له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا راپۆرتى شاندى په‌رله‌مان بۆ رۆژئاوا خوێندرایه‌

2/21/2018 2:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







له‌دانیشتنى ژماره‌ 10ى ئاسایى ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 21 ى شوباتى 2018 راپۆرتى شاندى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ رۆژئاوا خوێندرایه‌وه‌، که‌ تیایدا به‌وردى باس له‌ ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ و دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانى شانده‌که‌ و ئه‌و شوێنانانه‌ى که‌ له‌لایه‌ن شانده‌که‌وه‌ به‌سه‌رکراونه‌ته‌وه‌ کراوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قى راپۆرته‌که‌یه‌:
 
بۆبه‌ڕێز/ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستان
بابه‌ت/ راپۆرتى شاندى سه‌ردانى عه‌فرین

به‌ڕێزان دواى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان بڕیارى ناردنى شاندیکی،بۆ(عه‌فرین)  دا، شانده‌که‌،که‌ پێکهاتبون،له‌ ( عه‌لى هالۆ، د.شێرکۆ حه‌مه‌ئه‌مین قادر، عباس فتاح، سوهراب میکایل، عبدولڕه‌حمان فارس "ئه‌بو کاروان") ڕۆژى شه‌ممه‌ ١٠/٢/٢٠١٨، له‌ ته‌لارى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ کات ١١ پێشنیوه‌ڕۆ،به‌ره‌و ده‌روازه‌ى سمێڵکا به‌ڕێکه‌وتوین، له‌ ده‌روازه‌ى سمێلکا به‌ڕێزه‌وه‌ به‌رێکراین و له‌و به‌ریش ، کات ٦ ئێواره‌ له‌لایه‌ن ( د.عبدولکریم عومر) سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کارى ده‌ره‌وه‌ى کانتۆنه‌کانى ڕۆژئاوا و (خاتو سه‌نا دهام) ى یاریده‌ده‌رى شاندێکى هاوڕێى پێشوازییان لێکردین.

رۆژى دووه‌م: ١١-٢-٢٠١٨
کات ٩ به‌یانى به‌ڕیکه‌وتین و به‌ڕێگایه‌کى ئه‌فسانه‌ییدا، کات ٩ شه‌و گه‌یشتینه‌ عه‌فرین،له‌ناو ئاپۆراى خه‌ڵک و پێشوازى گه‌رمدا، له‌لایه‌ن به‌رپرسانى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى عه‌فرین و ئه‌نجومه‌نى یاسادانان و ئاپۆڕاى خه‌ڵک و لایه‌نه‌ سیاسه‌کان به‌ گه‌رمى و جۆش و خرۆشه‌وه‌ پێشوازى له‌ شانده‌که‌ کرا.  دواى ئه‌وه‌ى له‌وته‌یه‌کدا،په‌یامى پشتیوانى و هاوسۆزى په‌رله‌مان و خه‌ڵکى باشورى کوردستانمان،به‌ خه‌ڵکى عه‌فرین گه‌یاند،ئیدانه‌ى داگیرکارى و له‌شکرکێشى سوپاى تورکیامان،بۆ عه‌فرین دوپاتکرده‌وه‌

چه‌ند زانیارییه‌ک،له‌باره‌ى عه‌فرین:

کانتۆنى عه‌فرین سێ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان وجێبه‌جێکردن و دادوه‌رى هه‌یه‌، ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن،له‌ ١٥ ده‌سته‌ ( وه‌زاره‌ت ) پێکدێت،ئه‌نجومنه‌ى یاسادانان له‌ ١٠١ ئه‌ندام پێکدێت وسیستمى هاوسه‌رۆکایه‌تى په‌یڕه‌وده‌کرێت. 
هه‌رێمى عه‌فرین ئابورى خۆژێنى هه‌یه‌ و ئاستى ژیان و داهاتى تاک زۆرباشه‌  وموچه‌ى کارمه‌ندێکى کانتۆنه‌کان،له‌ کارمه‌ندێکى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ڕژێمى سوریا به‌رزتره‌.

هه‌رێمى عه‌فرین،که‌ له‌ دو کانتۆنى عه‌فرین و شه‌هبا پێک دێت،ژماره‌ى دانیشتوانه‌که‌ى نزیکه‌ى ٩٠٠٠٠٠ نۆسه‌د هه‌زار که‌سه‌.

دو که‌مپى ئاواره‌ى شه‌ڕى سوریاى تێدایه‌،که‌ نزیکه‌ى ٤٠٠٠٠٠ چوارسه‌د هه‌زار که‌سى تێدایه‌ و که‌مپى ڕوبار تا ئێستا هاوکارى پێ نه‌گه‌شتوه‌.

ڕوبه‌رى عه‌فرین  ٣٨٠ کم چوارگۆشه‌یه‌و به‌ ٨٠ کم ده‌گه‌یته‌ ده‌ریاى سپى ناوه‌راست.
نزیکه‌ى ٢٠ ملێۆن دارى زه‌یتون و  نزیکه‌ى ١٠ ملێۆن دارى هه‌نارى تێدایه‌.

٥٠٠٠٠ په‌نجا هه‌زار خوێندکار و قوتابییان ،له‌ پۆلى ١_ ١٢ ئاماده‌یى که‌ ئێستا له‌ خوێندن دابڕاون.

٢٧٠٠ مامۆستیان هه‌یه‌.
١ زانکۆى هه‌یه‌،که‌ ٦ شه‌ش به‌شى تێدایه‌.
١٣ به‌شى په‌یمانگاو ٢ دو خوێندنگاى تایبه‌تى تێدایه‌.
ئێستا به‌ هۆى شه‌ڕو له‌شکرکێشى تورکیاوه‌،خوێندن وه‌ستاوه‌ و ته‌واوى قوتابیان و خوێندکاران ومامۆستیان،خوێندن و کاره‌کانیان دابڕون.

٣١ خوێندنگاى گونده‌کان، به‌هۆى هێرشى تورکیاوه‌ کاولکراون.

شوێنه‌وارى مێژویى ( عه‌ندار ) په‌رستگایه‌که‌، مێژوه‌که‌ى بۆ ١٣٠٠ سال پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ یونسکۆ تۆمارکراوه‌،هاوشیوه‌ى ڕه‌فتاره‌کانى داعش به‌ بۆردومانى فڕۆکه‌کانى تورکیا کاولکراوه‌.
هه‌وڵى تێکدانى به‌نداوى ( مه‌یدانکێ ) دراوه‌،که‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ی،بۆ عه‌فرین دروست ده‌کرد.

ڕۆژى سێیه‌م: ١٢-٢-٢٠١٨
کات ١٠ به‌یانی،له‌ته‌لارى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن کۆنگره‌یه‌کى ڕٶژنامه‌وانیمان ئه‌نجامدا و ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ و په‌یامى په‌رله‌مانى کوردستانمان باسکرد و وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌وانان درایه‌وه‌.

کات ١١ پێش نێوه‌ڕۆ:
به‌شدارى مه‌راسیمى به‌خاکسپاردنى ١٧ شه‌هیدمان کرد و وتارى په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن ئه‌بوکاروان خوێندرایه‌وه‌.

کات ١ نیوه‌ڕۆ سه‌ردنى نه‌خۆشخانه‌مان کرد:

نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌ڤرین ١٢٠ ته‌ختى تێدایه‌، هه‌مو جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌کى تێدا ده‌کرێت و ١٤٨ کارمه‌ندى هه‌یه‌ و ٢٤ کاژێر کارده‌کات و ١٠٠./ به‌خۆڕاییه‌ و ڕۆژانه‌ ٧٠٠_ ٨٠٠ نه‌خۆش سه‌ردانى ده‌که‌ن.

سه‌ردانى برینداره‌کانمان کردو  له‌ناویاندا ژن و منداڵ  وکه‌سانى به‌ته‌مه‌ن هه‌بون، چه‌ندین خه‌ڵکى مه‌ده‌نیمان بینى له‌وانه‌ ژنى ته‌مه‌ن 70 ساڵ و به‌ساڵاچوێکى ته‌مه‌ن 80 ساڵ به‌ شێوه‌یه‌کى نامرۆڤانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ى پالامارى گونده‌کانى عه‌فرینیان دابوو لێى درابوو.

کات ٣ دواى نیوه‌ڕۆ سه‌ردانى شوێنه‌وارى مێژویى ( عه‌ندار) مان کرد،که‌ مێژوه‌که‌ى بۆ ١٣٠٠ ساڵ پێش زاین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و فڕۆکه‌ کاولى کردوه‌.

کات ٤ عه‌سر،سه‌ردانى مه‌یدانى ناوبازاڕمان کرد و له‌نزیکه‌وه‌ ژیان و کاروبارى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵکمان بینی،که‌ سه‌رقاڵى ژیانى ڕۆژانه‌ى خۆیان بون.

کات ٦ ئێواره‌:

له‌ته‌لارى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردنى کانتۆنى عه‌فرین،له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عه‌فرین کۆبوینه‌وه‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان سه‌ردانى شاندى په‌رله‌مانیان،به‌ گرنگ وه‌سفکرد و به‌ به‌رجه‌سته‌کردنى یه‌کبونى نه‌ته‌وه‌ییان دانا،به‌جۆرێک ده‌رکه‌وت،که‌ له‌کاتى له‌شکرکێشى و په‌لاماردا،ته‌نیا کورد پشتیوانى کورده‌،به‌واتایه‌کى تر ده‌رکه‌وت عه‌فرین،به‌ته‌نیا نییه‌،بۆیه‌ پێویسته‌ کۆنگره‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌نجام بدرێت و چه‌ند هێڵێکى هاوبه‌شى سترایژى دابنرێت و کارى له‌سه‌ر بکرێت و ڕێگه‌،له‌ دوباره‌بونه‌ى شه‌نگال ومه‌خمور وکه‌رکوک  وتراژیدیا و جینۆسایدى تر بگیرێت.

له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى چه‌ندین پارتى سیاسى هه‌رێمى عه‌فرین کۆبووینه‌وه‌.
له‌ماوه‌ى مانه‌وه‌مان،له‌ عه‌فرین چه‌ندین کۆبونه‌وه‌ و دیدارمان،ئه‌نجامدا سه‌ردانى مه‌یدانى ناو شار و قسه‌کردنمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و ئه‌و وره‌به‌رزى و بڕوا به‌خۆبون وپشت به‌خۆبه‌ستنه‌یان ئاماژه‌ى دیارى سه‌رکه‌وتنیانه‌، تاوه‌کو ئێستا  که‌ مانگێکه‌،جگه‌ له‌ چه‌ند گوندێکى بچوکى بلبلێ،له‌ هیچ سنورێکه‌وه‌ پێشڕه‌وى نه‌کردوه‌،که‌ ئه‌ویش به‌شه‌وانپاشه‌کشه‌ى پێ ده‌که‌نه‌وه‌،به‌گشتى گونده‌کانى بلبلێ کاولکراون، نیوه‌ى جندرێس کاولکراوه‌، مزگه‌وت و خوێندنگاو پرۆژه‌ى ژێرخانى ئابورى و  ده‌واجن و پرۆژه‌ى به‌خێوکردنى مه‌ڕوماڵات و شوێنه‌وارى مێژویى و ....، کاولکراون، تاکاتى سه‌ردانى شانده‌که‌ نزیکه‌ى ١٦٦ که‌سى مه‌ده‌نى شه‌هید بون و ٤٠٠ که‌سیش برینداربون،که‌له‌ناویاندا منداڵ و ژن و که‌سانى به‌ته‌مه‌ن هه‌یه‌، سێ مامۆستا و 74 قوتابى و خوێندکار شه‌هید بوون، چه‌ندین خه‌ڵک له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌ناو ئه‌شکه‌وت ژیان ده‌گوزه‌رێنن.

رۆژى چواره‌م: ١٣-٢- ٢٠١٨

کات ٩:٣٠ له‌باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن دوا کۆبونه‌وه‌مان کرد و جگه‌له‌وانه‌ى سه‌ردانمان کردبون و خۆمان بینیبومان،ته‌واوى دیکۆمێنت و زه‌روزیانه‌کانیان پێ داین،هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشنیوه‌ڕۆ،له‌ناو شارى عه‌فرین دا،که‌ نزیک باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن و نه‌خۆشخانه‌ بو،له‌ئه‌نجامدا هاوڵاتییه‌ک شه‌هیدبو، سێ هاوڵاتیش برینداربون.

هه‌مان ڕۆژ دواى ماڵئاوایى و به‌ڕێکردن،به‌ره‌و کانتۆنى کۆبانى به‌ڕیکه‌وتین و کات ٦ ئێواره‌ گه‌یشتینه‌ کۆبانی، له‌لایه‌ن به‌رپرسانى کانتۆنه‌که‌وه‌ پێشوازى کراین و له‌گه‌ڵیان کۆبوونه‌وه‌یه‌وه‌.

ڕۆژى پێنجه‌م: ١٤-٢-٢٠١٨

  سه‌ره‌تا مه‌نسور سه‌لوم،هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى فیدڕاڵى باکورى سوریا،سه‌ردانى شانده‌که‌ى کرد،پاشان کات ٩:٣٠ له‌ته‌لارى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردنى کانتۆنى کۆبانێ کۆبونه‌وه‌یکمان ئه‌نجامدا،به‌ئاماده‌بونى ئه‌نوه‌ر موسلیم  وبێریڤان حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکانى کانتۆنى کۆبانى و ژماره‌یه‌ک به‌رپرسى هه‌رێمى فوڕات و کانتۆنى کۆبانێ.

بارودۆخى گشتى و شێوازى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى کۆبانى و ئاستى داهات و جمجوڵ و ئامانجه‌کانى تورکیا باسکران و دواى پشتیوانى  وهاوکارییان ده‌کرد،له‌ هه‌مو بواره‌کاندا،دروستکردنى په‌یوه‌ندى له‌هه‌مو ئاسته‌کاندا.

پاشان سه‌ردناى گۆڕستانى شه‌هیدان  و چیاى مشته‌نور و زانکۆى کۆبانى  ومۆزه‌خانه‌ى شه‌ێ‌ و ناو کۆبانیمان کرد.

کانتۆنى کۆبانى له‌ ١٤ چوارده‌ ده‌سته‌ ( وه‌زاره‌ت ) پێکدێت.

ئه‌نجومه‌نى یاسادانان،له‌ ٦١ ئه‌ندامى هیه‌،هه‌رێمى فورات ٧١ ئه‌ندامى هه‌یه‌.
زانکۆى کۆبانى ٤ چوار به‌شى تێدایه‌.

به‌گشتى سێ به‌نداو،له‌ده‌ستى ڕۆژئاوادایه‌.

کات ٢ ى دوانێوه‌ڕۆ،به‌ره‌و قامیشلۆ به‌ڕێکه‌وتین،هه‌مان شه‌و له‌ ( عامودا ) له‌ گه‌ڵ عبدولکریم عومر سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کارى ده‌ره‌وه‌ و به‌رپرسانى تر کۆبونه‌وه‌یه‌کمان ئه‌نجامدا، له‌باره‌ى ئه‌نجامى سه‌ردانه‌که‌ و دۆخى گشتى و کاره‌کانى شاندکه‌ دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ کوردستان.

ڕۆژى شه‌شه‌م: ١٥-٢-٢٠١٨

کات ٩:٣٠ به‌یانى به‌ره‌و هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێکه‌وتین وله‌سنور عبدولکریم عومه‌ر سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کارى ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ندامامى په‌یوه‌ندییه‌کان وبه‌ڕێوه‌به‌رى ده‌روازى پیشخابو مالئاواییان له‌ر شانده‌که‌ کرد ، له‌م به‌ریش له‌لایه‌ن شه‌وکه‌ت محمد حه‌سه‌ن، به‌ڕێووبه‌رى خاڵى سنورى سمێڵکا(پیشخابور) پێشوازى له‌ شانده‌که‌ کرا.

کات ١٢ نیوه‌ڕۆ،گه‌یشتینه‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان و له‌ ده‌روازه‌ى سمێڵکا کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیمان ئه‌نجامدا.

پێشنیاز:
پێشنیاز ده‌که‌ین، ئه‌م خاڵانه‌ئه‌نجام بدرێت:
یه‌که‌م: له‌ئاستى ناوخۆ

١_ له‌ رێگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندیه‌کانى په‌رله‌مان سه‌ردان و کۆبونه‌وه‌،له‌گه‌ڵ قونسوڵ  و نوێنه‌رى وڵاتان،له‌ هه‌رێمى کوردستان و ئاگادارکردنه‌وه‌یان،له‌وه‌ى دۆخى عه‌فرین وچۆنه‌ وپێشێلکارى و کاولکاریه‌کانى تورکیا،له‌ چ ئاستێک  وکام بواردا بوه‌، بۆئه‌وه‌ى پشتیوانیان بن وڕۆڵیان هه‌بێت،له‌سه‌ر وڵاته‌کانیان،له‌ کۆتاییهێنان،به‌له‌شکرکێشى تورکیا، بۆنمونه‌ چوار شه‌ممه‌ 21/2 له‌گه‌اَ کونسوڵى ئه‌ڵمانیا کۆبوونه‌وه‌مان هه‌یه‌، هه‌فته‌ى داهاتووش له‌گه‌ڵ کونسوڵه‌کانى روسیا، فه‌ڕه‌نسا ...

٢_له‌ چوارچێوه‌ى بڕیارى ژماره‌ ٢٤ سالى ٢٠١٤  په‌رله‌مانى کوردستان،که‌له‌ خاڵى ٢ دا،له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم پێوسیته‌ ،له‌ هه‌مو رویه‌که‌وه‌ هاوکارى ڕۆژئاوا بکات، له‌و چوارچیوه‌دا،هه‌مو جۆره‌ هاوکارییه‌ک، بۆ عه‌فرین پێوسیته‌،مادی، مه‌عنه‌وی، ده‌رمان، خۆراک، پێداویستى منداڵان.

٣_ کردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیه‌کى فه‌رمى عه‌فرین و کانتۆنه‌کان له‌ پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان پێوسیته‌، بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانى بۆ عه‌فرین په‌یدابکات.

٤_ عه‌فرین بکرێته‌ خاڵى به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ، بۆ دانانى ستراتیژێکى نه‌ته‌وه‌ى هاوبه‌ش و دبلۆماسیه‌تێکى نه‌ته‌وه‌یى و رێکخستنى ناو ماڵى کورد زۆر پێوسیته‌.

٥_کارئاسانى ته‌واو،له‌ ده‌روازه‌ى سمێڵکا بکرێت و هه‌ر کێشه‌یه‌ک، له‌ بوارى هاتوچۆدا هه‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت، سه‌ره‌ڕاى ماندووبنى زۆریان سوپاسى هه‌ردوو لایه‌ن ده‌که‌ین، که‌ له‌م قۆناخه‌دا هاوکارن.

دوه‌م: له‌ئاستى ده‌ره‌وه‌

سه‌ردانى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا و وڵاتانى ئه‌وروپاو ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان،بۆئه‌وه‌ى پشتیوانى عه‌فرین بن و کۆمه‌کى خه‌ڵکه‌که‌ى بکه‌ن و له‌ ڕودانى کاره‌ساتى مرۆیى ڕێگه‌ بگرن.

له‌ کۆتایدا سوپاسى هه‌ریه‌ک له‌ ( ئاواره‌ حه‌مید، له‌ راگه‌یاندنى په‌رله‌مان و باوه‌ێ‌ نه‌وزاد و فوئاد عه‌بدوڵا شوفێرانى پڕۆتۆکۆڵى په‌رله‌مان) ده‌که‌ین  که‌ هاوسه‌فه‌ربوون و زۆر ماندووبوون.

عه‌لى عه‌لى هالۆ                د.شێرکۆ حه‌مه‌ئه‌مین قادر            عباس فتاح 
      سوهراب میکایل                   عبدولڕه‌حمان فارس ( ئه‌بو کاروان )
   
                                
                                                         ١٩-٢- ٢٠١٨
هاوپێچ: به‌ڵگه‌ و ئامارى کاولکارییه‌کانى سوپاى تورکیا


زۆرترین خوێندراو