قوباد تاڵه‌بانى به‌شدارى سیمینارێکى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئێران له‌ عێراق و کوردستان کرد

2/24/2018 8:55:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


 




نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24 ى شوباتى 2018 ، قوباد تاڵه‌بانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌وه‌کاله‌ت، له‌ سلێمانی، به‌شدارى له‌ سیمینارێکى فراوانى نوێنه‌رایه‌تیه‌کانى ئێران له‌ عێراق و کوردستان، کرد، به‌ ئاماده‌ بوونى ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزى ئێران له‌ عێراق و نوێنه‌رى تایبه‌تى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و کونسڵ و به‌رپرسانى نوێنه‌رایه‌تیه‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ عێراق و کوردستان.

له‌ سیمیناره‌که‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵیه‌کان کرا و جه‌خت له‌ پته‌و کردنى زیاتریان کرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕه‌وشى سیاسى و ئه‌منى ناوچه‌که‌ به‌ گشتى خرایه‌ به‌ر باس، به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووریه‌کانى هه‌ردوولاش ته‌وه‌رێکى ترى سیمیناره‌که‌ بوون.

مه‌سجدى ئاماده‌یى حکومه‌تى ئێرانى ده‌ربرى بۆ به‌رده‌وام بوونى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و زیاتر بره‌ودانى ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ له‌بواره‌ جیاجیاکاندا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لانى هه‌ردوولا.

دواتر سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌وه‌کاله‌ت سوپاسى کردن بۆ ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ و باسى له‌ گرنگى ڕۆڵى ئێران کرد له‌ بنیاتنانى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌ت و عێراق به‌ گشتی، هه‌روه‌ها ئه‌ماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئێران هه‌میشه‌ ڕۆڵێکى میانره‌وانه‌ى له‌ دروستکردنى ئاشته‌وایى وبه‌رقه‌رار بوونى ئاسایش له‌ ناوچه‌که‌ به‌ گشتى بینیوه‌ وداواى لێکردن له‌سه‌ر هه‌مان شێوه‌ کارکردن به‌رده‌وام بن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى گه‌لانى عێراق و کوردستان و ناوچه‌که‌.

دووپاتیشى کرده‌وه‌ حکومه‌ت و گه‌لى ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌کاندا پشت و په‌ناى کورد بوون و ده‌رگایان واڵا بووه‌ له‌ پێناو سوود گه‌یاندن به‌ گه‌له‌که‌مان و ده‌رباز بوونى له‌و مه‌ینه‌تیانه‌ى که‌ تووشى بووه‌ له‌ ڕابردوو و ئێستاش.

قوباد تاڵه‌بانى باسى له‌ چاکسازیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ڕۆژ  به‌ ڕۆژ زیاتر هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى جێگیر ده‌بن و سه‌ربارى ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى که‌ رووبه‌روومان بۆته‌وه‌ هێشتا هه‌نگاوه‌کانى بنیاتناوه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ و کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ ڕێى کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى ده‌ستێکى باڵایان هه‌بووه‌ له‌و بنیاتنانه‌.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد حکومه‌تى هه‌رێم کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ سه‌رچاوى داهاتى دارایى فراوان بکات و ته‌نها پشت به‌ نه‌وت نه‌به‌ستێت، له‌و ڕوه‌وه‌ پێویستمان به‌ کۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌بێت بۆ بره‌ودان به‌ پیشه‌سازى و کشتوکاڵى هه‌رێم کوردستان به‌ تایبه‌ت ئێران ئه‌زمونێکى سه‌رکه‌وتووى هه‌یه‌ له‌و بوارانه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ جگه‌ دابینکردنى پێداویستیه‌کانى هاوڵاتیانى خۆیان، قه‌باره‌یه‌کى گه‌وره‌ش له‌ کاڵاکانیان هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌ن وئابووریه‌کى به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌ ئێستادا.

قوباد تاڵه‌بانى باسى له‌ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد و داواى له‌  به‌رپرسانى ئێران کرد که‌ وه‌ک هه‌میشه‌ ڕۆڵێ خۆیان ببینن ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو  هه‌رێمێکى کوردستانى به‌هێز و یه‌کگرتوو سودى زیاتر بۆ ئێران به‌تایبه‌ت وگه‌لانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى ده‌بێت، حکومه‌تى هه‌رێمیش هه‌موو کات ده‌رگاى دانوستاندنى کراوه‌ بووه‌ و داواى چاره‌سه‌ر کردنى کێشه‌کانى کردووه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور.

دووپاتیشى کرده‌وه‌  پێویسته‌ له‌ ئێستادا لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان له‌ هه‌موو کات زیاتر یه‌کده‌نگ بن و خۆیان ئاماده‌ بکه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراق له‌ پێناو چه‌سپاندن و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ڕه‌واکانمان که‌ له‌ ده‌ستورى عێراق جێگیر کراون.

دواتر کونسڵ و نوێنه‌رانى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ عێراق ستایشى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان کرد که‌ هاوکار و هه‌ماهه‌نگ بووه‌ له‌گه‌ڵیان و چه‌ند پرسیارێکیان ئاڕاسته‌ى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى کرد به‌ مه‌به‌ستى به‌ره‌وپێشچوونى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کان و وه‌ڵامى دانه‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ حکومه‌تى هه‌رێم ستایشى ڕۆڵى گرنگى کۆمپانیا ئێرانیه‌کان ده‌کات که‌ ده‌ستێکى باڵایان هه‌بووه‌ له‌ بوژاندنه‌وه‌ى ئابورى کوردستان.



زۆرترین خوێندراو