌غدا یان ده‌ره‌وه‌، هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت ئاماده‌ین به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان باسبکه‌ین.

هه‌وڵه‌کانى ئێمه‌ به‌رده‌وامه‌ بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ر کاتێک به‌غدا ئاماده‌بێت، هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق.

وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌ڤانان:

پرسیار: سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى داگاى فیدراڵى عێراق که‌ گشتپرسى باشوورى کوردستان به‌ ناده‌ستوورى ده‌زانێت؟ 

نێچیرڤان بارزانی: خۆى راستییه‌ک هه‌یه‌، هه‌ڵوێستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان روونه‌، ئێمه‌ پێش پرۆسه‌ى ریفراندۆم و دواى پرۆسه‌که‌ و له‌ ساڵانى رابردووشدا یه‌ک قسه‌مان کردووه‌، گوتوومانه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستوورى عێراق جێبه‌جێبکرێت ئێمه‌ هیچ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا نامێنێت، به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو مادده‌کانى ده‌ستوورى عێراق جێبه‌جێبکرێت، به‌داخه‌وه‌ له‌ عێراق زۆرجار باسى ده‌ستوور ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و ماددانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن که‌ پێیانوایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیانه‌، ده‌بێت هه‌موو مادده‌کانى ده‌ستوور جێبه‌جێبکرێن، ئه‌وه‌شى بووه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان بیر له‌ شتێکى دیکه‌ بکاته‌وه‌، راستییه‌که‌ى ئه‌وه‌بوو که‌ عێراق ئاماده‌نه‌بوو ده‌ستوور جێبه‌جێبکات، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵانى رابردوو به‌غدا ئاماده‌بووایه‌ ده‌ستوور جێبه‌جێبکات، ئه‌و شتانه‌ى که‌ دواى ئه‌وه‌ هاتن به‌ ریفراندۆمیشه‌وه‌ پێویستى نه‌ده‌کرد، ئه‌وه‌ى خه‌ڵکى کوردستانى بێئومێدکرد پابه‌ندنه‌بوونى عێراق بوو به‌و ده‌ستووره‌، ده‌ستوورى عێراقیش له‌ دیباجه‌که‌ى زۆر به‌ راشکاوى ده‌ڵێ جێبه‌جێکردنى ئه‌و ده‌ستووه‌ گره‌نتى پاراستنى یه‌کێتیى خاکى عێراقه‌. بۆیه‌ ئێستاش ئێمه‌ ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر به‌غدا، ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌یانه‌وێت عێراقێکى سه‌قامگیر هه‌بێت، مه‌رجى یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت عێراق زۆر جددى بێت له‌ جێبه‌جێکردنى هه‌موو مادده‌ ده‌ستوورییه‌کان یه‌ک به‌یه‌ک، ته‌فسیرى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ته‌فسیرى ئه‌وان بۆ مادده‌ ده‌ستوورییه‌کان جیاوازه‌، به‌ڵێ، بۆیه‌ پێویستیمان به‌ لایه‌نى سێیه‌م هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تى ئێمه‌ بدات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا سه‌قامگیریان ده‌وێت له‌و وڵاته‌ یان نا؟ ئه‌گه‌ر سه‌قامگیریان ده‌وێت ده‌بێت زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌ده‌م جێبه‌جێکردنى ئه‌و ده‌ستووره‌وه‌ بێن، نه‌ک مادده‌یه‌ک هه‌ڵبژێرن که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیانه‌، دستوور یه‌ک پاکێجه‌ هه‌ر له‌ مادده‌ى یه‌که‌وه‌ تا کۆتایی، ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ بکرێت، من پێموانییه‌ هیچ کێشه‌یه‌کى دیکه‌ له‌و وڵاته‌ هه‌بێت.

پرسیار: ئێوه‌ پێشتر پێشوازیتان له‌ بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق کرد، ئه‌مڕۆش داداگاى فیدراڵى بڕیارێکى دیکه‌ى ده‌رکرد به‌بێ ئه‌وه‌ى شاندێک له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى دانیشنه‌که‌ ببێت بۆ لێپێچینه‌وه‌، ئایا هه‌ڵوێستتان له‌باوه‌یه‌وه‌ چییه‌؟ 

نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت بڕیاره‌کانى دادگاى فیدراڵى ته‌میز بکرێنه‌وه‌، بڕیاره‌کانى دادگاى فیدراڵى واته‌ حکومى ته‌واو وه‌رده‌گرێت، ئه‌وان یه‌کلایه‌نه‌ بڕیاره‌که‌یان داوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى نوێنه‌رانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌و دادگایه‌ ئاماده‌ببن.

پرسیار: چ گه‌ره‌نتییه‌ک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستوور جێبه‌جێبکرێت، ئایا داواى هیچ گه‌ره‌نتیه‌کتان له‌ ئه‌مریکا کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراق ده‌ستوور جێبه‌جێبکات؟ 

نێچیرڤان بارزانی: هه‌م له‌ هاتنى برێت مه‌کگۆرک بۆ کوردستان و هه‌م له‌ په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى نێوان من و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا، ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌ پێویستیمان به‌ یارمه‌تى هه‌یه‌ بۆ ته‌فسیرى ئه‌و ده‌ستووره‌، ده‌کرێت ئه‌و یارمه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بێت، ده‌کرێت لایه‌نى سێیه‌م بێت بۆ ئه‌وه‌ى بێن و یارمه‌تیمان بده‌ن، به‌ڵێ ئێمه‌ ئه‌و قسانه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا و برێت مه‌کگۆرک کردووه‌، مه‌به‌ستیش له‌وه‌ نییه‌ که‌ ئێمه‌ متمانه‌مان نییه‌، نه‌خێر، به‌ڵکو ده‌بێت لایه‌نى سێیه‌م له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدار بێت بۆ ته‌فسیرى ئه‌و ده‌ستووره‌، 14 ساڵه‌ هه‌نگاوى زۆر که‌م نراوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور، له‌ به‌غدا وه‌کو مینیۆیه‌ک سه‌یرى ده‌ستوور ده‌کرێت، به‌خۆت هه‌ڵیده‌بژێریت ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌م ده‌وێت. نه‌خێر، ده‌ستوور پاکێجێکه‌ یان ده‌بێت هه‌مووى جێبه‌جێبکرێت، یان ئه‌وه‌تا ئه‌گه‌ر مادده‌یه‌ک که‌ به‌ دڵته‌ جێبه‌جێبکرێت، واته‌ ئه‌م ناسه‌قامگیرى له‌و وڵاته‌ دروستده‌کات و جارێکى دیکه‌ تووشى کێشه‌ ده‌بینه‌وه‌، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و کێشانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بکرێن و ئه‌و داوایه‌شمان به‌ڵێ له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا باسکردووه‌.

پرسیار: سه‌باره‌ت به‌ دۆخى نێوخۆى هه‌رێمى کوردستان و هه‌بوونى خواستێک بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌و حکومه‌ت؟

نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا بۆمن روون نییه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یانه‌وێت چییه‌، ئێمه‌ وه‌کو پره‌نسیپ ئاماده‌ییمان هه‌یه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ بکه‌ین، چى ده‌گۆڕێت؟ خۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌موویان به‌شدارن له‌و حکومه‌ته‌، حکومه‌تى کاتى چیان ده‌وێت؟ ئایا لایه‌نه‌کان ده‌یانه‌وێت وه‌زیره‌کانى خۆیان بگۆڕن؟ با پێمانبڵێن ده‌مانه‌وێت وه‌زیره‌کانى خۆمان بگۆڕین، هه‌موویان به‌شدارن له‌و حکومه‌ته‌، له‌ راستیشدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین ئه‌و حکومه‌ته‌ کاتییه‌ چى ده‌کات که‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ى ئێستا پێى ناکرێت؟ خۆ ده‌بێت ئاماجه‌که‌ زانراو بێت چییه‌. خاڵێکى دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ خۆى کاتییه‌، ئێمه‌ پابه‌ندبوونێکمان هه‌یه‌ به‌ خشته‌یه‌کى کاتى که‌ هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، ناتوانین له‌وه‌ ده‌ربچین، واته‌ ئه‌و حکومه‌تى ئێستا هه‌مانه‌ حکومه‌تێکى کاتییه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌و هه‌فته‌یدا و له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ دیتنى هێزه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ کاک قوباد و براده‌رانى دیکه‌ سه‌ردانیان ده‌که‌ین و دواى ئه‌وه‌ بیر له‌وه‌ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ رۆژى هه‌ڵبژاردن دیاریبکه‌ین، له‌ پرۆسه‌یه‌کى له‌و شێوه‌یه‌دا که‌ ده‌مانه‌و‌ێت رۆژى هه‌ڵبژداردن دیاریبکه‌ین، حکومه‌تێک هه‌تا داده‌مه‌زرێت جا کاتى بێت یان هه‌ر ناوێکى لێبنرێت، تاوه‌کو په‌رله‌مان متمانه‌ى پێده‌دات و تا داده‌مه‌زرێت و تا ده‌ست به‌کاره‌کانى ده‌کات، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌که‌ کاتى زۆرى ده‌خایه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌یانه‌وێت وه‌زیره‌کانیان بگۆڕن هه‌ر هۆکارێکى دیکه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین، ئه‌گه‌رنا وه‌کو پره‌نسیپ پێمانوایه‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ى ئێمه‌ هه‌ر خۆى حکومه‌تى ئێمه‌ کاتییه‌ و هه‌ڵبژاردن هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ یه‌کلایى ده‌کاته‌وه‌".


زۆرترین خوێندراو