نێچیرڤان بارزانى و عه‌لى لاریجانى فراوانکردنى گفتوگۆکانى هه‌ولێر و به‌غدا دووپات ده‌که‌نه‌وه‌

1/22/2018 4:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 







نێچیرڤان بارزانى و عه‌لى لاریجانى جه‌ختان له‌ بره‌ودان به‌په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌هه‌موو بواره‌کاندا کرده‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا پێشوه‌چوونى زیاتر به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن.

له‌ چوار‌چێوه‌ى سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ تاران، ئێواره‌ى دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ 21 ى کانوونى دووه‌مى 2018 شاندى باڵاى هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌لایه‌ن عه‌لى لاریجانى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه‌ پێشوازى کرا.

له‌ دیدارێکدا لاریجانى دۆستایه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌ دێرینه‌کانى نێوان هه‌ردوو گه‌لى کوردستان و ئێرانى دووپات کرده‌وه‌ و نیگه‌رانیى خۆى به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕووداو و بارگرژیانه‌ ده‌ربڕى که‌ له‌م دواییانه‌دا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هاتنه‌ ئاراوه‌، هه‌روه‌ها هیواى خواست ته‌واوى کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدراڵ به‌ ڕێگه‌ى گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکرێن و مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان و ته‌واوى پێکهاته‌کانى عێراق دابین بکرێن، پشتگیریى وڵاته‌که‌یشى بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌‌ ده‌ربڕى که‌ به‌م دواییانه‌ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ده‌ستى پێکردووه‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا ئاماژه‌ى به‌ بارودۆخى ئه‌منیى ناوچه‌که‌ کرد و سه‌قامگیریى ناوچه‌که‌ى دووپات کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هیواى خواست په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا پێشوه‌چوونى زیاتر به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وێڕاى داکۆکی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵى و مێژووییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دۆستایه‌تیى نێوانیان، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه‌ فاکته‌رى سه‌قامگیرى بووه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا و ئه‌مه‌ش سیاسه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ و هه‌ر وایش ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایش، سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وام و جیددییه‌کان بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا کرد به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى له‌ فراوانکردن و سه‌رخستنى گفتوگۆکان به‌پێویست زانی.


زۆرترین خوێندراو