داواى هاوتا کردنى نرخى کاره‌باى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌هه‌رێم وه‌ک عێراق ده‌کرێت

2/21/2018 2:41:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى داوا ده‌کات نرخى کاره‌باى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌هه‌رێمى کوردستان هاوتاى نرخى کاره‌با له‌عێراق بکرێت.

لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی، ئه‌مڕۆ(چوار شه‌ممه‌) له‌داوایه‌کدا بۆ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی، ئاماژه‌ى به‌وه‌داراوه‌ که‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن کاسپکارانى پارێزگاى سلێمانى چه‌ندین سکاڵایان پێگه‌یشتوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نرخى کاره‌باى بازرگانى و پیشه‌سازى زۆر زیادى کردوه‌و کاریگه‌رى خراپى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر کاره‌کانیان و به‌هۆى دۆخى خراپى ئابورى هه‌رێمه‌وه‌ ناتوانن له‌م کاته‌دا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌‌ى کاره‌با دابینکه‌ن.

لیژنه‌که‌ داواى کردوه‌ نوسراوێک ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى کاره‌باى هه‌رێم بکرێت و ئاگاداریان بکه‌نه‌وه‌ که‌ نرخى کاره‌باى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌هه‌رێمى کوردستان هاوتاى حکومه‌تى عێراق بکرێت، چونکه‌ هه‌ر زیاد کردنێکى نرخ به‌ پێى ماده‌ى 28 دستورى عێراق ده‌بێت به‌ یاسا بێت.

ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ که‌ پێشتر ژورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى نیگه‌رانى خۆى به‌رامبه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخى یه‌که‌ى کاره‌با بۆ کارگه‌ پیشه‌سازییه‌کان له‌هه‌رێم راگه‌یاندبو و جه‌ختیشى کردبوه‌وه‌ که‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ هۆى په‌کخستى گه‌شه‌ى که‌رتى تایبه‌ت و که‌رتى پیشه‌سازى له‌هه‌رێمى کوردستان.

 

به‌پێى ژورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى بڕیاره‌که‌ هه‌رێم له‌کاتێکدابوه‌ که‌ حکومه‌تى عێراق نرخى یه‌که‌ى کاره‌باى له‌سه‌دا 40 بۆ کارگه‌ پیشه‌سازییه‌کان که‌مکرۆدته‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خستبوه‌ڕو که‌ حکومه‌تى عێراق نرخى یه‌ک کیلۆوات کاره‌باى له‌سه‌ر کارگه‌ پیشه‌سازییه‌کان له‌ 100 دیناره‌وه‌ که‌مکردۆ‌ته‌وه‌ بۆ 60 دینار، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ماوه‌ى دو ساڵى رابردودا نرخى کاره‌باى به‌ڕێژه‌ى 500% له‌سه‌ر کارگه‌ پیشه‌سازییه‌کان به‌رزکردوه‌ته‌وه‌، که‌ نرخى کاره‌باى بۆ یه‌ک کیلۆوات له‌ 20 دیناره‌وه‌ به‌رزکردوه‌ته‌وه‌ بۆ 120 دینار.



زۆرترین خوێندراو