4
7 په‌رله‌مان چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌کى له‌باره‌ى شارى دووزخورماتوو و خه‌ڵکه‌ ئاواره‌که‌ى په‌سند کرد
7/12/2017
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز








په‌رله‌مانى کوردستان چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌کى له‌باره‌ى ره‌وشى شارى دووزخورماتوو و خه‌ڵکه‌ ئاواره‌که‌ى په‌سند کرد
هه‌موارى دووه‌مى پیاده‌کردنى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ به‌کۆى ده‌نگ په‌سند کرا
 
  پێشنیوه‌رۆى رۆژى 6 ى کانوونى یه‌که‌مى 2017، په‌رله‌مانى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تیى د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکى، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (2)ى ئاساییى خولى پایزه‌، ساڵى چواره‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.

سه‌ره‌تا سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ چوار خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌مى تایبه‌تبوو به‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌م پرۆژه‌ یاسایانه‌: پڕِۆژه‌ یاساى هه‌موارى یاساى هاتووچۆى ژماره‌ (86)ى ساڵى 2004 له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق. پڕِۆژه‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى کاروبارى پێکهاته‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق و پڕِۆژه‌ یاساى ده‌سته‌ى یه‌که‌ پزیشکییه‌ تایبه‌ته‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق و پڕِۆژه‌ یاساى هه‌موارى پێبژاردن (الغرامات) له‌ یاساى سزاکانى عێراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو. پڕِۆژه‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى پزیشکى له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق. پڕِۆژه‌ یاساى به‌رکارکردنى یاساى هه‌موارى بیسته‌مى یاساى میلاکات ژماره‌ (20)ى ساڵى 1960ى هه‌موارکراو. پڕِۆژه‌ یاساى زیاده‌ڕۆیى له‌سه‌ر موڵکى ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ پڕِۆژه‌ یاساى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى خێزان له‌ توندوتیژى ژماره‌ (8)ى ساڵى 2011 له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق.
 
خاڵى دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى دووه‌مى پیاده‌کردنى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵى 1979ى هه‌موارکراو، به‌پێى مادده‌کانى (75،74،72) له‌ په‌یرَه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو. خاڵى سێیه‌میش گفتوگۆیه‌کى کراوه‌ له‌سه‌ر ره‌وشى شارى دووزخورماتوو و گوزه‌رانى دانیشتووانه‌ کورده‌که‌ى که‌ ئێستا ئاواره‌ى ناوچه‌کانى کوردستان بوون، له‌سه‌ر داواى ژماره‌ى یاساییى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى کوردستان به‌پێى خاڵى 2/بڕگه‌ى دووه‌م له‌ مادده‌ى (54) له‌ په‌یرَه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو.
دوا خاڵیش بریتیبوو له‌ دانان و ئالوگۆڕکردنى ئه‌و ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزانه‌ له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌پێى مادده‌ى (44) له‌ په‌یرَه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو:

1 – زیادکردنى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (ئه‌یوب عه‌بوڵا ره‌سول) بۆ سه‌ر لیژنه‌ى (کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارى و ئاودێرى و به‌نداوه‌کان).
2 – پێشچاوخستنى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (به‌هزاد ده‌روێش ده‌روێش) له‌ لیژنه‌ى (ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن و هاوچه‌رخکردنى لادێ) و زیادکردنى به‌ڕێزیان بۆ سه‌ر لیژنه‌ى (کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی).
3 - پێشچاوخستنى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (به‌هار عه‌بولڕه‌حمان محه‌مه‌د) له‌ لیژنه‌ى (کاروبارى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی) و زیادکردنى به‌ڕێزیان بۆ سه‌ر لیژنه‌ى (مافى مرۆڤ).
4 - پێشچاوخستنى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (شیلان جه‌عفه‌ر عه‌لی) له‌ لیژنه‌ى (کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان) و زیادکردنى به‌ڕێزیان بۆ سه‌ر لیژنه‌ى (پێشمه‌رگه‌ و کاروبارى شه‌هیدان و قوربانییانى جینۆساید و زیندانییانى سیاسی) له‌ شوێنى ئه‌ندامى ده‌ستله‌کارکێشاوه‌ به‌ڕێز (ئارى هه‌رسین) له‌ لیژنه‌ى ناوبراو.
5 - زیادکردنى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (مسته‌فا ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د) بۆ سه‌ر لیژنه‌ى (ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینی).
6 - زیادکردنى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (گۆران مه‌حمود ئیسماعیل) بۆ سه‌ر لیژنه‌ى (وه‌رزش و لاوان) و لیژنه‌ى (پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌کان).
به‌ر له‌خستنه‌رووى به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌، له‌سه‌ر پێشنیازى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان، ئاڵوگۆر له‌ریزبه‌ندى هه‌ردوو خاڵى دووه‌م و چواره‌م کراو جێگۆرکێى بۆ شوێنى یه‌کدى پێکراو ئه‌م داوایه‌ش به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.
خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار که‌ تایبه‌تبوو به‌خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى هه‌شت پرۆژه‌ یاسا، دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌یان بۆ کرا که‌ بریتیبوون له‌ (پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى یاساى هاتووچۆى ژماره‌ (86)ى ساڵى 2004 له‌ هه‌رێم وپڕۆژه‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى کاروبارى پێکهاته‌کان و پڕۆژه‌ یاساى ده‌سته‌ى یه‌که‌ پزیشکییه‌ تایبه‌ته‌کان له‌ وپڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى پێبژاردن (الغرامات)، له‌ یاساى سزاکانى عێراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو و پڕِۆژه‌ یاساى ئه‌نجوومه‌نى پزیشکى و پڕۆژه‌ یاساى به‌رکارکردنى یاساى هه‌موارى بیسته‌مى یاساى میلاکات ژماره‌ (20)ى ساڵى 1960ى هه‌موارکراو و پڕِۆژه‌ یاساى زیاده‌ڕۆیى له‌سه‌ر موڵکى ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى خێزان له‌ توندوتیژى ژماره‌ (8)ى ساڵى 2011 له‌ هه‌رێمى کوردستان-عێراق)، له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانیشه‌وه‌ به‌پێى تایبه‌تمه‌ندیى پرۆژه‌ یاساکان هه‌ریه‌که‌یان ئاراسته‌ى لیژنه‌ى یاسایى و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و په‌رله‌مانتاران کرا بۆ ئه‌نجامدانى رێککاره‌ یاساییه‌کانی.
 
خاڵى دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌  دانان و ئالوگۆڕکردنى ژماره‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانتاران له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌پێى مادده‌ى (44) له‌ په‌یرَه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، دواى ئه‌وه‌ى به‌جیا هه‌ره‌یه‌که‌یان خرایه‌روو، به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران په‌سندکران.

سه‌باره‌ت به‌خاڵى سێیه‌می، بریتیبوو له‌ گفتوگۆیه‌کى کراوه‌ له‌سه‌ر ره‌وشى شارى دووزخورماتوو و گوزه‌رانى دانیشتووانه‌ کورده‌که‌ى که‌ ئێستا ئاواره‌ى ناوچه‌کانى کوردستان بوون، له‌سه‌ر داواى ژماره‌ى یاساییى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى کوردستان پێشکشه‌کرابوو. له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ ده‌رگاى گفتوگۆ کرایه‌وه‌و سه‌ره‌تا نامه‌ى ئیداره‌ى خورماتوو بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرایه‌وه‌ که‌ تێیدا ره‌وشى ئاواره‌کان و پێشڵکارییه‌کانى ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵکه‌ کراون له‌گه‌ڵ پێشنیازکردنى هاوکاریکردنى خه‌ڵکه‌که‌و گه‌راندنه‌وه‌یان باسکرابوون. هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و لیژنه‌ى مافى مرۆڤ، راپۆرتى تایبه‌ت به‌خستنه‌رووى راستییه‌کان و پیشاندانى به‌ڵگه‌و دۆکیومێنتى پێویست له‌باره‌ى پێشڵکارییه‌کان و قوربانیان بۆ په‌رله‌مانتاران خرانه‌روو. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک زۆریش له‌نوێنه‌رانى لیست و فراکسیۆنه‌کان وپێکهاته‌کانى په‌رله‌مان وپه‌رله‌مانتاران پێشنیازو هه‌ڵوێستییان له‌باره‌ى ئه‌و رووداوانه‌ى دووز خورماتوو ده‌ربڕی.

پاشان سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى دانیشتنه‌که‌ى هه‌ڵپه‌سارد، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداربن له‌کردنه‌وه‌ى پێشانگه‌ى تایبه‌ت به‌ نیشاندانى به‌ڵگه‌و دۆکیومێنته‌کان له‌باره‌ى تاوانه‌کانى به‌شێک له‌ملیشییاکانى حه‌شدى شه‌عبى که‌ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ ئه‌نجامدراون له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى حکومه‌تى هه‌رێم و ژماره‌یه‌ک له‌نوێنه‌رانى وڵاتان که‌ کۆنسوڵگه‌رییان له‌هه‌ولێر هه‌یه‌ پێشانگه‌که‌ کرایه‌وه‌.

دواتر له‌به‌شى دووه‌مى دانیشتنه‌که‌شدا، دواى وه‌رگرتنى راوبۆچوونى په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ى رووداوه‌کانى خورماتوو، سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌ردوو لیژنه‌کانى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و لیژنه‌ى مافى مرۆڤ راسپارد بۆ پوختکردنه‌وه‌و جێکردنه‌وه‌ى داواکارییه‌کانى ئیداره‌ى خورماتوو و خه‌ڵکى ناوچه‌که‌و گفتوگۆکانى په‌رله‌مانتاران له‌چوارچێوه‌ى چه‌ند بڕیارو راسپارده‌یه‌ک پوخت بکه‌نه‌وه‌.
 
پاشان سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان به‌رده‌وامى به‌دانیشتنه‌که‌دا و دواخاڵى به‌رنامه‌ى کاریش خرایه‌روو، که‌ تایبه‌تبوو به‌گفتوگۆکردنى پڕِۆژه‌ یاساى هه‌موارى دووه‌مى پیاده‌کردنى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵى 1979ى هه‌موارکراو، به‌پێى مادده‌کانى (75،74،72) له‌ په‌یرَه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو. دواى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌سڵى پرۆژه‌ یاسکه‌و راپۆرتى هاوبه‌شى لیژنه‌ى یاسایى و شاره‌وانییه‌کانى په‌رله‌مان، برگه‌و مادده‌کانى ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خوێندرانه‌وه‌و راپۆرتى هاوبه‌ش بووه‌ بنه‌ماى ده‌نگدان و گفتوگۆکان.

به‌پێى راپۆرتى هاوبه‌شى لیژنه‌ى یاسایى و شاره‌وانییه‌کانى په‌رله‌مان، پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى دووه‌مى پیاده‌کردنى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵى 1979ى هه‌موارکراو له‌ هه‌شت مادده‌ پێکهاتبوو. مادده‌ى یه‌که‌مى تایبه‌تبوو به‌ هه‌موارى مادده‌ى سێیه‌م له‌ یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵى 1979ى هه‌موارکراو و باس له‌شێوازى گرێبه‌سته‌کان ده‌کات و هیچ گۆرانکارییه‌کى ئه‌وتۆى تێدا نه‌کراو به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا. مادده‌ى دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌ئه‌رکى دادگاکان له‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى دۆسییه‌کان به‌پێى مادده‌ى یه‌که‌مى پرۆژه‌که‌و ئه‌مه‌ش وه‌کو خۆى به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.
مادده‌ى سێیه‌میش تایبه‌تبوو به‌ رێککاره‌ یاسایى و دادوه‌رییه‌کان و ئه‌مه‌ش وه‌کو خۆى په‌سندکردنى به‌کۆى ده‌نگ بوو. مادده‌ى چواره‌میش تایبه‌تبوو به‌دیاریکردنى رێژه‌ى وه‌رگرتنى کرێیه‌کان و وه‌کو خۆى به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

مادده‌کانى پێنجه‌م تا هه‌شته‌مى پرۆژه‌که‌ش تایبه‌تبوو به‌حوکمه‌ کۆتاییه‌کان له‌گه‌ڵ هۆکاره‌کانى ده‌رچوون و به‌جیا ده‌نگدانه‌وه‌و به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکران و دواتر کۆى پرۆژه‌ یاساکه‌ خرایه‌ده‌نگدانه‌وه‌و ئه‌ویش به‌کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.
 
دواى ته‌واوبوونى خاڵه‌کانى به‌رنامه‌ى کاریش، هه‌ردوو لیژنه‌کانى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و لیژنه‌ى مافى مرۆڤ کۆى داواکارییه‌کانى ئیداره‌ى خورماتوو و خه‌ڵکى ناوچه‌که‌و گفتوگۆکانى په‌رله‌مانتاران له‌چوارچێوه‌ى چه‌ند بریارو راسپارده‌یه‌ک پوختکردوه‌، که‌ له‌هه‌شت خاڵ پێکهاتبوو تێیدا هاتووه‌: پێویسته‌ لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رو رۆژانى دوایى که‌ له‌خورماتوو روویداون دروست بکرێت و پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم بودجه‌یه‌کى تایبه‌ت ته‌رخان بکات بۆ دابینکردنى پێداویستییه‌کانى خه‌ڵکى ئاواره‌بووى ناوچه‌که‌و قوربانیانیش به‌شه‌هید هه‌ژمار بکرێن و هه‌روه‌ک په‌رله‌مان حکومه‌تى هه‌رێم راده‌سپێرێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌و دۆکیومێنتکردنى سه‌رجه‌م تاوانه‌کان و ناردنیان بۆ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و یوئێن. له‌خاڵێکى دیکه‌ داوا له‌حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات سکالا دژ به‌تاوانه‌کان به‌پێى مادده‌ ده‌ستوورییه‌کان له‌مه‌حکه‌مه‌ى ئیتیحادى تۆمار بکات و هه‌روه‌ک داواش له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات به‌هاناى ئاواره‌کان بچن و رێگه‌ به‌مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى نه‌درێت و ئیداره‌ى هاوبه‌ش دروست بکرێت بۆ به‌رێوه‌بردنى ئه‌و ناوچانه‌. 

هه‌روه‌ها په‌رله‌مانى کوردستان داوا له‌حکومه‌تى عیراقى ده‌کات کۆتایى به‌و پێشلکاریى و تاوانانه‌ بهنێت و سه‌رجه‌م ئه‌و بریاره‌ کارگێڕییانه‌شى دواى ئه‌م رووداوانه‌ دراون هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌. 

ئه‌م راسپارده‌و بریارانه‌ى په‌رله‌مان که‌ له‌هه‌شت خاڵ پێکهاتبوون، به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و په‌سند کران. 


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


به‌ تاوانی ژن بوون
توێژەری سیاسی یان عەبــە شەکەنە !؟
نێچرڤان بارزانى : گه‌لى کوردستان ئاشتیخوازه‌و کراوه‌ و به‌خشنده‌یه‌
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group