نێچیرڤان بارزانى: سه‌ردانى به‌غدا سه‌ره‌تایه‌کى باشه‌ بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان

1/22/2018 7:08:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 






دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، له‌ کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌نجامى هه‌ردوو سه‌ردانه‌که‌ى شاندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌غدا و کۆمارى ئیسلامیى ئێران و دیدار و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکۆمار و به‌رپرسانى باڵاى ئه‌و وڵاته‌، خسته‌ ڕوو.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى شاندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ به‌غدا، وتی: "به‌ بۆچوونى ئێمه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ سه‌ره‌تایه‌کى باشه‌ بۆ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆ و چاره‌سه‌رى ئه‌و کێشانه‌ى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدادا هه‌یه‌. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى باسى ئه‌و کێشانه‌مان کرد و له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و لیژنانه‌ى پیشتر دروست کراون و سه‌ردانى به‌غدایان کردووه‌ و دوایى له‌ به‌غدا سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان کردووه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا داکۆکیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ کێشه‌کان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرێت. ئه‌مه‌ هه‌م جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران ئه‌م خواسته‌ى نیشان دا له‌ به‌غدا و هه‌م ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانیش داکۆکیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌م کێشانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرێن."
 
سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ باسکراوه‌کان له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى وتی: "ئێمه‌ باسى مووچه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه‌، مه‌سه‌له‌ى نه‌وتمان باس کردووه‌، پرسى فڕۆکه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانمان باس کردووه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موویان لیژنه‌یان بۆ دانراوه‌ و جه‌خت کراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌م لیژنانه‌ کارى خۆیان ده‌که‌ن و ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بین به‌ هیواى ئه‌وه‌ى بگه‌ین به‌ چاره‌سه‌رێکى ته‌واو بۆ هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا هه‌یه‌."
 
 سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "له‌سه‌ر بانگهێشتى کۆمارى ئیسلامى که‌ چووین بۆ ئێران، کۆبوونه‌وه‌مان هه‌بوو له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رکۆمار، سه‌رۆکى په‌رله‌مان، به‌رپرسانى دیکه‌ى کۆمارى ئیسلامیى ئێران. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ جه‌خت کرایه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى مێژووییى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئێران و خواستى خۆیان نیشان دا بۆ ئه‌وه‌ى پشتگیریى له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن و ئه‌گه‌ر بتوانن ڕۆڵێک بگێڕن له‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا. هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌مان کرد که‌ چۆن بتوانین ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامیى ئێراندا قه‌باره‌که‌ى زیاتر بکه‌ین له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌. جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرایه‌وه‌ که‌ ده‌بێ ڕێکارى پێویست بگرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و کارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ردوولا زیاتر بکرێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ بێت که‌ له‌نێوان گه‌لى کوردستان و ئێراندا هه‌یه‌. ئێمه‌ سوپاسیان ده‌که‌ین بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و هیوادارین ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆى په‌یوه‌ندییه‌کى باشتر له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران."
 
 نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ئاماژه‌ به‌ نه‌بوونى هیچ واده‌یه‌کى دیاریکراو بۆ کرانه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێم، باسى له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران کرد و وتی: "دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ دروست بوو له‌نێوان ئێمه‌، وه‌سفى ئه‌م سه‌فه‌ره‌مان کرد به‌ (ده‌ستپێکردنێکى باش)، من خۆم پێم وایه‌ ده‌ستپێکردنێکى باشه‌، به‌ ئاراسته‌یه‌کى ڕاست ده‌ڕۆین بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و کێشانه‌ى که‌ هه‌یه‌، نه‌ک ته‌نیا ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌، ئێمه‌ باسى وه‌زاره‌ته‌کانى دیکه‌مان کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ با جارێک ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ ته‌واو ببێت و مووچه‌کانیان ده‌ست پێ بکرێت وه‌ک مافێکى هه‌رێمى کوردستان، دوایى ئه‌وه‌ هیوادارین ئه‌وانى دیکه‌ش جێبه‌جێ بکرێت."
 
له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ داواکاریى ئێران بۆ پاراستنى سنووره‌کانى نێوان هه‌ردوولا، سه‌رۆکوه‌زیران داواکارییه‌که‌ى به‌ سروشتى دانا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد "کۆمارى ئیسلامیى ئێران دراوسێى ئێمه‌یه‌ و مه‌عقوول نییه‌ هێزێکى چه‌کدار له‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ بچێته‌ ناو خاکى ئێران و کرده‌وه‌ى سه‌ربازى له‌ناو خاکى ئێران ئه‌نجام بدات و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌وه‌ ته‌وه‌قوعێکى زۆر به‌جێیه‌، نه‌ک کۆمارى ئیسلامی، هه‌ر وڵاتێکى دراوسێ ده‌بێ ئه‌و ته‌وه‌قوعه‌ى هه‌بێ و ئێمه‌ش ده‌بێ ئه‌و ته‌وه‌قوعه‌ زۆر به‌ جددى وه‌ربگرین و کارى له‌سه‌ر بکه‌ین که‌ نابێ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ین به‌ مه‌یدانى ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى له‌ دژى دراوسێکانمان. ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ش ڕێز له‌ یاساکانى هه‌رێمى کوردستان بگرن. هه‌رێمى کوردستان له‌ ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا سه‌لماندوویه‌تى که‌ فاکته‌رى سه‌قامگیرییه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا له‌گه‌ڵ دراوسێکانی. ئێمه‌ وه‌ک هه‌رێمى کوردستان نامانه‌وێ ئه‌وه‌ تێکبچێت، ده‌مانه‌وێ به‌رده‌وام بێت".
 
ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێمى کوردستان و وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکایش، نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا، په‌یوه‌ندییه‌کى باشه‌، پێش سه‌فه‌رى ئێمه‌ بۆ به‌غدا، شاندێکیان (برێت مه‌ک گۆرک، باڵیۆز و که‌سێکى دیکه‌یان که‌ ئێستا جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌یه‌) هاتن بۆ هه‌ولێر و باسى په‌یوه‌ندیى خۆمانمان کردووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانمان باشه‌."
 
 له‌سه‌ر پرسى کرانه‌وه‌ى فڕگه‌کانیش دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ "چاوه‌ڕێن هه‌ندێ بابه‌تى ته‌کنیکى هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ جیبه‌جێ بکرێت و هیوادارین به‌ زووترین کات بکرێته‌وه‌."
 
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى کۆبوونه‌وه‌ى زیاترى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌تایبه‌ت له‌ په‌راوێزى کۆنفرانسى داهاتوو له‌ داڤۆس، نێچیرڤان بارزانى ئاشکراى کرد که‌ "دیسانه‌وه‌ له‌ داڤۆس کۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز وه‌زیرى نه‌وتیش کۆبوونه‌وه‌مان ده‌بێ له‌ داڤۆس، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامیى ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ ده‌بن که‌ له‌ به‌غدا کردوومانه‌ و تا گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین."
 
له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌کانى به‌غدا و تاران که‌ ئایا واژۆکردنى ڕێککه‌وتننامه‌ى لێکه‌وته‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى وتی: "به‌ر له‌وه‌ى سه‌فه‌رى به‌غدا بکه‌ین، ئه‌وان لیژنه‌یان نارد بۆ ئێره‌ که‌ پێنج لیژنه‌ بوون. ئێمه‌ ڕێگه‌چاره‌ى کێشه‌کانمان ده‌ستنیشان کردبوو و کۆنووسه‌کانیش له‌نێوان هه‌ردوولامان ئیمزا کراون، به‌ڵام وه‌ک ڕێککه‌وتنى گشتگیر، هیچ ڕێککه‌وتنێک نه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ ئێرانیش هیچ ڕێککه‌وتنێکمان واژۆ نه‌کردووه‌، به‌ڵکوو ده‌ستپێکردنى چاککردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌وان بووه‌ و ده‌ستپێکردنه‌که‌ زۆر باش بووه‌ و هیوادارین زیاتریش ببێت."
 
 سه‌رۆکوه‌زیران له‌ باره‌ى کار و بڕیارى لیژنه‌ دروستکراوه‌کانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "ده‌ستوورى عێراق به‌ ڕوونى ماف و ئه‌رکى ئێمه‌ى ده‌ستنیشان کردووه‌ و به‌غداش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى نه‌وت. ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و ده‌ستووره‌دا ده‌مانه‌وێ کێشه‌کانى خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. پێمان وایه‌ مه‌سه‌له‌ى چاره‌سه‌رى نه‌وت دوو قۆناغه‌، قۆناغێک ئێستایه‌ ده‌بێ به‌په‌له‌ چاره‌سه‌رى بکه‌ین، قۆناغێکیش درێژخایه‌نتره‌ که‌ پێویست به‌ کۆبوونه‌وه‌ى زیاتر ده‌کات. پێویست به‌ دانیشتنى جددى ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ى که‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌دا له‌ بوارى نه‌وتدا هاتووه‌ته‌ پێش، ئه‌مانه‌ هه‌موویان باس بکرێت و ڕێگه‌چاره‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌و ڕێگه‌چاره‌یانه‌ ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ک بێت که‌ هه‌م جێى ڕه‌زامه‌ندیى به‌غدا بن و هه‌م جێى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ولێریش بن، ئێمه‌ ئاوا کار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌که‌ین."
 
سه‌باره‌ت به‌ کاریگه‌ریى په‌یوه‌ندیى بازرگانیى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران له‌سه‌ر تورکیا، سه‌رۆکوه‌زیران جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "هیچکام له‌و وڵاتانه‌ ئه‌لته‌رناتیڤى یه‌کتر نین. تورکیا و ئێران دوو دراوسێى گرینگى ئێمه‌ن. هه‌رێمى کوردستان سیاسه‌تى ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندیى باش بێت له‌ چوارچێوه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو وڵاته‌دا. هه‌م ده‌یه‌وێ قه‌باره‌ى بازرگانیى تورکیا له‌ عێراق زیاتر بێت، هه‌م له‌ ئێرانیش زیاتر بێت، وه‌کو یه‌ک".
 
ده‌رباره‌ى پێشبینییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى وتی: "سه‌فه‌رى ئێمه‌ بۆ به‌غدا له‌ ئه‌نجامى هه‌ندێ ته‌له‌فۆن بووه‌ له‌نێوان جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران عه‌بادى و به‌نده‌ و دۆستانى هه‌ردوولامان که‌ هه‌وڵى جددییان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دانیشتنه‌ بکرێت له‌نێوان ئێمه‌دا. پێم وایه‌ هه‌ر خودى سه‌فه‌ر و دانیشتن له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ستپێکردنێکى باشه‌ و ده‌مانه‌وێ هه‌ر لێره‌ ڕانه‌وه‌ستێت و به‌ شیوه‌یه‌ک بێت که‌ ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ین به‌ چاره‌سه‌رێک بۆ هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ که‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئێمه‌ له‌لاى خۆمانه‌وه‌ ئاماده‌ین و هیوادارین ئه‌و کێشانه‌ به‌ زووترین کات چاره‌سه‌ر بکرێت.
 
سه‌باره‌ت به‌ پێویستیى پاراستنى سنووره‌کان، ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ مه‌به‌ستى ئه‌وان له‌ به‌زاندنى سنووره‌کان، هێزه‌ سه‌ربازییه‌کانه‌ نه‌ک هێزى سیاسی، له‌و ڕووه‌وه‌ وتی: "له‌ هه‌رێمى کوردستان و وه‌ک سیاسه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئێمه‌ ده‌مانه‌وى به‌ ئارامى، به‌ ئاشته‌وایى، به‌ لێکتێگه‌یشتن بین له‌گه‌ڵ دراوسێکانمان. کێشه‌کانى کوردستان و عێراق ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ که‌ نامانه‌وى کێشه‌ى دیکه‌ش زیاد ببێت. ئێمه‌ وه‌ک پره‌نسیپ دژى ئه‌وه‌ین هیچ هێزێکى سه‌ربازى له‌ وڵاتى ئێمه‌دا هێرش بکاته‌ سه‌ر وڵاتانى دراوسێ، به‌ڵێ ئه‌مه‌ بۆ په‌که‌که‌شه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئێرانیشه‌، بۆ هه‌ردوولا."
 
له‌سه‌ر سه‌ردانى ئه‌م دواییه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا بۆ به‌غدا که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى سه‌ردانه‌کانى پێشووی، نه‌هاته‌ هه‌رێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست جارێکى دیکه‌ به‌ڕێزیان سه‌ردانى هه‌ولێر بکات.
 
له‌ به‌رده‌وامیى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووداوه‌کانى عه‌فرین دوا و وتی: "ئه‌و ڕووداوانه‌ى که‌ له‌ عه‌فرین ڕوو ده‌ده‌ن جێى نیگه‌رانیى جیددیى هه‌رێمى کوردستانه‌. هه‌رێمى کوردستان هیواداره‌ و داوا ده‌کات ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و نیگه‌رانیى گه‌وره‌ى ئێمه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ سڤیله‌یه‌ که‌ له‌ ناو شارى عه‌فریندان. هیوادارین ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ گفتوگۆ و به‌ که‌مترین زه‌ره‌ر چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌."
 
سه‌باره‌ت به‌ پرسى که‌رکووک به‌وه‌ى که‌ به‌ گوێره‌ى نووسینێکى سکرتێرى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، به‌غدا به‌نیازه‌ که‌رکووک که‌ ناوچه‌یه‌کى جیناکۆکه‌، بخاته‌ سه‌ر به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى وتی: "نامه‌وێ وه‌ڵامى کۆمێنتێکى ئه‌و بده‌مه‌وه‌ چونکه‌ نه‌مدیوه‌، به‌ڵام وه‌ک پره‌نسیپ، مادده‌ى (١٤٠) مادده‌یه‌کى ڕوونى ده‌ستوورییه‌ و باس له‌ چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌رى ئه‌و شوێنانه‌ ده‌کات که‌ پێیده‌ڵێن جێناکۆک، واته‌ ناوچه‌یه‌ک که‌ نه‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێت به‌ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ئه‌و سنوورانه‌ هه‌بێت، نه‌ حکوومه‌تى فیدراڵیش ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى له‌سه‌ر هه‌بێت. ئێمه‌ هه‌ڵوێستى خۆمان دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌ و پێمان وایه‌ به‌ جیبه‌جێکردنى مادده‌یه‌کى ده‌ستوورى که‌ پێى ده‌ڵێن مادده‌ى (١٤٠)ى ده‌ستوورى عێراق، باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌و کێشانه‌ى که‌ له‌و ناوچانه‌دا هه‌ن. ئه‌مه‌ش یه‌کێک بووه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى که‌ به‌ وردى له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران قسه‌مان له‌سه‌رى کردووه‌. هه‌م له‌سه‌ر مادده‌ى (١٤٠) و چۆنیه‌تیى جێبه‌جێکردنى و هه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و ئاسایش بۆ ئه‌و سنوورانه‌ و بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌. ئێمه‌ پێشبینى ناکه‌ین ئه‌م کێشانه‌ به‌ شه‌و و ڕۆژێک چاره‌سه‌ر بکرێن، به‌ڵام هیوادارین بگه‌ین به‌ ڕێککه‌وتنێک له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک که‌ له‌ ئه‌نجامدا چاره‌سه‌رى ئه‌و کێشانه‌ بێت که‌ جارێکى دیکه‌ سه‌قامگیرى و ئاسایش به‌ ته‌واوه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق به‌ کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و مه‌سیحى و هه‌موو پێکهاته‌کانی. ئه‌وه‌ داواى ئێمه‌یه‌ و پێمان وایه‌ ده‌بێ زۆر به‌ جددى هه‌وڵ بدرێت بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییه‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ پرسى بودجه‌ى عێراق و پشکى هه‌رێمى کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند: "به‌ڕێز سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق، سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌موو عێراقه‌ و پێویست به‌وه‌ ده‌کات ئه‌و دڵنیا بێت له‌وه‌ى پێکهاته‌کانى عێراق، مافه‌ ده‌ستوورى و شایسته‌ داراییه‌کانى خۆیان وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ وه‌ک پره‌نسیپ. دووه‌م، ڕوونه‌، به‌شى هه‌رێمى کوردستان له‌ بودجه‌ى عێراق ١٧ له‌سه‌ده‌، ١٤ له‌سه‌ده‌، ١٣ له‌سه‌ده‌، هه‌رچه‌نده‌، له‌ (ئای.ئێم.ئێف) جێگیر کراوه‌. له‌ دانوستانى (ئای.ئێم.ئێف) له‌گه‌ڵ عێراق جێگیر کراوه‌ که‌ ده‌بێ چه‌ند بدرێت به‌ هه‌رێمى کوردستان. هه‌رێمى کوردستان داوا له‌ به‌غدا ده‌کات ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێت و ئه‌و ماف و شایسته‌ داراییانه‌ که‌ هه‌یه‌ له‌وێ جێگیر کراوه‌. جا ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ چه‌ند له‌سه‌د ئه‌وه‌ بابه‌تێکى دیکه‌یه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ ئه‌وه‌ى (ئای.ئێم.ئێف) گرنگترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا که‌ جێبه‌جێ بکرێت.''


زۆرترین خوێندراو