هاوڵاتیان له‌مه‌ترسى چه‌ند ده‌رمانێک ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌

12/10/2017 11:37:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







 ئه‌و ده‌رمانانه‌ى بۆ له‌ناوبردنى مێروو له‌ماڵاندا به‌کار ده‌هێنرێت، له‌ کۆمه‌ڵێک پێکهاته‌ى کیمیایى دروستده‌کرێت که‌ مه‌ترسى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌کانى شێرپه‌نجه‌ى لێ ده‌کرێت، و سه‌رۆکى لیژنه‌ى نوسینگه‌ کشتوکاڵیه‌کان رایده‌گه‌یه‌نێت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێکى زۆردا گرتووه‌.

 بێستون علی، سه‌رۆکى لیژنه‌ى نوسینگه‌ کشتوکاڵیه‌کانى سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ووتی: رۆژانه‌ سه‌ردانى نوسینگه‌ و کۆمپانیا و خانووه‌ پلاستیکه‌یه‌ کشتوکاڵیه‌کان ده‌که‌ن و پشکنینى بۆ ئه‌و ده‌رمانانه‌ ده‌که‌ن له‌ کشتوکاڵکردن یاخوود بۆ له‌ناوبردنى مێروو به‌کارده‌هێنرێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌که‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕێکى زۆر ده‌رمانى له‌ناوبردنى مێروودا گیراوه‌.

 سه‌رۆکى لیژنه‌که‌ وتیشی: یه‌کێک له‌و مادده‌ مه‌ترسیدارانه‌ى له‌ دروستکردنى ده‌رمانى قڕکه‌ردا به‌کار ده‌هێنرێت (پایپه‌رماپین)ه‌، و لیژنه‌که‌ ده‌ستى به‌سه‌ر برێکى زۆر ده‌رماندا گرتووه‌ که‌ رێژه‌یه‌کى زۆر له‌و مادده‌ ژه‌هراویه‌ له‌ پێکهاته‌یدا هه‌یه‌، کۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌که‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق تۆمارنه‌کراوه‌، و به‌رهه‌مه‌کانیان جێى مه‌ترسیه‌، له‌به‌رئه‌مه‌ش قه‌ده‌غه‌کراوه‌ و رێگرى له‌ کڕین و فرۆشتنى ده‌کرێت.

 سه‌رۆکى لیژنه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌ ئه‌وه‌کرد که‌: پێشتر له‌لایه‌ن لیژنه‌که‌وه‌ ئاگادارى سه‌جه‌م نوسینگه‌ و کۆمپانیا کشتوکاڵیه‌کان کراونه‌ته‌وه‌ له‌ هاورده‌نه‌کردن و نه‌فرۆشتنى ئه‌و مادده‌ مه‌ترسیدارانه‌‌، ئه‌و بڕشی ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌کانیشیان رووبه‌رووى یاسایى ده‌کرێنه‌وه‌.

 پایپه‌رماپین، به‌ دوو شێوه‌ مرۆڤ به‌کارى ده‌هێنێت، به‌شێکى راسته‌وخۆ له‌ماڵه‌کاندا وه‌ک ده‌رمانى له‌ناوبردنى مێروو به‌کارده‌هێنرێت و به‌شه‌که‌ى تر به‌شێوه‌یه‌کى لاوه‌کى و له‌ڕێى سه‌وزه‌و میوه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ و له‌ئه‌گه‌رى به‌کارهێنانیشی ده‌بێته‌ هۆى له‌ده‌ست دانى به‌هاى خۆراکى به‌رهه‌مه‌کان و زیانێکى زۆر به‌ ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.


زۆرترین خوێندراو