4
7 نێچیرڤان بارزانی: یه‌کڕیزیى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌ به‌غدا به‌رز ده‌نرخێنین
5/12/2017
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 5 ى کانوونى یه‌که‌مى2017 ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان باسى ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ندیدار به‌ دوا پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌، عیراق، هه‌رێمى کوردستان و نێوده‌وڵه‌تى کرد.

سه‌ره‌تا باسى سه‌ردانى شاندى باڵاى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا و دیدار و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕیز ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نسا کرد و ووتى "له‌ کۆبوونه‌وه‌کانماندا له‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌و خاڵانه‌مان دووپات کردنه‌وه‌‌ که‌ زۆر جار باسمان کردوون‌، یه‌که‌میان پابه‌ندبوونى هه‌رێمى کوردستانه‌ به‌ یه‌کێتیى خاکى عێراقه‌وه‌، دووه‌میان چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا، ده‌ستوورێک، ‌گه‌ر بمانه‌وێ ئارامى و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانى بۆ هه‌موو خه‌ڵکى عیراق دابین بکرێت، یه‌که‌م مه‌رج ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌ستووره‌ که‌ هه‌موو گه‌لى عیراق ده‌نگى بۆ داوه‌، وه‌کو یه‌ک جێبه‌جێ بکرێت".

هه‌روه‌ها ووتى: "ئه‌وه‌مان دووپات کرده‌وه‌ که‌ ده‌مانه‌وێ کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بکرێت و پابه‌ندیى خۆشمان به‌ دیالۆگێک که‌ بتوانێت ئێمه‌ بگه‌یه‌نێته‌ چاره‌سه‌رێک له‌گه‌ڵ به‌غدا، دووپات‌ کرده‌وه‌ و ڕێزى خۆشمان بۆ بڕیاره‌کانى دادگاى فیدرالى عیراق له‌وێ له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نسا باس کرد،‌ جیا له‌ باسکردنى کۆمه‌ڵێک بابه‌تى دیکه‌. به‌ سوپاسه‌وه‌ جه‌نابى گوێى لى گرتین و دووپاتى کرده‌وه‌ ئاماده‌یه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانایدا بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوور و یه‌کێتیى خاکى عیراقدا ئه‌نجامى بدات و دووباره‌ سوپاسى به‌ڕێزیان ده‌که‌م".

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆش ئاشکراى کرد "ئه‌مڕۆ پێشوازیمان له‌ پارێزگاى نوێى سلێمانى کرد و له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سوێندى یاسایى خوارد. جارێکى دیکه‌ پشتگیریى خۆمان بۆ به‌ڕێزیان دووپات‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ و هیوادارین سه‌رکه‌وتوو بێت و بتوانێت خزمه‌تێکى باش به‌ پارێزگاى سلێمانى و هاووڵاتیانى خۆمان له‌و پارێزگایه‌ بکات".


"بابه‌تێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌،‌ پێشتر وه‌زیرى ناوخۆمان بۆ ئاماده‌کردنى ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر دۆخى ئاواره‌کانى که‌رکووک و دووزخورماتوو ڕاسپاردبوو، ئه‌مڕۆ ڕاپۆرته‌که‌ى پێشکه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کرد. لێره‌وه‌ جارێکى دیکه‌ داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نیوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ین یارمه‌تیى ئاواره‌کان بدات و داوا له‌ هه‌موو ڕێکخراوه‌کانى‌ مرۆیى و مافى مرۆڤیش ده‌که‌ین به‌په‌له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلکارییه‌ یاساییانه‌ بکه‌ن که‌ له‌و ناوچانه‌ کراوه‌ به‌تایبه‌تى له‌ دووز. داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ین زیاتر بێته‌ سه‌ر هێل که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ک پێویست نه‌هاتۆته‌ سه‌ر هێڵ و هه‌موو لایه‌کیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بچووک پیشان بده‌ن".

"ڕووى قسه‌م له‌ یۆنامى و ڕێکخراوه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤى وه‌ک ئه‌منستى ئینته‌رناشیوناله‌ و داوایان لێده‌که‌م به‌په‌له‌ دۆسیایه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلکارییه‌ یاساییانه‌ بکه‌ن که‌ له‌ دووزخورماتوو ئه‌نجام دراوه‌ و حکوومه‌تى عیراقیش له‌مباره‌یه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى ئه‌م تاوان و سه‌رپێچییه‌ یاساییانه‌یان ئه‌نجام داوه‌، بگه‌نه‌ سزاى خۆیان. به‌هۆى ئه‌و کاره‌ساتانه‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون که‌ پێویستییان به‌ یارمه‌تى هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ک پێویست له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ یارمه‌تى نه‌دراون".

هه‌روه‌ها ووتى: "سوپاسى فراکسیۆنه‌کانى کوردستان له‌ به‌غدا ده‌که‌ین که‌ له‌سه‌ر بابه‌تى بودجه‌ و ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى له‌ناو یاساى بودجه‌دا هه‌یه‌ و ده‌ستوورى نین، هه‌موویان به‌ یه‌ک ده‌نگ به‌یاننامه‌یه‌کیان ده‌رکرد. ئه‌م یه‌کڕیزییه‌ جێى خۆشحاڵى و سوپاسه‌ و لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشییان لێده‌که‌م و هیوادارم بۆ به‌رگریکردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌م شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کترى کار بکه‌ن و یه‌کگرتوو و یه‌کڕیز بن که‌ به‌داخه‌وه‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عیراق زۆر پێشێلکارى تێدایه‌".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا ده‌رباره‌ى ده‌ستپێشخه‌رى فه‌ڕه‌نسا بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دیاریکردنى کاتێک بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆکان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا: "به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ زۆر به‌ جددى ده‌ستپێشخه‌ریى فه‌ڕه‌نسامان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌رگرتووه‌ و هیوادارین هه‌موولایه‌ن ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ جددى وه‌رگرن، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى کوردستان و پارته‌ کوردستانییه‌کانیش قسه‌ ده‌که‌ین تا له‌م بابه‌ته‌دا بگه‌ینه‌ کۆده‌نگییه‌ک. هیچ کاتێک بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆکان دیارى نه‌کراوه‌،‌  سه‌رۆکى فه‌ڕه‌نسا  ووتى من له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌باى سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق قسه‌ ده‌که‌م بزانم هه‌نگاوه‌کانى دواى ئه‌وه‌ چ ده‌بێت، تا ئێستا ئێمه‌ له‌ هه‌نگاوه‌کان ئاگادار نه‌کراوینه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونى په‌یامێکى سیاسى له‌ چوونى شاندى هه‌رێمى کوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا به‌ ڕێگه‌ى تورکیاوه‌ و هۆکارى ئه‌نجامنه‌دانى سه‌ردانه‌که‌ به‌ ڕێگه‌ى فڕۆکه‌خانه‌ى به‌غدا و بوونى هیچ دیدارێکیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى تورکیا، سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد "زۆر خۆشحاڵ ده‌بووین بمانتوانیبا له‌ به‌غداوه‌ سه‌ردانه‌که‌مان ئه‌نجام بدابا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌کرا و به‌هۆى ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ى که‌ حکوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستانى داناوه‌، نه‌مانتوانی".

زیاتریش ووتى: "به‌ سوپاسه‌وه‌ وڵاتى تورکیا هه‌موو ئاسانکاریه‌کییان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ى شاندى هه‌رێمى کوردستان‌ کرد، په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا به‌رده‌وامه‌ و نه‌پچڕاوه‌، هه‌ر کاتێک پێویست به‌ قسه‌کردن و کۆبوونه‌وه‌ و دیدار هه‌بێت، ئه‌وان ئاماده‌ ‌بوون، ئێمه‌ خۆشحاڵ ده‌بین ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا به‌رده‌وام بێت و هیوادارم په‌یوه‌ندییه‌کانیش له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ئاسایى ببنه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى بوونى هیچ گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ به‌غدا، ڕایگه‌یاند "تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌کى ته‌کنیکى و سیاسى له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدادا نییه‌. چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان دووباره‌ کردۆته‌وه‌ و خه‌ڵکیشمان بێزار کردووه‌ که‌ ده‌ڵێین ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ، دووباره‌ى ده‌که‌ینه‌وه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا، به‌ڵام تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌ک له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدادا نییه‌ و ئه‌وان ئاماده‌ نین، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ نه‌کردنه‌وه‌ى دوو ده‌راوه‌زى سنوورى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ تاران، ووتى: "ئێران تا ئێستا دوو ده‌روازه‌ى نه‌کردۆته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانیشمان له‌گه‌ڵ تاران به‌رده‌وامه‌ و قسه‌ و دیدارمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌ و هیوادارین ئه‌م ده‌روازانه‌ش بکرێنه‌وه‌، چونکه‌ به‌ بۆچوونى ئێمه‌ هیچ به‌هانه‌یه‌ک بۆ به‌داخراوه‌یى مانه‌وه‌ى ده‌روازه‌کان نه‌ماوه‌ و کردنه‌وه‌یان له‌ به‌رژوه‌ندیى هه‌رێمى کوردستان و ئێراندایه‌ و هیوادارین به‌ زووترین کات ئه‌م ده‌روازانه‌ بکرێنه‌وه‌ و خه‌ڵک بتوانێت وه‌ک جاران هه‌م کارى بازرگانى و هه‌م هاتووچۆ بکه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه‌ قسه‌و دیدارمان له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌رۆک ماکرۆن باسى ئه‌وه‌ى کرد که‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق قسه‌ ده‌کات، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه‌ ئاگادار نه‌کراوینه‌ته‌وه‌ و بڕوام وایه‌ له‌م یه‌ک دوو ڕۆژه‌ له‌وه‌ ئاگادار ده‌کرێینه‌وه‌ که‌ هه‌نگاوه‌کانى دواى ئه‌مه‌ چى ده‌بن. سه‌باره‌ت به‌ دیاریکردنى واده‌یه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان، تا ئێستا دیداره‌کانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌ کۆتا نه‌هاتوون و له‌ ماوه‌یه‌کى زۆر نزیکدا واده‌یه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان دیارى ده‌که‌ین. بۆچوونى ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان دیارى بکه‌ین، چونکه‌ وه‌ک پێشتریش گوتوومه‌ خودى ئه‌م کابینه‌یه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ درێژکردنه‌وه‌ى دوو خولى ته‌شریعیى په‌رله‌مان. دواى کۆتاییهاتنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان دیارى ده‌که‌ین".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا ده‌رباره‌ى چوونى هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانى ئه‌مه‌ریکا بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، نێچیرڤان بارزانى ووتى "کاتێک باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عیراق سه‌ردانى کردین، باسى له‌ میکانزمێکى هاوبه‌ش کرد که‌ ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یانه‌، ئێمه‌ پێمان گوتن گه‌ر به‌ به‌شداریى هه‌رێمى کوردستان نه‌بێت، بێگومان ئه‌و میکانزمه‌ که‌موکورتى تێدا ده‌بێت. دووپاتى ده‌که‌ینه‌وه‌ جێبه‌جێکردنى هه‌ر میکانزمێک له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ده‌بێت هه‌رێمى کوردستان به‌شێک بێت له‌ میکانزمه‌که‌‌ و به‌پێى ده‌ستووریش ئه‌مه‌ ڕاستتره‌، ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ نێوان هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ میکانزمێکى که‌موکورتى ده‌زانین و پێمانوانییه‌ ئه‌مه‌ ڕاست بێت".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ووتى: "ڕێگه‌ى دروست ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هێزه‌کانى هه‌رێمى کوردستانیش له‌گه‌ڵیان به‌شدار بن و پێشتریش ئه‌وه‌مان دووپات کردۆته‌وه. پێشوازى له‌ میکانزمێکى سێقۆڵیى نێوان هاوپه‌یمانان و هه‌رێمى کوردستان و عیراق ده‌که‌ین له‌و سنوورانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌ دروست نه‌بێت، چونکه‌ زۆر ڕوونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ ناوچه‌ى ناکۆکن و گفتوگۆیان له‌سه‌ره‌ و مادده‌یه‌کى ده‌ستووریشمان هه‌یه‌ که‌ نه‌خشه‌ڕێگاى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ى دیارى کردووه‌ و هیوادارین به‌ هه‌موولایه‌ک بتوانین ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عیراقیش سه‌رۆک وه‌زیران ووتی: "ئه‌گه‌ر بودجه‌یه‌ک به‌م شێوه‌یه‌ى که‌ ئێستا هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، نه‌بێت باشتره‌، چونکه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌کى زۆر زۆر خراپه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نافه‌رمیى بیروبۆچوونه‌کانى خۆمان به‌ IMF ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌موو زانیارییه‌کانمان پێشکه‌ش کردوون. عیراق پیویستى به‌ یاساى بودجه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى پێداویستییه‌کانى هه‌موو عیراق بێت، نه‌ک ته‌نیا حزبێک یان به‌شێک له‌ عیراق، هیوادارین پێداچوونه‌وه‌ به‌وه‌دا بکرێته‌وه‌ و نه‌بوونى بودجه‌ش‌ به‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر هه‌موو عیراق ده‌زانین نه‌ک ته‌نیا بۆ لایه‌نیک".

ده‌رباره‌ى هۆکارى ده‌ستپێنه‌کردنى گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ کاتێکدا هه‌ردوولا ده‌ڵێن ئاماده‌ن، ئاشکراى کرد "پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق بکه‌ن که‌ بۆ ئاماده‌ نییه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ بکات؟. بۆ زانیاریتان تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌ک له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا نییه‌، ئه‌وان واى پیشان ده‌ده‌ن که‌ گفتوگۆیه‌کى ته‌کنیکى هه‌یه‌، به‌ڵام ڕاست نییه‌ و هیچ گفتوگۆیه‌ک له‌سه‌ر هیچ ئاستێک نییه‌. هه‌ڵوێستى ئێمه‌ ڕوونه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌م گفتوگۆیه‌ ده‌ستپێبکات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده‌ن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌وه‌ى ڕێگه‌کانى مه‌خموور و که‌رکووک و شوێنه‌کانى دیکه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى هاووڵاتیان بۆ شوێنه‌کانیان، نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند "ئه‌مه‌یان بابه‌تێکى ئه‌منى بوو تا ئێستا، پێمانوایه‌ ئێستا ده‌توانین بیر له‌ کردنه‌وه‌ى ئه‌و ڕێگایانه‌ بکه‌ینه‌وه‌ و بێگومان ده‌شکرێنه‌وه‌،‌ چ له‌گه‌ڵ مه‌خموور یان مووسڵ یان که‌رکووک و شوێنه‌کانى دیکه‌، پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ین".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شکردنى سووته‌مه‌نى به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد: "ئه‌گه‌ر بمانتوانیبا بێگومان سووته‌مه‌نیمان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌کرد، به‌ڵام پێشتر و له‌ کۆبوونه‌وه‌کانى دیکه‌شدا گوتوومه‌ ئێمه‌ له‌ دۆخێکى یه‌کجار زۆر سه‌ختداین و ڕه‌وشه‌که‌ ئاسان نییه‌ و زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر پێمان کرابا و بمانتوانیبا بیکه‌ین، ئه‌نجاممان ده‌دا".

ده‌رباره‌ى بوونى فشارێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ده‌ستپیکردنى گفتوگۆکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى ووتى "ئه‌وه‌ى ئێستا به‌غدا له‌ دژى هه‌رێمى کوردستان ده‌یکات، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ نییه‌ و هه‌مووشمان ئه‌مه‌ ده‌زانین. ئه‌وه‌ى پێویستبووه‌ گوتوومانه‌ و ئه‌وه‌ى ده‌بوایه‌ بیکه‌ین کردوومانه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئێستا له‌ به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌کرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان بۆ تێکدانى قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستان، ده‌رفه‌تێکیان بۆ هاتۆته‌ پێش و له‌ شێوه‌ى داڕشتنى بودجه‌ى عیراقیشدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ زۆر به‌ ڕوونى دیار که‌وتووه‌".

هه‌روه‌ها ووتى: "کێشه‌ى ئێمه‌ ته‌نیا داخستنى فڕۆکه‌خانه‌ نییه‌،‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو کێشانه‌ى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، کێشه‌ى داخستنى فڕۆکه‌خانه‌کان زۆر بچووکه‌، ئه‌وان داخستنى فڕۆکه‌خانه‌کان و بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان، وه‌ک فشار بۆ سه‌ر هاووڵاتیانى هه‌رێمى کورستان ده‌زانن. پێویسته‌ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى خۆى بکات وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران. ئه‌وه‌ى که‌ ئێستا ده‌یکات دژى به‌شێکى هاووڵاتیانى عیراقه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستانه‌ و چاوه‌رێى ئه‌وه‌ى لێناکه‌ى به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بکات، پێمانوایه‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌رێمى کوردستان و هاووڵاتیانیدا هه‌ست به‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌‌ بکات".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوونى کرده‌وه‌: "فڕۆکه‌خانه‌کان داده‌خه‌ن کێشه‌ بۆ کێ دروست ده‌بێت؟ بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ دروست ده‌بێت که‌ سه‌ردانى وڵاتان ده‌که‌ن و بارى ته‌ندروستییان باش نییه‌ و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌ که‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان بکات، به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ى پێده‌کرێت و ده‌یکات. له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆک ماکرۆن باسى هه‌موو شته‌کانمان کردووه‌، باسى بارودۆخى هه‌رێمى کوردستانمان کردووه‌، خودى بانگهێشتى جه‌نابى سه‌رۆک ماکرۆن بۆ سه‌ردانى شاندى هه‌رێمى کورستان، نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یه‌وێت ڕۆڵێک بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا بگێڕێت".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا ده‌رباره‌ى دۆخى دووزخورماتوو، نێچیرڤان بارزانى  ووتى "دووزخوورماتوو له‌ده‌ست ئێمه‌دا‌ نییه‌ تا بتوانین هیچى بۆ بکه‌ین. داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و جیهان ده‌که‌ین، یارمه‌تیى خورماتوو بده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى وڵاتانى دیکه‌ى هاوپه‌یمانیش، بێگومان گه‌ر داوه‌تمان بکه‌ن سه‌ردانى ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌که‌ین".



ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


به‌ تاوانی ژن بوون
توێژەری سیاسی یان عەبــە شەکەنە !؟
نێچرڤان بارزانى : گه‌لى کوردستان ئاشتیخوازه‌و کراوه‌ و به‌خشنده‌یه‌
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group