نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى گه‌یشتنه‌ تاران

1/20/2018 5:22:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز








‎دواى کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق له‌ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تیى شاندێک گه‌یشته‌ تاران.

‎سه‌ردانه‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ تاران له‌ درێژه‌ى هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌کانییه‌تى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌دواى گشتپرسیى باشوورى کوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیى و هێرشى سوپا و حه‌شدى شه‌عبى بۆ که‌رکووک و ده‌وروبه‌رى له‌ 16 ى ئۆکتۆبه‌ردا.

هه‌ریه‌ک له‌ قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکوه‌زیران و د.فوئاد حوسێن، سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان یاوه‌رى نێچیرڤان بارزانین و رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 21-1-2018 کۆمه‌ڵێک دیدار و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى ئێران ئه‌نجامده‌ده‌ن.

کونسوڵخانه‌ى کۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ هه‌ولێر راگه‌یێندراوێکى له‌باره‌ى سه‌ردانه‌که‌ بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌: "نێچیرڤان بارزانى له‌ درێژه‌ى هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌کانى و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیکه‌ به‌مه‌به‌ستى تاوتوێکردنى پرسه‌ سیاسی، ئابووری، ئه‌منى و کولتوورییه‌کان سه‌ردانى تاران ده‌کات و سبه‌ى یه‌کشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئێران کۆده‌بێته‌وه‌".

کونسوڵخانه‌ى ئێران سه‌ردانى سه‌رۆکوه‌زیرانى کوردستان بۆ ئه‌و وڵاته‌ به‌ گرنگ ناوده‌بات و رایده‌گه‌یه‌نێت: "سه‌فه‌رى ئه‌و شانده‌ که‌ یه‌که‌مین سه‌ردانه‌ له‌دواى گشتپرسى و دژایه‌تى حکومه‌ت و دادگاى فیدراڵى عێراق بۆ گشتپرسییه‌که‌، به‌ ئه‌رێنى داده‌نرێت".

رۆژى شه‌ممه‌ 20ى کانوونى دووه‌مى 2018، نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى به‌ سه‌ردانێک گه‌یشتنه‌ به‌غدا و بۆ یه‌که‌مجار له‌دواى گشتپرسى له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کۆبوونه‌وه‌. نووسینگه‌ى عه‌بادى راگه‌یێندراوێکى له‌باره‌ى سه‌ردانه‌که‌ بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، هه‌ردوولا کۆکبوون له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌پێى ده‌ستوور. 


زۆرترین خوێندراو