هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین به‌رده‌وامه‌ و١٥٠ هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون

3/17/2018 6:46:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







به‌پێى راپۆرته‌ هه‌واڵیه‌کان زیاتر له‌ 300 خه‌ڵکى مه‌دنى له‌ عه‌فرین به‌هۆى بۆردومانه‌کانى له‌شکرى تورکیاوه‌ کوژراون

ڕێکخراوى چاودێرى سوریا بۆ چاودێرى به‌ سه‌ر مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت له‌رۆژى چوارشه‌مه‌وه‌ تاکو ئێستا زیاتر له‌ 150 هه‌زار که‌س له‌عه‌فرین ئاواره‌بوونه‌. راپۆرتیان پێگه‌یشتووه‌ که‌ فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیا و تۆپبارانى تۆپخانه‌کانیان تا نیوه‌ى شه‌وى رابردوو به‌ توندى هه‌ریمى عه‌فرینیان بۆمباران کردووه‌.

سه‌ربارى ئه‌وه‌ هێزه‌کانى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌ل یه‌په‌گه‌ و رێخراوى روانگه‌ى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤیش ده‌ڵێن که‌ فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى تورکیا دوێنێ شه‌و بۆردومانى نه‌خۆشخانه‌ى سه‌ره‌کى عه‌فرینیان کردووه‌و له‌ئه‌نجامدا 11 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. به‌ڵام له‌شکرى تورکیا ده‌ڵێت "وا نیه‌ و له‌ تویتێکدا بڵاویان کردۆته‌وه‌ که‌ هه‌واڵى بۆردومانکردنى نه‌خۆشخانه‌که‌ى عه‌فرین راست نیه‌ و ئێمه‌ له‌ ئۆپراسیۆنه‌که‌ماندا خه‌ڵکى مه‌ده‌نى ناکه‌ینه‌ ئامانج." به‌ڵام به‌پێى راپۆرته‌ جیهانییه‌کانى مافه‌کانى مرۆڤ زیاد له‌ 300 خه‌ڵکى مه‌دنى له‌ عه‌فرین به‌هۆى بۆردومانه‌کانى له‌شکرى تورکیاوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ به‌ ئامانجگرتنى ماڵ و حاڵى هاوڵاتیان و برینداربوونى سه‌دان که‌س له‌ عفرین و ده‌وروبه‌ری.

سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروبارى مافه‌کانى مرۆڤ رۆژى هه‌ینى رایگه‌یاند که‌ به‌ سه‌ختى نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌ سوریا به‌هۆى ئه‌و ئاواره‌بوونه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ى خه‌ڵکانى غوته‌و عه‌فرین.

ئانتۆنیۆ گوتێررێس ووتی: "له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌ داخم که‌ بڕیارى ٢٤٠١ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ دوژمنایه‌تى که‌ به‌ تێکراى ده‌نگ له‌ ٤ى مارس له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌وه‌ په‌سند کرا، جێ به‌ جێ نه‌کراوه‌."

ڕاڤینا شامده‌سانى وته‌بێژى کۆمسیارى باڵاى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ جنێڤ ڕایگه‌یاند، "چه‌ندین ڕاپۆرتى ئاگادارکردنه‌وه‌ و مه‌ترسیدارمان سه‌باره‌ت به‌ کوژران و برینداربوونى خه‌ڵکى مه‌ده‌نى له‌ عه‌فرین پێگه‌یشتووه‌ که‌ به‌هۆى هێرشه‌ ئاسمانى و زه‌مینییه‌کانى تورکیاوه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی."

ئاماژه‌ى به‌ ئه‌وه‌ش کرد که‌ به‌پێى ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ى به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌ بارودۆخى مرۆیى عه‌فرین به‌ره‌و خراپتربوون ده‌ڕوات و به‌هۆى زیادبوونى ژماره‌ى بریندارانه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌کانى ئه‌و شاره‌ ڕووبه‌ڕووى که‌مى پێداویستى پزیشکى بوونه‌ته‌وه‌.

شامده‌سانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ له‌ ئه‌نجامى بۆردومانه‌کانى سوپاى تورکیا سه‌رچاوه‌کانى ئاوى کانتۆنى عه‌فرین زیانێکى زۆریان پێگه‌یشتووه‌ و دانیشتوانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووى که‌مى ئاوى خواردنه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

24 ى مانگى ڕابردوو ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ کۆى ده‌نگ پڕۆژه‌ بڕیارى 2401 ى سه‌باره‌ت به‌ ڕاگه‌یاندنى ئاگربه‌ستى 30 ڕۆژه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى سوریا به‌ عه‌فرینیشه‌وه‌ په‌سه‌ندکرد، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه‌، ئه‌مریکا هه‌مان نیگه‌رانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانى هه‌یه‌ له‌باره‌ى دۆخى مرۆیى له‌ سوریا، هیچ پاساوێک نیه‌ بۆ کردنه‌ ئامانجى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نی.

هێدر ناورت وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌ تویته‌رى خۆى ڕاپۆرتێکى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانى سه‌باره‌ت به‌ خراپى بارودۆخى عه‌فرین هاوبه‌شیکردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌، "ئه‌مریکا هه‌مان نیگه‌رانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانى هه‌یه‌ له‌باره‌ى دۆخى مرۆیى له‌ سوریا؛ هیچ پاساوێک نیه‌ بۆ کردنه‌ ئامانجى هاوڵاتى مه‌ده‌نى و داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌که‌ین پابه‌ندى ئاگربه‌ستى سوریا ببن، هاوڵاتیانى مه‌ده‌نى بپارێزن و خۆیان له‌ گرژییه‌کان به‌دووربگرن".

ئه‌و وته‌بێژه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌، "ئه‌مریکا داوا ده‌کات سه‌رنج بخرێته‌وه‌ سه‌ر شه‌ڕى داعش".


زۆرترین خوێندراو