تێرێزا مه‌ى پشتگیریى به‌ریتانیا بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان دووپات ده‌کاته‌وه‌

12/12/2017 5:03:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنى له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا خاتوو تێڕێزا مه‌ى ـ یه‌وه‌ پێگه‌یشت که‌ تیایدا پشتگیریى به‌ریتانیاى بۆ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و دابینکردنى مافه‌کانى گه‌لى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا دووپات کرده‌وه‌. هه‌روه‌ها گوتى به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى کاته‌وه‌، له‌ دوا سه‌ردانمدا بۆ عێراق نه‌متوانى سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان بکه‌م.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ‌12ى کانوونى یه‌که‌مى 2017 له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا خاتوو مه‌ى، ڕایگه‌یاند وڵاته‌که‌ى هه‌وڵ ده‌دات بۆ نزیککردنه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا تاکو له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانیان دیالۆگ ده‌ست پێبکه‌ن، هه‌روه‌ها هیواى خواست له‌سه‌ر پرسى ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق  بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێک و له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بکرێنه‌وه.

سه‌رۆک وه‌زیرانى به‌ریتانیا، وێڕاى پشتگیرى له‌ به‌ره‌وپێشچوون و پرۆسه‌ى دیموکراسى له‌ هه‌رێمى کوردستان، جه‌ختى کرده‌وه‌ وڵاته‌که‌ى له‌و هاوکارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت که‌ پێشتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان هه‌یبووه‌، خواستى به‌ریتانیاشى بۆ به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ په‌یوندییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانى بانگهێشتى له‌نده‌ن کرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیکه‌وه‌ دۆخه‌که‌ تاوتوێ بکه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى سه‌رۆک وه‌زیران خاتوو مه‌ى کرد بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ و بانگهێشتى بۆ سه‌ره‌دانى به‌ریتانیا، دووپاتیشى کرده‌وه‌ کو هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور کێشه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بکات، هه‌روه‌ها داواى کرد به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ڕۆڵى خۆى بگێڕێت و هاوکار بێت بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ تاکو زه‌مینه‌ بۆ دیالۆگێکى جددى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خۆش بکرێت.

نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ دۆخى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى کوردستان و عێراق کرد به‌تایبه‌تیش کێشه‌ى بودجه‌ و دۆخى دارایى و پێویستیى دابینکردنى مافى ده‌ستووریى هه‌رێمى کوردستان له‌ بودجه‌ى عێراقدا. ده‌رباره‌ى پرسى ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌کانیش، ئاماده‌ییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى و کارى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵى عێراق به‌پێى ده‌ستوور، ده‌ربڕى.



زۆرترین خوێندراو