له‌سلێمانى بۆ عه‌فرین سێ رۆژ ماته‌مینى راده‌گه‌یه‌نرێ

3/18/2018 7:11:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز








پارێزگارى سلێمانى هه‌موو چالاکییه‌کانى نه‌ورۆزی راگرت و سێ رۆژ ماته‌مینى گشتى له‌ شارى سلێمانى  راگه‌یاند.

ئه‌مشه‌و 18-3-2018هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانی، له‌راگه‌یه‌نراوێکدا به‌هۆى ئه‌و باروجۆخه‌ى روبه‌روى  عه‌فرین بۆته‌وه‌ ماوه‌ى 3 رۆژ ماته‌مینى گشتى له‌ سلێمانى راگه‌یاند.

 

ده‌قى راگه‌نراوه‌که‌ى پارێزگارى سلێمانى :

 

به‌ناوى خوداى مه‌زنى میهره‌بان

مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانى جیهان..

خه‌ڵکى شکۆمه‌ندو سه‌ربه‌رزى کوردستان..

خه‌ڵکى جوامێرو خه‌مخۆرى هه‌موو سنورى پارێزگاى سلێمانی..

کاره‌ساتى داگیرکردن و شه‌ڕو کوشتارو که‌وتنى ئاشتیى شارى (عه‌فرین)، هه‌موومانى هه‌ژاند، گشت کۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تیى خسته‌وه‌ به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کى نوێ، تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک که‌ ده‌بوو ئه‌زمونبکرایه‌و خه‌ڵک و خاکێک که‌ مه‌ردانه‌ ڕوبه‌ڕوى تیرۆریستانى داعش بوونه‌وه‌و، خواستى چه‌سپاندنى ئاشتیى و ئاسایش و ئارامیى و ئازادیى و دادپه‌روه‌ریى و ئاوه‌دانیان بۆ هه‌موو ناوچه‌که‌و جیهان هه‌بوو، شه‌ڕو ماڵوێرانیى و به‌ریه‌ککه‌وتنى به‌رژوه‌ندییه‌ ئابووریى و سه‌ربازییه‌کان؛ به‌رده‌رگاى ماڵیان پێنه‌گرێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌برى ستایشکردن، بوونه‌ قوربانى هێرشه‌ سه‌ربازییه‌کان و کاره‌ساتى مرۆیى گه‌وره‌ له‌م ناوچه‌ گڕگرتووه‌دا که‌وته‌وه‌.

ئێمه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانی؛ به‌ئیراده‌یه‌کى به‌هێزو دڵێکى پێ‌ له‌ خه‌مه‌وه‌، ده‌خوازین ئاشتیى جێى شه‌ڕو، ئاوه‌دانیى جێى وێرانکاریى و، ئازادیى شوێنى داگیرکاریى بگرنه‌وه‌و، هه‌رچى زووه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان بکشێنه‌وه‌و خه‌ڵکى ئاواره‌و لانه‌شێواوى عه‌فرین بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنى خۆیان و ئاشتیى و ئاسایش بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌که‌.

داوا له‌ خه‌ڵکى کوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیش ده‌که‌ین؛ به‌ شێوازێکى مه‌ده‌نیانه‌و ئاشتییانه‌و به‌ گیانێکى مرۆڤدۆستانه‌ى لێبوردانه‌، گوزارشت له‌ ماته‌م و پشتیوانیى و هه‌ڵوێسته‌کانیان بکه‌ن، ئه‌م دۆخه‌ بکه‌نه‌ زه‌مینه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کى نیشتمانیى ڕاسته‌قینه‌و به‌هێزکردنێکى لۆژیکیانه‌ى ئیراده‌ى نیشتمانیمان. 

داوا له‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تیى ده‌که‌ین، ئاواره‌کان بپارێزێت و به‌هاناى برینداران و لێقه‌وماوانى عه‌فرینه‌وه‌ بچێت و درودو سڵاو بۆ شه‌هیده‌ شکۆمه‌نده‌کان ده‌نێرین، هه‌ر له‌م ماته‌م و کۆسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌دا؛ بڕیارماندا:

-له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ 18ى ئازارى 2018، تا ئێواره‌ى ڕۆژى 21ى ئازارى 2018، ماته‌مى سه‌رتاسه‌رى له‌ سنورى پارێزگاکه‌ماندا ڕابگه‌یه‌نین.

- یادى نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ ده‌گۆڕین بۆ (نه‌ورۆزى پشتیوانیی)و ئاهه‌نگى نه‌ورۆز ڕاده‌گرین و ده‌یکه‌ینه‌ نه‌ورۆزى ماته‌م بۆ پشتیوانیى خه‌ڵکى عه‌فرین.

- پردى یه‌کتربڕى خه‌بات له‌سه‌ر شه‌قامى بازنه‌یى مه‌لیک مه‌حمود، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ناوده‌نێن:(عه‌فرین).

 

د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر

پارێزگارى سلێمانی

18ى ئازارى 2018


زۆرترین خوێندراو