په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى له‌خانه‌نشینى و مووچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌کان ده‌کات

2/21/2018 2:31:00 PM
جەماوەر نیوز
  جه‌ماوه‌رنیوز






  پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 32 ى شوباتى 2018، په‌رله‌مانى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تیى دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان و ، سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (10)ى ئاساییى خولى پاییزه‌، ساڵى پێنجه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.

سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ ده‌ خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى به‌رکارکردنى یاساى هه‌موارى بیسته‌مى یاساى میلاکات، ژماره‌ 20ى ساڵى 1960ى هه‌موارکراو له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى دووه‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى به‌رکارکردنى یاساى نه‌هێشتنى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، ژماره‌ 28ى ساڵى 2012ى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75)، له‌په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى سێیه‌میش بریتى بوو له‌  خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتى شاندى په‌رله‌مانى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى عه‌فرین، خاڵى چواره‌میش بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى پڕۆژه‌ یاساکانى (به‌رکارکردنى یاساى ده‌سته‌به‌رى ژماره‌ 31ى ساڵى 2015 له‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌کادیمیاى زانستیى سریانى له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌رکارکردن و هه‌موارکردن و جێبه‌جێکردنى یاساى نه‌هێشتنى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ ژماره‌ 28ى ساڵى 2012ى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌نجوومه‌نى کاروبارى ئافره‌تان له‌ هه‌رێمى کوردستان، هه‌موارکردنى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ژماره‌ 3ى ساڵى 2006 له‌ هه‌رێمى کوردستان،خاڵى پێنجه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ پێشچاوخستن و ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (سه‌عید محه‌مه‌د سه‌عید) له‌ لیژنه‌ى مافى مرۆڤ و زیادکردنى به‌ڕێزیان بۆ سه‌ر لیژنه‌ى کاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسی، به‌پێى ماده‌ى 44 له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ 1ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى شه‌شه‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى درێژکردنه‌وه‌ى کارکردن به‌ یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ژماره‌ 3ى ساڵى 2006 له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ 1ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى حه‌فته‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى له‌ خانه‌نشینى و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌کانى دیکه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ 1ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى هه‌شته‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى سێیه‌مى یاساى پارێزه‌رایه‌تى ژماره‌ 17ى ساڵى 1999ى هه‌موارکراو له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ 1ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى نۆیه‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى هه‌موارى چواره‌مى یاساى سه‌ندوقى خانه‌نشینیى پارێزه‌رایه‌تى ژماره‌ 18ى ساڵى 1999ى هه‌موارکراو له‌ هه‌رێمى کوردستان، به‌پێى ماده‌کانى (72،74،75)  له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ 1ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى ده‌یه‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، که‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌کراوه‌، به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (26)ى ساڵى 2014 و بڕگه‌ى (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجاو شه‌شه‌م)ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو. 
 
پاشان له‌لایه‌ن خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مان، پوخته‌ى کۆنووسى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مانیش خوێندرایه‌وه‌ که‌ له‌دانیشتنى پێشوو مۆڵه‌ت بوون یاخود ئاماده‌ى دانیشتنه‌که‌ نه‌بوون و ناوى ئه‌و ئه‌ندامانه‌شى که‌ بۆ دانیشتنى ئه‌مڕۆ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتبوو خوێندرایه‌وه‌.

به‌ر له‌ده‌ستکردن به‌ به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیاز کرا خاڵى  سێیه‌مى به‌رنامه‌ى کار  بکرێته‌ خاڵى یه‌که‌م و خاڵى حه‌فته‌میش بکرێته‌ خاڵى دووه‌م و خاڵى ده‌یه‌میش بکرێته‌ خاڵى سێیه‌م و دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌جیا هه‌ر سێ پێشنیازه‌که‌ به‌ کۆى ده‌نگى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان په‌سند کران.
 
پاشان به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار دواى گۆڕانکاریکردن له‌ ڕیزبه‌ندیى خاڵه‌کان که‌ بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتى شاندى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى عه‌فرین، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار د.شێرکۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌ندامى شاندى په‌رله‌مان بۆ رۆژئاوا، راپۆرتى شانده‌که‌ هاوشان له‌گه‌ڵ نیشاندانى له‌ رێگه‌ى داتاشۆوه‌ خوێندرایه‌وه‌ و تیایدا باس له‌ ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ و ئه‌و دیدار و کۆبوونه‌وانه‌ى شانده‌که‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عه‌فرین و کۆبانێ و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ شانده‌که‌ سه‌ردانى کردوون و هه‌روه‌ها ره‌وش و گوزه‌رانى خه‌ڵکه‌که‌ کرابوو.

به‌پێى خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش که‌ بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى چاکسازى له‌ خانه‌نشینى و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌کانى دیکه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، که‌ هه‌ریه‌ک له‌ که‌ریم سنجارى، وه‌زیرى ناوخۆ و د.رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و مه‌حمود حاجى صالح، وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و ئامانج ره‌حیم، سکرتێرى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ راوێژکارانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و به‌ڕێوه‌به‌رانى به‌شه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زراته‌ ناوبراوه‌کان ئاماده‌یبوون، به‌هۆى گرنگى و هه‌ستیاریى پڕۆژه‌ یاساکه‌، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازکرا که‌ دانیشتنه‌که‌ به‌ داخراوى به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا و دانیشتنه‌که‌ بووه‌ داخراو و تا ئاماده‌کردنى ئه‌و هه‌واڵه‌ش دانیشتنه‌که‌ درێژه‌ى هه‌بوو.
 



زۆرترین خوێندراو