4
7 نێچیرڤان بارزانی داوا له‌کۆمسیۆن ده‌کات نیگه‌رانیى لایه‌نه‌کان به‌ جددى وه‌ربگرێت
16/5/2018
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز








پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16 ى مایسى 52018 له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، باسى له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و دۆخى ناوچه‌که‌وه‌ به‌گشتى کرد.

له‌ وته‌یه‌کدا ووتى "ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ گه‌لى عێراق به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى و گه‌لى کوردستان به‌تایبه‌تى بکه‌م. سوپاسى هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌که‌م که‌ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگداندا کرد که‌ سوپاس بۆ خوا به‌ ‌شێوه‌یه‌کى ئارام به‌ڕێوه‌چوو بێ ئه‌وه‌ى کێشه‌ى گه‌وره‌ دروست ببێت، ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا سه‌رکه‌وتنێکى باش بوو بۆ هه‌موو گه‌لى عێراق به‌تایبه‌تى که‌ له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ هیچ کێشه‌یه‌کى وا گه‌وره‌ ڕووینه‌دا. هیوادارین قۆناغى دواى هه‌ڵبژاردن، ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو سیاسییه‌کانى عێراق ده‌رسێک وه‌رگرن که‌ زیاتر گرنگى به‌ پێدوایستى و داواکاریى خه‌ڵکى عێراق به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌پێناو به‌دیهێنانى ژیانێکى به‌خته‌وه‌ر و دۆخێکى باشتر له‌ڕووى خزمه‌تگوزارى و ئیش و کاره‌کانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک، بده‌ن".

نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌رده‌وامیى وته‌که‌یدا ڕایگه‌یاند "هه‌ر دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى فه‌رمیى هه‌ڵبژاردن، گفتوگۆ بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى عێراق له‌ به‌غدا ده‌ستپێده‌کات و ئێمه‌ش وه‌ک لایه‌نى کوردى زۆر به‌ جددى به‌شدار ده‌بین له‌و گفتوگۆیانه‌دا که‌ بۆ پێکهێنانى حکوومه‌تى نوێى ئه‌نجام ده‌درێت. ده‌مه‌وێ سوپاسى کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان و هه‌موو ده‌زگاکانى ئه‌منى بکه‌م که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر ماندوو بوون، سوپاسى هاووڵاتیان ده‌که‌م بۆ به‌شداریکردنیان، هه‌روه‌ک ئاگادارن ڕێژه‌ى به‌شداریکردن له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌چاو به‌شه‌کانى دیکه‌ى عێراق به‌رزتر بوو و ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌کى باشه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان که‌ جێگه‌ى ڕێز و پێزانینه‌. هه‌رێمى کوردستان هه‌ست ده‌کات که‌ قۆناغ و ده‌ستپێکردنێکى تازه‌یه‌ له‌ عێراقدا و ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافق و شه‌راکه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگات به‌ چاره‌سه‌رێک که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو گه‌لى عێراق و گه‌لى کوردستاندا بێت، هه‌رێمى کوردستان به‌و هیوایه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا. بێگومان له‌مباره‌یه‌وه‌ یه‌کڕیزیى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان یه‌کجار گرنگه‌ و پێویسته‌ یه‌کڕیزیى نێوخۆمان بپارێزین و به‌ یه‌کگرتوویى له‌ به‌غدا ئاماده‌ بین".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێکردنى دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان، ئاشکراى کرد "له‌ ‌ڕاستیدا تا ئێستا مه‌سافه‌یه‌کى جێگیرمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هاوپه‌یمانێتییه‌کان و تا ئێستاش به‌ ‌شێویه‌کى فه‌رمى نه‌که‌وتووینه‌ته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت و هاوپه‌یمانی، بێگومان له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا شاندى ئێمه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان قسه‌ ده‌که‌ین و هیچ لایه‌نێک له‌ ‌سه‌رووى لایه‌نێکى دیکه‌وه‌ دانێین و به‌پێى ئه‌جێنداى ئه‌و لایه‌نانه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژوه‌ندیى گه‌لى کوردستان و عێراقدا".

ده‌رباره‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان، نێچرڤان بارزانى ووتى "ئه‌و شه‌ش لایه‌نانه‌ى که‌ نیگه‌رانیى خۆیان له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ربڕیوه‌ له‌ سلێمانى و که‌رکووک، بۆ ئه‌وه‌ى قافیه‌ى شعره‌که‌شیان به‌ ڕێکوپێکى بڕوات هه‌ولێر و دهۆکیشیان تێخستووه‌. ئێمه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌کانیان تێده‌گه‌ین و وه‌کو سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمیش ئه‌و هه‌واڵانه‌م پێگه‌یشتووه‌ و ئێمه‌ش له‌و بابه‌ته‌ نیگه‌رانین، ئه‌وه‌ى من داواى ده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت کۆمسیۆن ئه‌م بابه‌ته‌ و داواکاریى ئه‌و لایه‌نانه‌ زۆر به‌ جددى وه‌رگرێت، چونکه‌ ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ وه‌ک هه‌رێمى کوردستان گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ یه‌کڕیزى بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌غدا، ئێستا ئه‌مانه‌ وه‌کو لایه‌نى جددى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر پرۆسه‌که‌ نیگه‌رانن، ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ین ئه‌وه‌ى بۆمان بکرێت ئه‌و نیگه‌رانییه‌ نه‌مێنێت و بێگومان ده‌بێت کۆمسیۆن ئه‌و کاره‌ بکات. من وه‌ک سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێم داوا ده‌که‌م کۆمسیۆن به‌ جددى بێته‌ سه‌ر هێل، ئینجا به‌ ‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت و ئه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ باشه‌، چونکه‌ ده‌بێت ئێمه‌ کۆتایى به‌و دۆخه‌ بهێنین که‌ به‌رده‌وام باس له‌وه‌ بکرێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ پاک نییه‌ و کێشه‌ى هه‌یه‌. ئێمه‌ لاریمان نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌موو کوردستانیش بگرێته‌وه‌ و ده‌بێت هه‌ندێک هه‌نگاوى جددى به‌تایبه‌تى له‌ که‌رکووک و سلێمانى و شوێنه‌کانى تریش چ له‌ هه‌ولێر چ له‌ دهۆک له‌ هه‌ر شوێنێک ئه‌م نیگه‌رانییه‌ هه‌یه‌، ده‌بێت یه‌کلا بکرێته‌وه‌ و به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ پێکه‌وه‌ بچینه‌وه‌ به‌غدا و ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ که‌ نیگه‌رانیى جددین‌، من وه‌ک سه‌رۆکى حکوومه‌ت پێموایه‌ ده‌بێت به‌ جددى وه‌ریگرین و داوا له‌ کۆمسیۆنیش ده‌که‌م زۆر به‌ جددى کارى له‌سه‌ر بکات".

سه‌باره‌ت به‌ دیدار و گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکییه‌کان و هه‌ڵوێستیان بۆ قۆناغى داهاتووى عێراق، نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند "به‌ڵێ برێت مه‌کگۆرگ هاتۆته‌ ئێره‌ و یه‌کترمان بینیوه‌، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا قسه‌مان له‌گه‌ڵ برێت مه‌کگۆرگ کردووه‌ و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت حکوومه‌تێک پێکبهێنرێت که‌ له‌ خزمه‌تى هه‌موو هاووڵاتیانى عێراقدا بێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌یرى ده‌که‌ن. هه‌ستم نه‌کرد ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێک هه‌بێت و لایه‌نێک له‌سه‌ر لایه‌نێکى دیکه‌ بسه‌پێنن و ئه‌مه‌ به‌ پرۆسه‌یه‌کى عێراقى ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت عێراقییه‌کان خۆیان بڕیار بده‌ن و ده‌یانه‌وێت حکوومه‌تێک پێکبهێنرێت گرنگى به‌ خزمه‌تگوزارى و ژیانى ڕۆژانه‌ و ئابوورى و هه‌لى کار بۆ هه‌موو خه‌ڵکى عێراق بدات. بڕیاره‌ کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام بن و ئه‌مڕۆش دیسانه‌وه‌ سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌کات و له‌ ئاینده‌شدا سه‌ردان ده‌کات. دیداره‌کانى مه‌کگۆرگ به‌رده‌وام ده‌بن له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکى دیکه‌دا سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیى دروستکردنى کۆده‌نگیى لایه‌نه‌ کوردییه‌کان له‌ عێراق و به‌شداریکردنى لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌کاندا ئه‌گه‌ر کۆده‌نگى دروست نه‌بوو،  ئاشکراى کرد "بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا بتوانین کارى جددى بکه‌ین، ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێکمان ئه‌وه‌ بێت که‌ به‌ یه‌کگرتوویى له‌ به‌غدا ئاماده‌ بین. ئه‌و نیگه‌رانییه‌ى که‌ لایه‌نه‌کان هه‌یانه‌ بۆ من وه‌ک سه‌رۆکى حکوومه‌ت، نیگه‌رانیى جددین و ده‌مه‌وێت ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ نه‌مێنن، بۆ نه‌هێشتنیشى داوا له‌ کۆمسیۆن ده‌که‌م هه‌موو ڕێکارێک بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى نیگه‌رانیى ئه‌م لایه‌نه‌نه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌مێنێت، چونکه‌ مه‌رجى سه‌رکه‌وتنى ئێمه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت به‌یه‌که‌وه‌ بین. له‌و 57 کورسیه‌ى که‌ هه‌مانه‌ له‌وێ ده‌بێت به‌یه‌که‌وه‌ بین و یه‌ک فراکسیۆنى یه‌کگرتوو بین و به‌ هێزه‌وه‌ له‌وێ به‌شدار بین. هه‌ندێک گرفت و نیگه‌رانى هه‌یه‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ى که‌ ده‌بێت ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌ ئێمه‌ نین، به‌ڵام من خۆشم وه‌ک سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داوا ده‌که‌م کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کان نیگه‌رانییه‌کان بڕه‌وێنێته‌وه‌ جا به‌ ژمارده‌نه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست، یان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌کى دیکه‌ له‌ که‌رکووک و سلێمانى و هه‌ر شوێنێکى دیکه‌ى کوردستان. من ئه‌مه‌ زۆر به‌ ئاسایى ده‌بینم و پێویسته‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت و لایه‌نه‌کانیش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌غدا".

سه‌باره‌ت به‌ باس نه‌کردنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان له‌ مه‌رسوومى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا، نێچرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند "من داواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستانم کردووه‌ به‌ هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ و هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم، یان په‌رله‌مان، یان ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان بێت، من لێره‌ ده‌مه‌وێ وه‌کو پارتى ئه‌و قسه‌یه‌ بکه‌م که‌ هیچ کێشه‌یه‌ک نییه‌ و ئه‌گه‌ر ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئێمه‌ ئاماده‌ین و به‌شدار ده‌بین".

باسکردنى ئیستحقاقى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا و ئه‌نجامه‌کانى هه‌ردوو پارێزگاکانى که‌رکووک و سلێمانى و دۆخى ئێستاى که‌رکووک، لایه‌نێکى دیکه‌ى وه‌ڵامه‌کانى پرسیارى ڕۆژنامه‌وانان بوو و له‌مباره‌یه‌وه‌ ووتى  "گه‌ر سه‌یرى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بکه‌ین بۆ ئێمه‌ وه‌ک پارتى به‌ سوپاسه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانمان، خه‌راپمان نه‌هێناوه‌ و هه‌ر حزبێکیش دهیه‌وێت له‌وه‌ زیاترى هه‌بێت و ئه‌مه‌ شتێکى ئاساییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى که‌ به‌سه‌ر پارتى هات به‌تایبه‌تى و ئه‌وه‌ى که‌ هه‌وڵیان دا به‌سه‌ر پارتى بهێنن و ده‌رکه‌وتنى ئه‌م ئه‌نجامانه‌، به‌ ‌ڕاستى ئه‌مه‌ جێگه‌ى سوپاس و پێزانینه‌ و سوپاسى هه‌موو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى پارتیش ده‌که‌م حزبى خۆیان جێنه‌هێشت و ئه‌مڕۆ به‌ قورساییه‌کى گه‌وره‌وه‌ وه‌ک حزبى یه‌که‌مى کوردستان مایه‌وه‌ و به‌شدار بوو و له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هه‌موو فشار و کێشانه‌ش، سوپاس بۆ خوا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رچوو. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى که‌رکووک هه‌روه‌ک له‌ وه‌ڵامێکى پێشترى پرسیاره‌کاندا ووتم ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ نیگه‌رانیى جددین له‌ که‌رکووک و سلێمانى و شوێنه‌کانى دیکه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌بێت، ئێمه‌ داوا له‌ کۆمسیۆن ده‌که‌ین ئه‌م پرسه‌ به‌ جددى وه‌رگرێت و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ک له‌وه‌ دڵنیابێت که‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ به‌غدا. ئه‌وه‌ ئیستحقاقى خۆیه‌تى و به‌و ئیستحقاقه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا. من داوا ده‌که‌م کۆمسیۆن ئه‌و دڵنیاییه‌ به‌ هه‌موو لایه‌ک بدات و ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر زۆر گرنگه‌ و ده‌بێت هه‌موو ڕێکارێک بگرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م نیگه‌رانیانه‌ نه‌مێنن".

سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهێنانى هه‌مان سیستمى ئه‌لکترۆنیى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان و هه‌وڵه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بۆ ڕازیکردنى شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕازییه‌که‌، نێچرڤان بارزانى ووتى  "هه‌ر ڕێکارێک که‌ لایه‌نه‌کان له‌سه‌رى ڕێکبکه‌ون و پرۆسه‌که‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت و کۆمسیۆن بڕیارى له‌سه‌ر بدات و لایه‌نه‌کان له‌سه‌رى ڕێککه‌ون، ئێمه‌ پشتگیرى لێده‌که‌ین. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ هه‌موو لایه‌ک دڵنیابن له‌و ده‌نگانه‌ى که‌ ده‌یده‌ن، ناکرێت خه‌ڵک وا بیر بکه‌نه‌وه‌ که‌ ده‌نگ ده‌دات و ده‌نگه‌کانیان به‌فیڕۆ ده‌ڕوات، یان ده‌نگ به‌ لایه‌نێک ده‌دات و بۆى حساب ناکرێت. ده‌بێت ئێمه‌ کۆتایى به‌م دۆخه‌ بهێنین. من له‌و باوه‌ڕه‌دام میکانیزمى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئه‌زموونێکه‌ بۆ ئێمه‌ش که‌ بزانین کێشه‌که‌ چییه‌ و به‌پێى ئه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و ڕێکاره‌ بگرینه‌ به‌ر ئه‌وه‌ى که‌ له‌ هه‌موو ڕێکاره‌کانى دیکه‌ باوه‌ڕى خه‌ڵک به‌ پرۆسه‌که‌ زیاد ده‌کات و بێگومان هه‌ر واش ده‌که‌ین. نیگه‌رانیى شه‌ش لایه‌نه‌که‌ دیسانه‌وه‌ ده‌یڵێم نیگه‌رانیى جددین، ئه‌وان ئه‌و هێزانه‌ن که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان بوونیان هه‌یه‌ و ده‌بێت نیگه‌رانییان به‌ جددى وه‌رگرین. من وه‌ک خۆم زۆر به‌ جددى وه‌رمگرتووه‌ و داواش ده‌که‌م کۆمسیۆن ڕێکارى پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م نیگه‌رانییه‌ به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى که‌ باسى لێوه‌ ده‌که‌ن."

  نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌رده‌وامیى کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکووک، ئاماژه‌ى به‌ هه‌ندێ نیگه‌رانى کرد له‌و پرۆسه‌یه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ووتى "پێمان خۆشه‌ کورد سه‌رکه‌وتوو بێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌ى عه‌ره‌ب، تورکمان، مه‌سیحى به‌خۆشى بژین و که‌رکووک و هه‌موو شوێنه‌کانى تریش به‌وه‌وه‌ جوانه‌، چونکه‌ له‌ که‌رکووک ته‌نیا کورد نییه‌، عه‌ره‌بیش هه‌یه‌، مه‌سیحیش هه‌یه‌. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ هه‌موویان پێکه‌وه‌ بژین. ئه‌گه‌ر نیگه‌رانییه‌کى له‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌ ده‌بێ داوا بکه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و نیگه‌رانییه‌ نه‌مێنێ و هه‌موومان به‌ یه‌کده‌نگ له‌ به‌غدا ئاماده‌ بین."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى دواکه‌وتنى پێکهێنانى حکوومه‌تى عێراق، تا چه‌ند کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌بێت، نێچێرڤان بارزانى ئه‌و کاریگه‌رییانه‌ى به‌ دوور زانى و له‌و باره‌یه‌وه‌ ووتی: "ئێمه‌ واده‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌مان ده‌ستنیشان کردووه‌ به‌پێى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى که‌ هه‌بووه‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى کوردستان له‌ واده‌ى خۆیاندا ئه‌نجام ده‌درێن."

ده‌رباره‌ى پلانى حکوومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌رده‌وامیى پڕۆژه‌ ستراتیژى و خزمه‌تگوزارییه‌کان، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى وه‌به‌رهێنه‌رانى ئه‌و پڕۆژانه‌ى کرد که‌ له‌ قۆناغى جێبه‌جێکردندان و کۆمپانیاى هێمن گرووپ و خالد خۆشناو، خاوه‌نى هێمن گرووپى وه‌ک جێبه‌جێکارى پڕۆژه‌ى ١٢٠ مه‌تریى هه‌ولێرى به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ که‌ ئه‌وان به‌ پاره‌ى خۆیان پڕۆژه‌کان جێبه‌جێ ده‌که‌ن، ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و متمانه‌یه‌ى به‌ حکوومه‌ت هه‌یانه‌. ن له‌و باره‌یه‌وه‌ وتى "سوپاسیان ده‌که‌م له‌ خه‌مخۆریى خۆیان بۆ هه‌رێمى کوردستان و بۆ ئه‌م وڵاته‌ ئاماده‌ بوون سه‌رمایه‌ى خۆیان که‌ له‌به‌ر ده‌ستیانه‌، ئه‌و کارانه‌ى پێ بکه‌ن و له‌ داهاتوودا حکوومه‌ت پاره‌که‌یان بداته‌وه‌." ئاماژه‌ى به‌ قۆناغى نوێى دواى هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق و کوردستان کرد، به‌وه‌ى که‌ "ته‌رکیزى ئێمه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ چۆن بتوانین خزمه‌تگوزاریى زیاتر بۆ هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین." له‌وڕووه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێکى حکوومه‌تى دووپات کردوه‌ که‌ ئه‌وله‌وییه‌تى یه‌که‌میان نه‌هێشتنى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ ده‌بێت و له‌و یه‌ک دوو مانگه‌ى دواییدا هه‌نگاوى زۆریان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌. نێچیرڤان بارزانى خواستى حکوومه‌تى هه‌رێمى خسته‌ ڕوو که‌ ده‌یانه‌وێ ورده‌ورده‌ مه‌سه‌له‌ى خزمه‌تگوزارى بۆ خه‌ڵک بگه‌ڕێته‌وه‌ و کار و پڕۆژه‌کان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌، هانى وه‌به‌رهێنه‌ران بده‌ن کارى وه‌به‌رهێنانى زیاتر له‌کوردستان ئه‌نجام بده‌ن، له‌گه‌ڵ په‌ره‌پێدانى که‌رتى گه‌شتیارى له‌ کوردستان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ناڕه‌زایه‌تیى حزبه‌کان له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ "هه‌موو حزبه‌کان با بێن سه‌یرى ده‌نگه‌کانى خۆیان بکه‌ن و هه‌ڵسه‌نگاندنێکى واقعبینانه‌ بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ى که‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆک. نامه‌وێ شته‌کان جیا بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى نیگه‌رانیى ئه‌م لایه‌نانه‌ نه‌مێنێ، ئاماده‌ین وه‌ک پارتى بۆ جیاکردنه‌وه‌ى به‌ده‌ستى ده‌نگه‌کان له‌ هه‌ولێر و دهۆک و هه‌ر شوێنێکى تر و پشتگیرى ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌و شته‌ ده‌بێ کۆمیسیۆن بیکات نه‌ک ئێمه‌."

سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆک کۆمار یان هه‌ر پۆستێکى دیکه‌ى سیادیى له‌ حکوومه‌تى داهاتووى عێراقدا به‌ ئیستحقاقى کورد دانا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وتی: "کێشه‌ى کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، پۆست نییه‌ و دوایین شت پۆسته‌کان دێت. کێشه‌که‌ زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ١٢ ساڵه‌ کورد چاوه‌ڕێى جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور ده‌کات، ١٢ ساڵه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ له‌م وڵاته‌دا جێبه‌جێ ناکرێت. ١٢ ساڵه‌ شه‌راکه‌ت له‌و وڵاته‌ ماناى نه‌ماوه‌ و ١٢ ساڵه‌ ئێمه‌ خۆمان نابینین که‌ له‌ به‌شێک له‌و پرۆسه‌یه‌داین. ١٢ ساڵه‌ هیچ شتێک ناکرێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌قامگیریى سیاسى له‌ عێراق دروست ببێت، به‌بێ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشانه‌، ئه‌و شتانه‌ دروست نابن، ده‌بێ دیدێکى ڕوون هه‌بێت بۆ عێراقى دواى ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌، به‌وه‌ى که‌ ئایا عێراقى دواى ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر مۆدێلى کۆن بچێت یان نا؟" سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌ هۆکارى سه‌رهه‌ڵدانى داعش کرد له‌ عێراق که‌ له‌ ئه‌نجامى په‌یره‌وکردنى سیاسه‌تێکى شکستخواردوو دروست بوو، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ بێهیواییى کورد له‌ به‌غدا گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ نه‌یده‌ویست ده‌ستوور جێبه‌جێ بکات، کورد بێهیوا بوو له‌وه‌ى که‌ به‌غدا بیه‌وێ مافه‌کانى کورد بدات. بۆیه‌ ووتى "ئه‌گه‌ر ئه‌زموونمان له‌و سیاسه‌ته‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ و شتێکى شکستخواردوو دووباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ى ئه‌و شته‌ که‌ پێشتر شکستى هێناوه‌. ئێمه‌ ده‌بێ له‌ عێراقدا دیدگایه‌کى ڕوونمان هه‌بێ بۆ پاشه‌ڕۆژى ئه‌م وڵاته‌. مێژوو پێمان ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر داواکاریى کورد له‌م وڵاته‌ به‌ جددى وه‌رنه‌گیرێت و جێبه‌جێ نه‌کرێت، سه‌قامگیریى سیاسى له‌ عێراقدا نابێت. ١٢ ساڵ به‌سه‌ر بۆ ئه‌زموون."

نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ کرد که‌ "کێشه‌ى ئێمه‌ گه‌لى عێراق نییه‌، گه‌لى عه‌ره‌ب نییه‌، ئێمه‌ براى یه‌کترین، به‌ڵام ده‌بێ بێین ئه‌و شتانه‌ى که‌ هه‌یه‌ جێبه‌جێ بکرێت بۆ داهاتوو و سه‌قامگیریى سیاسى له‌م وڵاته‌دا."

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێکردنى گفتوگۆکان له‌نێوان لایه‌نه‌ کوردى و عێراقییه‌کان له‌سه‌ر پێکهێنانى حکوومه‌ت له‌ به‌غدا و بوونى مه‌رج بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى کورد بۆ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى ووتی: "گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌ک کورد ماڵى خۆمان ڕێکبخه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ ئه‌م لایه‌نانه‌ دڵنیا بکه‌ینه‌وه‌ به‌وه‌ى که‌ ده‌بێ کۆمسیۆن دڵنیاییان بداتێ. له‌ناو خۆماندا وه‌ک لایه‌نه‌ کوردییه‌کان ده‌ستمان به‌ گفتوگۆ کردووه‌ و دواتریش له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌که‌وینه‌ گفتوگۆ."

ده‌رباره‌ى پرسى دابه‌شکردنى مووچه‌، سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند: "مووچه‌ وه‌کو خۆى دێت و کێشه‌یه‌ک دروست نه‌بووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێ و پێویست نییه‌ نیگه‌رانى هه‌بێت. چه‌ندین جار ووتوومه‌ ئه‌گه‌ر له‌و پرسانه‌دا کێشه‌ دروست هه‌بێت، هه‌ر خۆم به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێم که‌ کێشه‌مان هه‌یه‌. بۆیه‌ من کێشه‌ نابینم له‌و باره‌یه‌وه‌."

له‌ کۆتاییدا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، باسى له‌ پێکهاته‌ى کریستیانه‌کانى کوردستان کرد به‌تایبه‌ت کریستیانه‌کانى دانیشتووى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و له‌و باره‌یه‌وه‌ ووتی: "کریستیانه‌کان به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانییه‌وه‌ مێژوو و ڕیشه‌ى زۆر کۆنیان له‌م سنووره‌ هه‌یه‌. وه‌کوو بنه‌ما، هه‌ر هه‌نگاوێک بۆ پاراستنى ئه‌وان و بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتووى خۆیان دڵنیا بن، چ له‌ هه‌ولێر، چ له‌ به‌غدا ده‌بێ پێیان بدرێت، ئه‌مانه‌ ده‌بێ له‌و ناوچه‌یه‌ بمێننه‌وه‌ و ئێمه‌ وه‌ک حکوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا لێکتێگه‌یشتنى ته‌واو بکه‌ین و له‌پێناو دڵنیاییدان به‌و لایه‌نانه‌ى که‌ له‌و سنووره‌دا ده‌ژین. ئاماده‌ین هه‌موو هه‌نگاوێک بگرینه‌به‌ر، ئه‌مانه‌ هاووڵاتیى ئه‌م وڵاته‌ن و ده‌بێ به‌ ئاسووده‌یى له‌و وڵاته‌دا بژین. نامانه‌وێ ئه‌و دابه‌شبوونه‌ دروست ببێ به‌وه‌ى که‌ هه‌ندێ له‌مبه‌رن و هه‌ندێ له‌وبه‌رن. بۆیه‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌منییه‌تیان هه‌بێ و ژیانیان پارێزراو بێت، له‌گه‌ڵ به‌غداش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر هێل ده‌بین بۆ ئه‌و پرسه‌".


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


رۆڵ و گرنگى گه‌نج له‌ هه‌ڵبژاردندا
نه‌ورۆز یادێکى نه‌ته‌وه‌ییه‌
با هه‌موو رۆژکانی ساڵ بکه‌ینه‌ رۆژی 8(ی) مارس
حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستى به‌ ته‌عریب کردنى که‌رکوک کردووه‌
حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
پانۆراماى کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانى نێچیرڤان بارزانى له‌ داڤۆس
Created by AVESTA Group