په‌رله‌مان نوێنه‌رى خۆى بۆ یاوه‌ریکردنى حاجییانى هه‌رێم ده‌ستنیشان ده‌کات

2/20/2018 7:31:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






 
ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 20 ى شوباتى 2018، به‌سه‌رپه‌رشتیى دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، لیژنه‌ى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان کۆبۆوه‌.

سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌ دکتۆر سیراج شێخ ئه‌حمه‌د، سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى کورته‌یه‌کى سه‌باره‌ت به‌کار و چالاکییه‌کانى لیژنه‌که‌ و به‌دواداچوونه‌کانیان بۆ کاروباره‌کانى حکومه‌ت باسکرد، هه‌روه‌ها ئه‌و گیروگرفتانه‌ى خسته‌ڕوو که‌ له‌پرۆسه‌ى حه‌جدا ساڵانه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "لیژنه‌ى ئه‌وقاف نوێنه‌رى خۆى ده‌ستنیشان ده‌کات که‌ یاوه‌رى کاروانى حاجییانى هه‌رێمى کوردستان  بیت بۆئه‌وه‌ى چاودێرو ئاگادارى ورده‌کارییه‌کانى گه‌شتى حه‌جى ئه‌مساڵ و ته‌واوى گه‌شته‌که‌ بێت له‌هه‌ر گیروگرفتێک که‌ رووبه‌ڕووى حاجیانى هه‌رێمى کوردستان ببێته‌وه‌.

دواتر جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ستخۆشیى له‌ لیژنه‌ى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى کرد که‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوودا به‌ ئه‌رکى سه‌رشانى خۆیان هه‌ڵساون له‌ چاودێریکردنى کاره‌کانى حکومه‌ت به‌تایبه‌تى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینی، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگیى نێوان وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و لیژنه‌ى ئه‌وقافى به‌ گرنگ زانى بۆئه‌وه‌ى هه‌رکێشه‌ و گرفتێک که‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌ى بۆ بکرێت به‌تایبه‌تى گه‌شتى حاجیانى هه‌رێم و ئه‌و قوتابیانه‌ى پێشتر له‌ خوێندنگه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف بوون و بڕوانامه‌یان وه‌رگرتووه‌ و له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا کار به‌ بڕوانامه‌که‌یان ناکرێت.

له‌کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌ى ئه‌وقاف کرد هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى ته‌واویان هه‌بێت له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌ر کێشه‌و ناڕوونییه‌ک که‌ هه‌بێ له‌ جێبه‌جێکردنیان و هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بن له‌ به‌دواداچوون و چاودێریکردنى  کارى هاووڵاتییان و هه‌رپێکهاته‌یه‌کى ئاینى له‌ فه‌رمانگه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقافدا.


زۆرترین خوێندراو