به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌شدارى مه‌راسیمى به‌خاکسپاردنى ته‌رمى عادل موراد ده‌کات

5/24/2018 12:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 24 ى مایسى 2018 به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌شداریکرد له‌مه‌راسیمى به‌خاکسپاردنى ته‌رمى عادل موراد ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى یه‌کێتى  و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌ گردى سه‌لیم به‌گ له‌شارى سلێمانى.

له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا له‌لایه‌ن به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود تاجه‌گوڵى وه‌فاو هاورێیه‌تى له‌سه‌ر گڵکۆى خوالێخۆشبوو داناوهه‌روه‌ها به‌رپرسان و نوێنه‌رى وڵاتان و خانه‌واده‌ و هاووڕێى و هاوسه‌نگه‌رانى کاک عادل موراد و هاووڵاتیان به‌شداری مه‌راسیمه‌که‌بوون 



ژیاننامه‌ى عادل موراد

 عادل موراد، له‌ دایکبوونى ساڵى 1949 ى شارى به‌غداده‌ و به‌ ره‌چه‌ڵه‌ک ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر کورده‌ فه‌یلییه‌کان.
خوێندنى سه‌ره‌تایى له‌ خوێندنگه‌ى کوردانى فه‌یلى و هه‌ردوو قۆناغى ناوه‌ندى و ئاماده‌یى له‌ به‌غدا ته‌واو کردووه‌.

عادل موراد، سه‌ره‌ڕاى دوورى له‌ کوردستان ژیانى سیاسیى له‌ پێناو کوردایه‌تیدا به‌ زوویى ده‌ستپێکردووه‌. 
له‌و پێناوه‌شدا له‌ ساڵى 1956 له‌ به‌غدا په‌یوه‌ندى به‌ رێکخستنه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ کردووه‌.
له‌ ساڵى 1966دا له‌ به‌شى کیمیاى کۆلێژى په‌روه‌رده‌ى زانکۆى به‌غدا وه‌رگیراوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رپه‌رشتى به‌شێکى رێکخستنه‌کانى به‌غدادى کردووه‌.
له‌ ساڵى 1969 کاتێک به‌شێکى رێکخستنه‌کان ئاشکرا ده‌بن و واز له‌ خوێندن ده‌هێنێت و روو ده‌کاته‌ شاخ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌.

له‌ ژیانى پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌بێته‌ ئه‌ندامى ناوچه‌ى پارتى له‌ ناوچه‌ى باڵه‌کایه‌تى و له‌ هه‌مان کاتدا له‌به‌ر که‌مى مامۆستاى گونده‌کان، له‌ خوێندنگه‌ى یه‌کێک له‌ گونده‌کان ده‌ست به‌کارى مامۆستایه‌تى ده‌کات.
پاش راگه‌یاندنى به‌یاننامه‌ى 11ى ئازاریى ساڵى 1970 له‌ کۆنگره‌ى یه‌کێتى قوتابیانى کوردستان به‌ سکرتێرى یه‌کێتیه‌که‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت.
له‌دواى ئه‌مه‌ عادل موراد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدادو تا ساڵى 1974 و به‌ر له‌ ده‌سپێکردنه‌وه‌ى شه‌ڕله‌ نێوان کوردو رژێمیدا، به‌غدا به‌جێ ده‌هێڵیت.
دواترو له‌ پاش هه‌ره‌س هێنانى شۆڕشى ئه‌یلول له‌ ساڵى 1975 ئاواره‌ى ئێران ده‌بێت و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا ئێران به‌جێده‌هێڵیت و روو ده‌کاته‌ وڵاتى سوریا.
کاتێک ده‌چێته‌ سوریا، له‌وێ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال په‌یوه‌ندى دروست ده‌کات و به‌شدار ده‌بێت له‌ دامه‌زراندنى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان.
دوا به‌دواى دامه‌زراندنى یه‌کێتی، لێپرسراوێتى رێکخستنى نێو وڵاتى ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ و دواتریش بۆ دروستکردنى رێکخستن له‌ ئه‌وروپا، ده‌چێته‌ ئه‌وروپا و توانى بناغه‌یه‌ک بۆ رێکخستنى یه‌کێتى له‌ چه‌ند وڵاتێکى ئه‌وروپى دابنێت.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سوریا، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى دیکه‌ى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ردا سه‌رقاڵى دابینکردنى پێویستیه‌کانى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى خه‌باتى چه‌کدارى ده‌بێت له‌ کوردستان و له‌م رووه‌وه‌ لێپرسراوى ئه‌رکه‌ لۆجستیه‌کان و ناردنى مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى بۆ ناو وڵات ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ
له‌ مانگى کانوونى دووه‌مى ساڵى 1979 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کوردستان و له‌ ناوزه‌نگ ده‌گیرسێته‌وه‌. 
به‌ڵام له‌ مانگى شوباتى هه‌مان ساڵدا، له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکارى سیاسى واز له‌ یه‌کێتى ده‌هێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سوریا، پاشان له‌ رۆژنامه‌ى سه‌فیر وه‌ک رۆژنامه‌نووس ده‌ست به‌کار ده‌بێت.
له‌ ساڵى 1981 په‌یوه‌ندى به‌ حزبى سۆسیالیستى کوردستان ده‌کات و له‌ کۆنگره‌ى یه‌که‌مى ئه‌و حزبه‌دا که‌ له‌ مانگى ئایاردا به‌سترا، به‌ ئه‌ندامى کۆمیته‌ى سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵده‌بژێردرێت.

پاشان و له‌ ساڵى 1994 ده‌چێته‌وه‌ نێو ریزه‌کانى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان  وپله‌ى ئه‌ندامى کۆمیته‌ى سه‌رکردایه‌تى پێده‌درێت.
دواتر له‌ شارى هه‌ولێر لێپرسراوێتى مه‌کته‌بى ناوه‌ندنى راگه‌یاندى یه‌کێتى پێ ده‌سپێردرێت و تا ساڵى 2000 به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا وه‌ک لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى له‌ سوریا دیاریده‌کرێت..
له‌ کانوونى دووه‌مى ساڵى 2003دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کوردستان و به‌شدار ده‌بێت له‌و هه‌وڵانه‌ى که‌ بۆ رژێمى به‌عس له‌ ئارادا بوون.
له‌گه‌ڵ رووخانى رژێمى به‌عس له‌ ساڵى 2003دا ده‌چێته‌ به‌غداو ئه‌رکى په‌یوه‌ندى و دیپلۆماتکارانه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆو ماوه‌یه‌کیش له‌ ئه‌نجوومه‌نى حوکم  نوێنه‌رى سه‌رۆک مام جه‌لال ده‌بێت.
ساڵى 2004 ده‌بێته‌ باڵیۆزى عیراق له‌ رۆمانیا
له‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2010 له‌ کۆنگره‌ى سێیه‌مى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستاندا خۆى بۆ کۆمیه‌تى سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵنابژێرێت. له‌ ساڵى 2012دا لێپرسراوێتى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌کێتیى پێده‌درێت. که‌ ئه‌مه‌ دوایین وێستگه‌ى کارى سیاسى به‌گشتى و له‌ ناو یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان ده‌بێت.
تاله‌رۆژى 18-5-2018 له‌ وڵاتى ئه‌ڵمانیا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ کۆچى دوایى کرد.


زۆرترین خوێندراو