4
7 نێچیرڤان بارزانی: هێنانى کۆمپانیاى دیلۆیت بۆ زیاتر شه‌فافکردنى پرۆسه‌ى نه‌وت و غازه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان
9/1/2018
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







دواى کۆبوونه‌وه‌ى رۆژى دووشه‌ممه‌ 8ى کانوونى دووه‌مى 2018ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌که‌یدا نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، تیشکى خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌ و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌وه‌‌.

سه‌ره‌تا له‌ وته‌یه‌کدا ووتى "ئه‌مڕۆ ئێمه‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانمان هه‌بوو، ته‌وه‌رى سه‌ره‌کیى کۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسى وردبینى له‌ پرۆسه‌ى نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمى کوردستان بوو. به‌پێى یاساى نه‌وت و غاز که‌ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان ده‌رچووه‌، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى پابه‌ند کردووه‌ که‌ پێویسته‌ وردبینى له‌ کۆى پرۆسه‌ى ده‌رهێنان و هه‌نارده‌کرن و فرۆشتنى نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمى کوردستان بکات. به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ ئێمه‌ شوباتى 2016 له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌مان ده‌رکردووه‌ و ئێمه‌ى پابه‌ند کردووه‌ که‌ کۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تیى بوارى وردبینى بهێنینه‌ هه‌رێمى کوردستان و وردبینیى ته‌واو له‌و پرۆسه‌یه‌دا بکه‌ن. ئه‌مڕۆ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌توانم ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نم که‌ له‌پێناو شه‌فافیه‌ت له‌ هه‌رێمى کوردستاندا و وردبینیکردن له‌ پرۆسه‌ى ده‌رهێنان و هه‌نارده‌کرن و فرۆشتنى نه‌وت، ئێمه‌ هه‌نگاوێکى زۆر گرنگمان جێبه‌جێ کردووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوو کۆمپانیاى ئه‌و بواره‌مان هێناوه‌ته‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ یه‌که‌میان کۆمپانیاى (دیلۆیت) و ئه‌وى دیکه‌شیان کۆمپانیاى (ئێرنستینگ)ه‌ که‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستاندا کارى وردبینى ده‌که‌ن و دوو کۆمپانیاى زۆر گرنگن و له‌ جیهان ناسراون و به‌پێى ئه‌و ته‌نده‌ره‌ى که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان کراوه‌، ئه‌م کاره‌ جێبه‌جێ کراوه‌".

له‌ به‌رده‌وامیى وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد "ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز جێبه‌جێ کراوه‌، نه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان و نه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى نه‌وت و غازى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ جێبه‌جێ کراوه‌. ده‌مه‌وێ لێره‌ سوپاسى سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و غاز به‌ڕێز‌ د. ئامانج ڕه‌حیم و ئه‌وانه‌ى کار له‌گه‌ڵى ده‌که‌ن بکه‌م، که‌ هه‌ر له‌ ڕۆژى یه‌که‌مه‌وه‌ به‌ خه‌مخۆرییه‌وه‌ کارى جددیان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ کرد تا گه‌یاندیانه‌ ئه‌مڕۆ. هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌و کادره‌ گه‌نجانه‌ و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان ده‌که‌م که‌ یارمه‌تیده‌ر بوون له‌م پرۆسه‌یه‌دا، هه‌روه‌ها سوپاسى کۆمپانیاى دیلۆیتیش ده‌که‌م که‌ زۆر به‌ وردبینییه‌وه‌ کارى وردبینییه‌که‌یان ته‌واو کردووه‌. ئێمه‌ هه‌موو وردبینیى ئه‌و ڕاپۆرته‌ له‌گه‌ڵ په‌ر‌له‌مانى کوردستان له‌ ڕۆژانی داهاتوودا باس ده‌که‌ین و له‌گه‌ڵیان ڕێککه‌وتووین به‌رله‌وه‌ى ژماره‌کان بڵاو بکرێته‌وه،‌ له‌گه‌ڵیان باسى ده‌که‌ین و دواتر هه‌موو ئه‌و ژماره‌ و ورده‌کارییانه‌ى له‌ ڕاپۆرتى دیلۆیتدا هاتووه‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان و ڕاى گشتى بڵاوى ده‌که‌ینه‌وه‌. پرۆسه‌یه‌کى زۆر گرنگ بووه‌ و وردبینییه‌کى زۆر ورد له‌مباره‌یه‌وه‌ کراوه‌ که‌ به‌ ڕاستى ئه‌مه‌ جێگه‌ى خۆشحاڵییه‌. هه‌روه‌ک گوتم هه‌نگاوێکى زۆر گرنگه‌ له‌ به‌شه‌فافیه‌تکردنى پرۆسه‌ى نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێک بووه‌ زۆر جێگه‌ى پرسیار بووه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکى کوردستان و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو که‌سێکه‌وه‌، پێموایه‌ دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ئه‌مڕۆ پێیگه‌یشتین، هه‌نگاوێکى تا بڵێى گرنگ له‌ پرسى شه‌فافیه‌ت له‌م بواره‌دا نرا".

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند "هه‌روه‌ک خۆتان ئاگادارن و له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌کانى پێشتریش ئاماژه‌م پێکرد، له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ لیژنه‌ بۆ پرسى مووچه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌ده‌ و ته‌ندروستى دوست کراوه‌ و لێره‌ش گوتم ئاماده‌ین هه‌موو ئاسانکارى و هاوکارییه‌ک بکه‌ین ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستى به‌غدا نیازى هه‌بێت مووچه‌کان بدات، لیژنه‌کانى نێوان ئێمه‌ و به‌غدا باسى ئه‌و بابه‌ته‌یان کردووه‌ و قسه‌یان له‌سه‌ر کردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ مووچه‌یه‌ک له‌ به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمى کوردستان و هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌ بگاته‌ ئه‌نجام و مووچه‌ى ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ و وه‌زاره‌ته‌کانى دیکه‌ش له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان بنێردرێت. ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ به‌غدا پاره‌ى جووتیارانى خه‌رج کردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌ به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ نزیکه‌ى 700 ملیارد دینار قه‌رزدارى جوتیارانى هه‌رێمى کوردستانه‌".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ ڕاگه‌یاندنى وردبینیى ئه‌و دوو کۆمپانیا بیانییه‌ و دروستکردنى ئیحراجى بۆ به‌غدا‌ و بڕیارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنى کاره‌کانى کۆمپانیاى کار له‌ کێڵگه‌کانى که‌رکووک و ڕاپه‌ڕاندنى کاره‌کان له‌لایه‌ن کۆمپانیاى سۆمۆوه‌، سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند "ئه‌و کاره‌ى ئه‌مڕۆ کردوومانه‌ بۆ ئیحراجى هیچ که‌سێک نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى کردوومانه‌ زیاتر بۆ شه‌فافیه‌ت بووه‌ له‌ پرۆسه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستاندا و ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا گرنگى به‌و بابه‌ته‌ ده‌دات و ده‌یه‌وێت ئاگادارى ژماره‌کان بێت و بزانێت چیمان کردووه‌؟ ئێمه‌ ئاماده‌ین په‌رله‌مانى عێراق بێت، یان حکوومه‌تى به‌غدا بێت، هه‌ر کامێکیان بێت هه‌موو داتا و شته‌کان بخه‌ینه‌ به‌رده‌ستیان، چونکه‌ ویستوومانه‌ ئه‌وپه‌ڕى شه‌فافیه‌تمان هه‌بێت له‌ پرۆسه‌ى نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمى کوردستاندا و ئاماده‌ین پیشانیان بده‌ین ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بیبینن. سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ى که‌ داویانه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ بڕیارێکى ته‌واو له‌ جێگه‌ى خۆى نییه‌، هه‌ر کۆمپانیایه‌ک ئه‌م کارانه‌ ده‌کات کۆمپانیاى که‌رتى تایبه‌ته‌ و پێموایه‌ پێویست ناکات په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و بڕیاره‌ بدات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ به‌ بڕیارێکى دیکه‌ى په‌رله‌مانى عێراق خۆشحاڵین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڕیاریان داوه‌ لیژنه‌یه‌ک بۆ پرسى دووزخورماتوو دروست بکه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕاست بێت و ئه‌نجام بدرێت، هه‌نگاوێکى گرنگ ده‌بێت، چونکه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراقیش ئه‌و بابه‌ته‌ و ئه‌و پێشێلکارییانه‌ى ده‌کرێته‌ سه‌ر موڵک و ماڵ و گیانى خه‌ڵک له‌ دووزخورماتوو، ده‌بێت به‌ جددى هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بکرێت و لێکۆڵینه‌وه‌ى ته‌واو له‌و پێشێلکارییانه‌ بکرێت که‌ تا ئێستا له‌و سنووره‌ ئه‌نجامدراون".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌ ئایا دیلۆیت وردبینى له‌و بڕه‌ نه‌وته‌شدا ده‌کات که‌ پێش ساڵى 2017 له‌لایه‌ن هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ فرۆشراوه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى کارى داهاتووى ئه‌م کۆمپانیایانه‌ و وه‌ڵامى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ نامه‌که‌ى سه‌رکۆمارى عێراق سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، نێچرڤان بارزانى ئاشکراى کرد "ئه‌و وردبینییه‌ى ئێستا کۆمپانیاى دیلۆیت ئه‌نجامى داوه‌، شه‌ش مانگى یه‌که‌مى ساڵى 2017یه‌. گرێبه‌ستى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دیلۆیت ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ وردبینى له‌ بابه‌تى نه‌وتدا بکه‌ن، به‌ڵکو گرێبه‌سته‌که‌مان له‌گه‌ڵیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ له‌ مانگى 5ى ساڵى 2014 هه‌نارده‌ى نه‌وتمان ده‌ستیپێکردووه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌ مانگى 2ى هه‌مان ساڵ به‌ بڕیارێک له‌ به‌غداوه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان بڕدرا، پرۆسه‌ى وردبینى له‌ نه‌وت و غاز له‌ مانگى 5ى 2014ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ ئێستا ئاماده‌یه‌ شه‌ش مانگى یه‌که‌مى ساڵى 2017یه‌ و بڵاو ده‌کرێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى دیکه‌ش وردبینى ده‌کرێت، وردبینى له‌ هه‌موو پاڵاوگه‌کانى کوردستان و ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌کرێت که‌ وه‌رگیراوه‌ و کاتى خۆى پێى ده‌گوترا شیرینی، ئه‌وانه‌ هه‌موو وردبینى ده‌کرێت و هه‌مووشى بۆ خه‌ڵکى کوردستان و جیهان و عێراق بڵاوده‌کرێته‌وه‌. به‌ڵێ نامه‌ى جه‌نابى سه‌رۆک کۆمار به‌ ده‌ستى ئێمه‌ گه‌یشتووه‌ و وه‌ڵامى نامه‌که‌مان داوه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ییى خۆشمان ده‌ربڕیوه‌ ئه‌م دانوستانانه‌ ده‌ستپێبکه‌ین، هه‌رکاتێک به‌غدا ئاماده‌بێت ئێمه‌ش ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق له‌سه‌ر داهاتى تایبه‌ت به‌ هه‌نارده‌کردنى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان که‌ به‌ ووته‌ى ئه‌و، به‌شى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌کات، نێچیرڤان بارزانى ووتی: "لیست و ژماره‌کان دیارن، ئێمه‌ش به‌ ژماره‌ وه‌ڵاممان داوه‌ته‌وه‌ که‌ ئایا ئه‌مه‌ به‌ش ده‌کات یان به‌ش ناکات. هیوادارین ئه‌م وردبینییه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن کۆمپانیاى جیهانیى وردبینیى (دیلۆیت)ه‌وه‌ کراوه‌، بتوانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌و پرسه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا هه‌یه‌ و ئه‌وانیش بگه‌نه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى که‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌مانه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌شى هه‌موو مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ناکات. ئێمه‌ ئامارمان له‌به‌ر ده‌سته‌ و ئاماده‌ین ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت وردبینى بکه‌ن له‌ هه‌موو ئه‌و ئامارانه‌ى که‌ هه‌مانه‌، با بێن ئه‌و باوه‌ڕه‌یان بۆ دروست بێت، ئه‌وه‌ى له‌به‌ر ده‌ستى ئێمه‌یه‌ به‌شى هه‌موو مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ناکات".

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى که‌ ئایا پارتى و یه‌کێتى ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر دانانى پارێزگارێکى نوێ بۆ که‌رکووک، ووتی: "له‌ کۆبوونه‌وه‌ى دوێنیێ نێوان پارتى و یه‌کێتیدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ کراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ هیچ ئه‌نجامێک، بڕیار وایه‌ کۆبوونه‌وه‌ى دیکه‌ به‌دوایدا بێت".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆى سه‌ردانى بۆ تورکیا، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاشکراى کرد: "په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و تورکیا، به‌ڵام تا ئێستا واده‌یه‌ک ده‌ستنیشان نه‌کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ سه‌ردانى تورکیا بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندى و قسه‌کردنه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و تورکیا به‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و هیوادارین بگاته‌ ئه‌وه‌ى که‌ دانیشتنیش بکرێت له‌گه‌ڵ تورکیا و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌نێوان ئێمه‌ و تورکیادا هه‌بووه‌ ئاسایى بکرێته‌وه‌. بۆ هه‌رێمى کوردستان، تورکیا وڵاتێکى گرنگه‌ و هه‌رێمى کوردستان خوازیاره‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشى له‌گه‌ڵ دراوسێکانى هه‌بێت".

ده‌رباره‌ى پرسى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمى کوردستانیش، ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد: "تا ئێستا نه‌مبیستووه‌ هیچ لایه‌نێک باس له‌وه‌ بکات که‌ نایه‌وێت هه‌ڵبژاردن بکرێت. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن دانیشتنمان کردووه‌ و ئه‌وان ڕوون بوون له‌وه‌ که‌ ئه‌و پێداویستیییانه‌ى پێویستیان پێیه‌تى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و داوایان کردووه‌، ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌و پێداویستییانه‌یان بۆ جێبه‌جێ ده‌که‌ین. واده‌ى هه‌ڵبژاردنیش، بڕیار وایه‌ کۆمسیۆن و حکوومه‌ت و په‌رله‌مان دابنیشین و ڕۆژى هه‌ڵبژاردن دیارى بکه‌ین. هیوادارین له‌ هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ بکه‌ین و بتوانین ڕۆژى هه‌ڵبژاردن دیارى بکه‌ین. هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌موو لایه‌ک گرنگه‌، بۆ شه‌رعییه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان، بۆ هه‌موو لایه‌کمان و هه‌روه‌ها بۆ ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ى که‌ ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌، بابه‌تى هه‌ڵبژاردن زۆر گرنگه‌ و ده‌بێ بکرێت".

سه‌باره‌ت کۆبوونه‌وه‌یه‌کى په‌رله‌مانى به‌ریتانیا ده‌رباره‌ى تاوتوێکردنى ڕووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌رى که‌رکووک و ناوچه‌کانى دیکه‌، نێچیرڤان بارزانى ووتى "تا ئێستا بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ بانگهێشتى ئێمه‌ نه‌کراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داوا بکرێت، ئاماده‌ین نوێنه‌ر بنێرین بۆ کۆبوونه‌وه‌که‌ بۆ هه‌موو ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ ئامار و داتاکان له‌سه‌ر نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا "ئه‌و ئامارانه‌ هى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نییه‌، ئه‌و ئامارانه‌ هى ئه‌و کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییانه‌ن که‌ ئه‌و ئامارانه‌یان پێشکه‌ش کردووه‌، ئه‌و کۆمپانیایانه‌ش نه‌ بۆ ئێمه‌ و نه‌ بۆ به‌غدا و هیچ لایه‌ک ئاماده‌ نین ڕأستى نه‌ڵێن، چونکه‌ سه‌رمایه‌ى ئه‌و کۆمپانیایانه‌ له‌وه‌ دایه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت به‌وپه‌ڕى شه‌فافییه‌ته‌وه‌ کاره‌کانى خۆیان بکه‌ن و هیوادارم ئه‌و وردبینییه‌ى که‌ کراوه‌ ببێته‌ هۆى نزیکبوونه‌وه‌ى ئێمه‌ و به‌غدا له‌و پرسه‌ى که‌ هه‌یانه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ و چۆنیه‌تیى هه‌نارده‌کردنى نه‌وت".

له‌سه‌ر پرسى هه‌وڵى به‌غدا بۆ به‌عه‌ره‌بکردنى که‌رکووک و ناوچه‌کانى دیکه‌، سه‌رۆک وه‌زیران باسى له‌وه‌ کرد "ته‌عریبکردن زۆر پرسێکى گرنگه‌ و زۆر به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌که‌ین و پێمان وایه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌بێته‌ هۆکارى دروستبوونى ئاڵۆزیى زیاتر له‌و ناوچانه‌ و هیوادارین به‌غدا زۆر به‌ جددى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ بکات و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ نه‌درێت، چونکه‌ بێگومان ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌، چاره‌سه‌ره‌که‌ى زۆر ڕوونه‌، نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک هه‌یه‌، مادده‌یه‌کى ده‌ستوورى هه‌یه‌، پێم وایه‌ باشتره‌ بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ که‌ چۆن ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییه‌ که‌ ده‌ستوورى عێراقه‌ و هه‌موو گه‌لى عێراق ده‌نگى بۆ داوه‌، جیبه‌جێ بکرێت".

له‌ له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا سه‌باره‌ت به‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا "باشتره‌ کۆمسیۆن خۆى وه‌ڵامى ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ بداته‌وه‌ له‌سه‌ر بوونى ناوى دووباره‌ و پاککردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران هه‌یه‌. کۆمسیۆن له‌ کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ باسى له‌وه‌ کردووه‌ که‌ هه‌ندێ لیستى تۆمارى ده‌نگده‌رانیان پاک کردووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامیش کاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌، کۆمسیۆنیش ته‌نیا له‌ یه‌ک لایه‌ن پێک نه‌هاتووه‌، هه‌موو لایه‌نه‌کانى تێدایه‌، لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان نوێنه‌ریان هه‌یه‌ و هه‌مووشیان ئه‌وه‌یان دووپات کردۆته‌وه‌ که‌ پێشکه‌وتنێکى زۆر باش له‌ پاککردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران کراوه‌. ئه‌و لایه‌نه‌ش که‌ ده‌توانێت قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ژمارانه‌ بکات که‌ من یه‌که‌مجاره‌ گوێم لێ ده‌بێت (900) هه‌زار ناوى دووباره‌ هه‌بێت، کۆمسیۆن ده‌بێ وه‌ڵام بداته‌وه‌ و که‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش دانیشتن، کۆمسیۆن ئه‌و ژماره‌ خه‌یاڵییه‌یان لا نه‌بوو، پێشم وانییه‌ ئه‌و ژمارانه‌ ڕاست بن".

سه‌باره‌ت به‌ پرسى ڕیفراندۆمیش، نێچیرڤان بارزانى ڕوونى کرده‌وه‌ "پیشتر قسه‌ى خۆمان کردووه‌ و پێویست ناکات دووباره‌ى بکه‌ینه‌وه‌".

له‌ کۆتاییى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ گوایه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى نێوان پارتى و یه‌کێتیدا باس له‌ دروستکردنى لیستێکى هاوبه‌ش کراوه‌ بۆ به‌شدارى له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان، ڕه‌تیکرده‌وه‌ که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ لیستێکى هاوبه‌ش کرابێت بۆ به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتى "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا پێشنیارێک کرا که‌ ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستانى به‌ یه‌ک لیست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق پێکه‌وه‌ دابه‌زین، ئه‌مه‌ زۆر باش ده‌بێت بۆ داواکاریى هه‌رێمى کوردستان به‌گشتى به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا وه‌کو پێشنیارێک باس کراوه‌، ئێمه‌ش پێمان باش بوو بیر له‌ شتێکى وا بکرێته‌وه‌ له‌ عێراق و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى کوردستان باس له‌وه‌ نه‌کراوه‌".


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


توند و تێژی دژ به‌ژنان برینێکی سارێژ نه‌بوو
ئه‌گه‌ر ئه‌زانن خه‌ونه‌ .... بۆچى ڕامان ئه‌چڵه‌کێنن
دروشمى حزبه‌کان له‌ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانى کوردستان چى ده‌بێت ؟
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group