نێچیرڤان بارزانى و باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا بارودۆخى ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

12/11/2017 3:34:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/ى کانوونى یه‌که‌مى 2017 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ سیریل نان، باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق و شاندێکى دیپلۆماسیى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا دوا پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ و که‌مبوونه‌وه‌ى گرژییه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌کان، باس کران. له‌مباره‌یه‌وه‌ سیریل نان ، جه‌ختى له‌ پێویستیى بوونى دیالۆگێکى جددى له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرده‌وه‌ و پاڵپشتیى خۆیشى بۆ حکوومه‌تێکى به‌هێز له‌ هه‌رێمى کوردستان نیشان دا.

هه‌روه‌ها سوپاسى خه‌ڵک و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى کرد بۆ به‌رگه‌گرتنى ئه‌و بارقورسیه‌ى له‌سه‌ریه‌تی، به‌تایبه‌تى دواى هاتنى ژماره‌یه‌کى یه‌کجار زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر بۆ هه‌رێمى کوردستان و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌ڵمانیا له‌ ڕێگه‌ى ڕێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانییه‌وه‌‌ و به‌ هه‌ماهه‌نگیى له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌ هاوکاریکردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ڕۆڵى حکومه‌ت و ڕێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کانى ئه‌ڵمانیاى کرد که‌ له‌ هاوکاریکردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر له‌ هه‌رێمى کوردستاندا ڕۆڵێکى به‌رچاویان گێڕاوه‌ و هیواى خواست له‌سه‌ر کاره‌کانیان به‌رده‌وام بن.

ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، هیواى خواست ئه‌ڵمانیا ڕۆڵى خۆى بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان بگێڕێت و به‌ پێویستى زانى به‌پێى ده‌ستوور، به‌غدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکات. 

دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت هۆکاره‌کانى سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌لایه‌ن حکوومه‌تى فیدراڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن تاکو جارێکى دیکه‌ توندوتیژى سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌.

تاوتوێکردنى بارودۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕه‌وشى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، لایه‌نێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌ بوو.



زۆرترین خوێندراو