سلێمانى ....بڕێکى زۆر زه‌یتون له‌ناوده‌برێت

5/23/2018 1:50:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز









لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ده‌ست به‌سه‌ر بڕێکى زۆر زه‌یتونى ئیسپانى به‌سه‌رچودا ده‌گرن که‌ خاوه‌نه‌که‌ى به‌نیازى ساخکردنه‌وه‌ى بووه‌.

دیار جه‌مال، نوێنه‌رى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى بازرگانى سلێمانى له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان، رایگه‌یاند؛ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێکى زۆر زه‌یتونى ماوه‌به‌سه‌رچوودا گرتوه‌ که‌له‌ وڵاتى ئیسپانیاوه‌ هاورده‌کراوه‌ و خاوه‌نه‌که‌ى له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا خستویه‌تیه‌ بازاڕه‌وه‌.

دیار جه‌مال ووتی؛ بۆ ساخکردنه‌وه‌ى زه‌یتونه‌که‌، خاوه‌نه‌که‌ى له‌ ته‌نه‌که‌وه‌ کردویه‌ته‌ سه‌تڵه‌وه‌ و ده‌ستکارى لیبڵه‌که‌ى کردوه‌ هه‌روه‌ها ناوى زه‌یتونه‌که‌شى گۆڕیوه‌.

ووتیشی؛ به‌مه‌به‌ستى سه‌لامه‌تى گیانى هاوڵاتیان و به‌رز نه‌بونه‌وه‌ى نرخى کاڵاو شمه‌که‌کان، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیه‌وه‌ له‌ مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا، زیاتر چاودێرى بازار و دوکان و کۆکاگانى عه‌مبارکردنى خوارده‌مه‌نى ده‌کرێت.

راشیگه‌یاند؛ به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى له‌ناوبردنى سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان سه‌رجه‌م بڕى ئه‌و زه‌یتونه‌ى ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ناوچه‌ى تانجه‌رۆ له‌ناو ده‌برێت و خاوه‌نه‌که‌شى روبه‌روى یاسا ده‌کرێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو