4
7 نێچیرڤان بارزانى: دابینکردنى مووچه‌ ئه‌وله‌وییه‌تى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌
13/3/2018
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13 ى مارسى 2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا دوایین پێشهاته‌کانى گفتوگۆکانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و بڕیارى کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى و چه‌ند پرسێکى په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌وشى عێراق و هه‌رێمى کوردستانى، باس کرد.

سه‌ره‌تا له‌ وته‌یه‌کدا ووتی: "ئه‌مڕۆ جه‌نابى دکتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، له‌ دیدارێک له‌گه‌ڵ شاندى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ پێکهاتبوو ئه‌وانه‌ى له‌ فڕۆکه‌خانه‌کان کار ده‌که‌ن، ڕایگه‌یاند هه‌ردوو فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر و سلێمانى به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى ده‌کرێنه‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌که‌ین و پێمان وایه‌ هه‌نگاوێکى دروست و ڕاسته‌ و به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات که‌ هیوادار بین کێشه‌کانى دیکه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرێن".

ووتى : "ده‌مه‌وێ لێره‌ سوپاسى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران عه‌بادى بکه‌م بۆ ئه‌م بڕیاره‌، سوپاسى هه‌موو ئه‌و لایانه‌نانه‌ بکه‌م هه‌م له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هه‌م له‌ به‌غدا و هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ که‌ ماندبوو بوون بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م کاره‌ بگاته‌ ئه‌نجام. بێگومان ئه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامى چه‌ندین دیدارى فه‌رمیى نێوان سه‌رۆک وه‌زیران و به‌نده‌ و هه‌روه‌ها نێوان شاندى هه‌ردوولا چ ئه‌وانه‌ى به‌ ئاشکرا ئه‌نجام دراون، یان ئه‌وانه‌ى که‌ ڕانه‌گه‌یه‌نراون و له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌دا ئه‌م کاره‌ جێبه‌جێ کرا".

هه‌روه‌ها ووتى :" پرسى فڕۆکه‌خانه‌کان په‌یوه‌ندى به‌ زۆر شته‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆ ئێمه‌ هه‌ناوێکى گرنگه‌ و هیوادارین هه‌نگاوى دیکه‌شى به‌دوادا بێت و بتوانین بابه‌تى مووچه‌ و کێشه‌کانى دیکه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌م هه‌نگاوه‌ گه‌ر به‌ بچووکیش سه‌یر بکرێت، یان هه‌نگاوێک نه‌بێت که‌ زۆر کاریگه‌رى له‌ چاره‌سه‌رى کۆى کێشه‌کانى دیکه‌ بکات، به‌ڵام پێمان وایه‌ ده‌ستپێکردنێکى زۆر گرنگه‌، ده‌ستپێکردنێکه‌ که‌ ده‌یسه‌لمێنێ گه‌ر هه‌ردوولا ئیراده‌ى جددیمان هه‌بێت ده‌توانین به‌یه‌که‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق کێشه‌کانى خۆمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین".

دواتر له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا ده‌رباره‌ى شێوازى کردنه‌وه‌ و داهات و خه‌رجییه‌کانى فڕۆکه‌خانه‌کان و واژۆنه‌کردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رکۆمارى عێراقه‌وه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند: "ئه‌مه‌ هه‌ندێک شتى ته‌کنیکى و ورده‌کارییه‌‌، به‌ڕێوه‌بردنى فڕۆکه‌خانه‌ هه‌ندێک ڕێکارى ده‌ستوورى هه‌یه‌ که‌ به‌پێى ده‌ستوور ئاشکرایه‌ پێویسته‌ چى بکرێت و ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێککه‌وتووین ئه‌و ڕێکاره‌ ده‌ستوورییه، یان ئه‌و یاسا ده‌ستووریانه‌ى عێراق که‌ په‌یڕه‌و ده‌کرێت، ده‌بێت به‌ڕێوه‌بردنى فڕۆکه‌خانه‌کان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بێت و ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ ڕێککه‌وتووین و ورده‌کاریى دیکه‌ش هه‌یه‌ که‌ وه‌زیرى ناوخۆى عێراق سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌کات و ده‌چنه‌ ناو ئه‌و ورده‌کارییانه‌، به‌ڵام بێگومان کۆنووس هه‌یه‌ له‌نێوان ئێمه‌دا و واژۆى له‌سه‌ر کراوه‌ و به‌پێى ئه‌و کۆنووسانه‌ش که‌ له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا واژۆ کراوه‌، ئه‌و فڕۆکه‌خانانه‌ ده‌کرێنه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى بودجه‌ش ووتى: "به‌غدا و هه‌موو لایه‌نه‌کان ئاگادارن که‌ حکوومه‌ت و هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر پرسى بودجه‌ زۆر نیگه‌رانن و هیوادارین ده‌رفه‌تێک هه‌بێت تا دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاساى بودجه‌ى عێراقدا بکرێت و داواکاریى هاووڵاتیان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کاندا باس له‌وه‌ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کان، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش ده‌نێردرێت، ئاشکراى کرد: "دوێنێ شه‌و له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا که‌ به‌نده‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق هه‌یبوو، ئه‌و پێداگرى له‌سه‌ر دوو خاڵ کرده‌وه‌ که‌ یه‌که‌میان کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کان و دووه‌میشیان ناردنى مووچه‌ى هه‌ندێک له‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ و له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ى چوو بوون بۆ به‌غدا ئه‌مه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ هه‌ندێک له‌و مووچه‌یه‌ ده‌نێرێت، هیوادارین ئه‌م دوو کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و چاوه‌ڕوانین".

سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌کانى دیکه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایش نێچیرڤان بارزانى  ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا:
"بێگومان ئه‌مه‌ هه‌نگاوى یه‌که‌مه‌ و هه‌نگاوێکى گرنگه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌کى ڕاست و ده‌توانم وا شیرۆڤه‌ى بۆ بکه‌م. ده‌ستپێکردنه‌ و چاره‌سه‌ریى هه‌موو کێشه‌یه‌ک له‌ هه‌نگاوى یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و هه‌نگاوى یه‌که‌م گرنگه‌. پێموایه‌ چاره‌سه‌رکردنى پرسى فڕۆکه‌خانه‌کان و ناردنى هه‌ندێک له‌ مووچه، هه‌ردووکیان پرسى گرنگن و ئه‌مانه‌ هه‌نگاوى گرنگن و جێى ده‌ستخۆشى و سوپاسى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ و پێموایه‌ کارکردنى هه‌ولێر و به‌غدا به‌م ڕۆحییه‌ته‌، کێشه‌کانى دیکه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌کات".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا ده‌رباره‌ى دابینکردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌ته‌کانى دیکه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و دوا پێشهاته‌کانى پڕۆژى چاکسازیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ووتی ":تا ئێستا ڕوون نییه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ ده‌ینێرن به‌ چ شێوه‌یه‌ ده‌بێت، له‌ماوه‌ى ڕابردوودا تیم له‌ به‌غداوه‌ هاتووه‌ و وردبینى کراوه‌ له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى و شوێنه‌کانى دیکه‌ش و وه‌ک بنه‌ما قبووڵ کراوه‌ که‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ دێت، به‌ڵام ئێمه‌ تا ئێستا ورده‌کارییه‌کان نازانین و به‌ گه‌یشتنى ورده‌کارییه‌کان، هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانى لێ ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه".

"سه‌باره‌ت به‌ چاکسازی، خۆتان ده‌زانن کێشه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دروست بوو، به‌ سوپاسه‌وه‌ په‌رله‌مانى کوردستان به‌ هه‌موو فراکسیۆنه‌کانییه‌وه‌ زۆر به‌ جددى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کاریان کرد و کێشه‌یه‌کى بچوک دروست بوو و ئێستا جارێکى دیکه‌ له‌ پهرله‌مان باسى له‌سه‌ر ده‌کرێت و به‌و هیوایه‌ن که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌روه‌ک حکوومه‌ت داواى کردووه‌ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان په‌سه‌ند بکرێت و بێگومان ده‌که‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌".

ده‌رباره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى کۆمپانیا فڕۆکه‌وانییه‌کان و ڕۆڵى نێوده‌وڵه‌تى له‌ کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، ڕایگه‌یاند: "پرسیارى یه‌که‌م زۆر ته‌کنیکییه‌ و ده‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى فڕۆکه‌خانه‌کان بپرسن که‌ فڕۆکه‌ى کام کۆمپانیا ده‌ست به‌کار ده‌که‌ن و که‌ى ده‌ستپێده‌که‌ن. سوپاسى هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌که‌ین که‌ ڕۆڵیان له‌ کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێ به‌تایبه‌تى سوپاسى سه‌رۆک وه‌زیران به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى بکه‌م، چونکه‌ ئه‌و سه‌رۆک وه‌زیرانه‌ و ئه‌و بڕیارى داوه‌ که‌ فڕکه‌خانه‌کان بکرێنه‌وه‌ و ئێمه‌ خۆشحاڵین و سوپاسى ده‌که‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى دیکه‌ى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایش، نێچیرڤان بارزانى ئاشکراى کرد:"ڕاستییه‌ک هه‌یه‌ که‌ کێشه‌کانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نیا پرسى کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کان و ناردنى بودجه‌ نییه‌ و کێشه‌ ى دیکه‌ش هه‌یه‌، به‌ڵام سروشتى عێراق به‌گشتى وایه‌ که‌ دیدگایه‌کى ڕوون بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى عێراق به‌گشتى نییه‌ و ئه‌گه‌رنا عێراق به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێمان وایه‌ ئه‌و کارانه‌ى ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستى پێده‌که‌ین و به‌ ئاراسته‌ى چاره‌سه‌ر ده‌چێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، نابێت به‌ هه‌نگاوى بچووک سه‌یرى بکه‌ین و هه‌نگاوى گرنگن و هیوادارین هه‌نگاوى دیکه‌یشى به‌دوادا بێت و دواى هه‌ڵبژاردن بگه‌ینه‌ لێکگه‌یشتنێکى هاوبه‌ش له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م وڵاته‌".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق له‌لایه‌ن به‌ڕێز د. فوئاد مه‌عسووم سه‌رکۆمارى عێراقه‌وه‌ و بوونى ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سایه‌تیانه‌ى به‌غدا به‌ تیرۆرست ناویان ده‌بات له‌ هه‌رێمى کوردستان و چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئهم پرسه‌، نێچیرڤان بارزانى ووتی: "سه‌باره‌ت به‌ پرسیارى یه‌که‌م که‌ مه‌سه‌له‌ى بودجه‌یه‌، گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ غه‌درێکى زۆر له‌ هه‌رێمى کوردستان کرا و زۆر زۆریش به‌داخه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ست و به‌ به‌رنامه‌ ئه‌و کاره‌ ئه‌نجام درا، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى کوردستان و هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌شێکن له‌ عێراق، نابێت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمێک له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا بکرێت و نابێت ئه‌و غه‌دره‌ى لێ بکرێت و ده‌بێت به‌پێى ده‌ستوور و به‌پێى مافى بوونى هاووڵاتیى عێراقى مافى هه‌رێمى کوردستانیش بدرێت که‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌ یاساى بودجه‌دا ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕه‌چاو نه‌کراوه‌. ئه‌وه‌ى که‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان دانراوه‌، زۆر زۆر که‌متر بووه‌ له‌و مافه‌ى که‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌تی. خۆشحاڵین به‌وه‌ى که‌ جه‌نابى سه‌رکۆمار ڕه‌تى ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ‌ڕاستى ئێمه‌ هیوادار بووین فراکسیۆنه‌ په‌رله‌مانییه‌کانى عێراقیش زۆر به‌ جددى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بکه‌ن و هه‌وڵێکى جددى بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و غه‌ده‌رى له‌ هه‌رێمى کوردستان کراوه‌ له‌ یاساى بودجه‌دا چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه‌".

"سه‌باره‌ت به‌ پرسیارى دووه‌م، وه‌ک هه‌رێمى کوردستان ده‌رده‌سه‌ریى زۆرمان له‌ده‌ست تیرۆر بینیوه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو عێراقیش زۆر ده‌رده‌سه‌رى بینیوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هاوکارى و هاریکارییه‌کى زۆر له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا ئه‌نجام دراوه‌ و زۆرێک له‌وانه‌ى که‌ داعش بوون و لێره‌ ده‌ستگیر کراون، ڕاده‌ستى به‌غدامان کردوونه‌ته‌وه‌. بێگومان تیرۆر که‌ مه‌ترسییه‌ بۆ هه‌موو عێراق و هه‌رێمى کوردستان و کورد و عه‌ره‌ب و ئێزدى و موسڵمان و مه‌سیحی، هاوکارى و هاریکاریى ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام و باشتر ده‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر لێدوانى هێزه‌کانى ئۆپۆزسیۆنى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌سه‌ر دوو ڕووداوى تیرۆرکردن له‌ سنوورى هه‌ولێر و بالیسان که‌ تیایاندا حکوومه‌تى ئێران به‌ تۆمه‌تبار ده‌زانن، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان  ووتی: "تا ئێستا به‌ فه‌رمى ناتوانین هیچ لایه‌نێک تۆمه‌تبار بکه‌ین، چونکه‌ ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ بکرێت له‌وه‌دا که‌ چ که‌سێک ئه‌م کاره‌ى کردووه‌، به‌ڵام وه‌ک بنه‌ما، هه‌ر تیرۆرکردنێک له‌ناو هه‌رێمى کوردستان مه‌حکووم ده‌که‌ین، هه‌ر لایه‌نێک بێت، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کمان نییه‌ ڕاستى بسه‌لمێنێت لایه‌نێکى دیار ئه‌و کاره‌ى کردبێت".

ده‌رباره‌ى پرسى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان که‌ ئایا دواى ناردنی، به‌ شێوه‌ى پاشه‌که‌وت ده‌بێت یان نا، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌: "گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بزانین ئه‌وان چۆن ده‌ینێرن. تا ئێستا ئه‌وه‌ لاى ئێمه‌ ڕوون نییه‌، با به‌ ڕوونى بزانین ئه‌وان چۆن ده‌ینێرن و بڕه‌که‌ى چه‌نده‌، دوایى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بڕیار ده‌ده‌ین".

پرسى داهاتووى که‌رکووک و ناوچه‌کانى دیکه‌ى جێناکۆک له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چۆنیه‌تیى ئیداره‌کردنیان، پرسیارێکى دیکه‌ بوو که‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کرا و له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان ووتی:"ده‌ستوور ئه‌وه‌ى دیارى کردووه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ پێى ده‌گوترێت ناوچه‌ى جێناکۆک، ئه‌و شوێنانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مێننه‌وه‌ تا ڕێکارى ده‌ستوورى کێشه‌کانى چاره‌سه‌ر ده‌کات، ئینجا ئه‌و شوێنه‌ چ له‌ ده‌ست ئێمه‌ بێت، چ له‌ ده‌ست به‌غدا بێت، چ له‌ ده‌ست هه‌ر لایه‌نێک بێت، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ ئه‌و شوێنانه‌ن که‌ ناکۆکیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ریان، چاره‌سه‌ره‌که‌یشى له‌ ده‌ستووردا ده‌ستنیشان کراوه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر ببن".

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى دووپات کرده‌وه‌ :"ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا داوامان کردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین، به‌ڵام به‌ ڕاستى پێشبینى ناکه‌ین هه‌موو کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ مانگێک و دوو مانگ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ چاره‌سه‌ر ببن، ئێمه‌ ده‌بێ واقعبین بین، ده‌بێ ئه‌و واقعه‌ى که‌ ئێستا هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکه‌ین. ئێستا ده‌بێ ورده‌ورده‌ هه‌وڵ بده‌ین هه‌نگاوه‌کان یه‌ک له‌دواى یه‌ک بچینه‌ پێش و چاره‌یان بۆ بدۆزینه‌وه‌. هه‌رێمى کوردستان چه‌ند جارێک باسى کردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌ و جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌یه‌وێ کێشه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراق و له‌ ناو عێراقدا چاره‌سه‌ر بکات. ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستى ئێمه‌یه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌رى و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر میکانیزمى دوولایه‌نه‌ نه‌بێت له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا، ئه‌وه‌ بۆ به‌غداش باشتره‌ و هه‌م بۆ ئێمه‌ش باشه‌ و هه‌م بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش باشه‌ که‌ هه‌ردووکمان پێکه‌وه‌ ئیداره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م نه‌ بۆشاییى ئه‌منى دروست ببێت، نه‌ کێشه‌ دروست ببێت له‌و سنوورانه‌، باشتر وایه‌ هه‌ردوولامان پێکه‌وه‌ ئیداره‌ى دۆسیه‌که‌ بکه‌ین".

ده‌رباره‌ى شێوازى ناردن و دابه‌شکردنى مووچه‌، جارێکى دیکه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان دووپاتى کرده‌وه‌: "تائێستا دیار نییه‌ به‌ چ میکانیزمێک ده‌بێت، با میکانیزمه‌که‌ یه‌کلایى ببێته‌وه‌ و ورده‌کاریى زیاترمان هه‌بوو، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بڕیار ده‌ده‌ین، ئه‌وه‌ى گرنگه‌، هه‌موو لایه‌کتان ده‌زانن که‌ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان به‌ بارێکى سه‌ختى داراییدا تێده‌په‌ڕن، بۆ ئێمه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ ئه‌وله‌وییه‌تدایه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ میکانیزمه‌که‌ چۆن ده‌بێ، تا ئێستا نازانین ئه‌وه‌ى که‌ دێت چه‌نده‌، بۆیه‌ دواتر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بڕیار ده‌ده‌ین".

هه‌روه‌ها  ووتی: "هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان زۆر به‌رگه‌یان گرت و زۆر سه‌بریان گرتووه‌ و ته‌حه‌مولیان کردووه‌، ئه‌و ته‌حه‌مول و سه‌بره‌ى که‌ هه‌یانبووه‌، جێى ڕێز و پێزانینه‌ و وشه‌یه‌ک نییه‌ بتوانم بڵێم سوپاسیان بکه‌م، به‌ ڕاستى له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌مه‌ نیشانه‌ى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌وانه‌ و تێگه‌یشتنیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌وش و بارودۆخه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان هه‌یه‌".

ده‌رباره‌ى پرسى نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌کان که‌ ئایا له‌ گفتوگۆکانى نێوان هه‌ردوو سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و عێراقدا باس کراوه‌ یان نا، نێچیرڤان بارزانى  ووتی: "ئێستا با ئه‌و دوو پرسه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، هه‌نگاوه‌کان به‌ یه‌کجار نابن، یان سفر یان سه‌د، له‌و نێوانه‌دا نه‌وه‌دونۆ هه‌یه‌، ئێمه‌ با جارێ ورده‌ورده‌ هه‌ندێ له‌مانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، دوایى بچینه‌ سه‌ر ئه‌و کێشانه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و کێشانه‌ش باس ده‌که‌ین و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا با هه‌نگاوێک ده‌ست پێبکه‌ین، بڕیارى جه‌نابى سه‌رۆک وه‌زیران به‌ کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کان و ناردنى به‌شێک له‌ مووچه‌ى مووچه‌خۆران، پێمان وایه‌ هه‌نگاوى گرنگن به‌ ئاراسته‌یه‌کى ڕاست و ئێمه‌ هیوادارین هه‌نگاوه‌کانى دیکه‌شى به‌دوادا بێت له‌ خزمه‌تى هه‌موو هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق".

هه‌ر له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا داواى ڕوونکردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کرا که‌ ئایا چ گره‌نتییه‌ک هه‌یه‌ بۆ پاشگه‌زنه‌بوونه‌وه‌ى به‌غدا له‌ به‌ڵێنه‌کانى تایبه‌ت به‌ ڕه‌وانه‌کردنى مووچه‌ى هه‌رێم، به‌تایبه‌ت دواى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق و حکوومه‌تى نوێ له‌ به‌غدا، له‌و باره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى هیواى خواست پاشه‌کشه‌ له‌و پرسه‌دا نه‌بێت و شته‌کان جێبه‌جێ بکرێت، جه‌ختیشى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌یش که‌ به‌غدا له‌ به‌رامبه‌ر چ داواکارییه‌ک مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ڕه‌وانه‌ ده‌کات، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان  ووتی: "هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان، هاووڵاتیى عێراقین، ئه‌و سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌موو عێراقه‌ و یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وڵ بدات مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى کوردستانیش له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا دابین بکات. پێموایه‌ ئه‌ویش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌یرى پرسه‌که‌ ده‌کات، نه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ هیچ شتێک، له‌و چوارچێوه‌یه‌ سه‌یرى ده‌کات که‌ بتوانێت هه‌ندێک له‌و کێشانه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان هه‌یانه‌، چاره‌سه‌ر بکات".

به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونه‌وه‌ى حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و ڕاپرسى بۆ دیاریکردنى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى په‌رله‌مانى کوردستان، ووتی: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان کۆبووینه‌ته‌وه‌، ئێستا زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ من وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران ڕایبگه‌یه‌نم که‌ چ ڕۆژێک هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، له‌م نزیکانه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین".

ڕه‌وشى ئه‌منى په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان و ئه‌رکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ پاراستنى گیانى په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى باسکراو له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌ بوو و له‌و باره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ته‌ئکیدى له‌وه‌ کرده‌وه‌ :"ئه‌وانه‌ى وه‌ک په‌نابه‌ر له‌ هه‌ریمى کوردستانن، حکوومه‌تى هه‌رێم ئه‌رکیه‌تى گیانى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بپارێزێت و هه‌موو هه‌وڵێکیش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى گیانى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ پارێزراو بێت، ئه‌وه‌ وه‌ک سیاسه‌ت و پره‌نسیپ و له‌ هیچ شتێکیش درێغى ناکات بۆ ئه‌وه‌ى گیانیان پارێزراو بێت، ئه‌وانه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانن، په‌نابه‌رن لێره‌، ئێره‌ ماڵى خۆیانه‌ و ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ین گیانیان پارێزراو بێت و به‌دڵنیاییش هه‌وڵى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

ده‌رباره‌ى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا که‌ تا چه‌ند ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ حکوومه‌تى عێراق بیه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستاندا فراوانتر ووتی: "قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان قه‌واره‌یه‌کى ده‌ستوورییه‌، ده‌ستوورى عێراق ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌کانى هه‌رێمى کوردستانى دیارى کردووه‌. ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌ و ئێمه‌ ده‌یبینین، هه‌رێمى کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و مافه‌ ده‌ستوورییانه‌ى خۆى ده‌کاته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى عێراقدا و زۆریش وریایه‌ له‌وه‌ى هیچ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى کوردستانه‌ له‌ ده‌ستى نه‌دات و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستوورین و ده‌ستووره‌که‌ گه‌لى عێراق ده‌نگى بۆ داوه‌ و هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ئه‌و ده‌ستووره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌کات".

پرسى کردنه‌وه‌ى ڕێگاى سه‌ره‌کیى نێوان هه‌ولێر - که‌رکووک و هه‌ڵوێستى به‌غدا له‌و باره‌یه‌وه‌، دوایین ته‌وه‌رى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى ووتى:”چاوه‌ڕوانى لایه‌نى عێراق ده‌که‌ین و ڕامانگه‌یاندووه‌ چاوه‌ڕێى هه‌ندێ ڕێکارى سه‌ربازى له‌ به‌غدا ده‌که‌ین، له‌سه‌ر ئه‌و حسابه‌ى به‌ ئێمه‌ گوتراوه‌ ئه‌وان ئێستا ئاماده‌ نین بۆ کردنه‌وه‌ی. ئێمه‌ وه‌ک هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ین و ده‌یکه‌نه‌وه‌".



ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


رۆڵ و گرنگى گه‌نج له‌ هه‌ڵبژاردندا
نه‌ورۆز یادێکى نه‌ته‌وه‌ییه‌
با هه‌موو رۆژکانی ساڵ بکه‌ینه‌ رۆژی 8(ی) مارس
حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستى به‌ ته‌عریب کردنى که‌رکوک کردووه‌
حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
پانۆراماى کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانى نێچیرڤان بارزانى له‌ داڤۆس
Created by AVESTA Group