سلێمانی ... پشکنین بۆ بازار و شوێنه‌گشتیه‌کان زیاتر ده‌کرێ

5/26/2018 5:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز









به‌مه‌به‌ستى رێگرى کردن له‌ فرۆشتنى کاڵاوشمه‌کى خراپ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو له‌ مانگى ره‌مه‌زان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامه‌یه‌تى سلێمانى سه‌ردان و پشکنینه‌کانیان بۆ بازار و شوێنه‌گشتیه‌کان زیاتر بوه‌ و لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌مانگى ره‌مه‌زان-یشیان پێکهێناوه‌.


لیژنه‌ى مانگى ره‌مه‌زان

گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند؛ له‌ مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا سه‌ردان و پشکنین بۆ بازاێ‌ و شوێنه‌ گشتیه‌کان له‌ به‌ره‌به‌یانى زووه‌وه‌ تا دره‌نگانێکى شه‌و به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئاسایشى ئابورى و چاودێرى بازرگانى و ده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌کانى ترى حکومه‌ت زیادى کردوه‌، توانیومانه‌ تاراده‌یه‌کى زۆر باش کۆنترۆڵى بازار بکه‌ین، له‌ هه‌ر شوێنێک سه‌رپێچى کرابێت راسته‌وخۆ لیژنه‌کان روبه‌روى یاسایان کردونه‌ته‌وه‌.

ووتی؛ له‌به‌ر پیرۆزى مانگى ره‌مه‌زان به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى لیژنه‌یه‌کى تایبه‌تى به‌ مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆز پێکهێناوه‌ که‌ رێگرى له‌ فرۆشتنى خواردنه‌وه‌ مه‌ستیه‌کان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌کات، وتیشی؛ له‌ چه‌ند رۆژى رابردودا لیژنه‌ى مانگى ره‌مه‌زان ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێکى زۆر خواردنه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتووه‌.



گرنگى زیاتر به‌ لایه‌نى ته‌ندروستى ده‌درێت

چاودێرى کردنى لایه‌نى ته‌ندروستى دوکان و بازاێ‌ و شوێنه‌ گشتیه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ى خواردن و خواردنه‌وانه‌یان له‌مانگى ره‌مه‌زاندا پێشکه‌ش ده‌که‌ن، یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کیه‌کانى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌ت که‌ نوێنه‌ره‌کانى ته‌ندروستى به‌پێى پسپۆڕیان پشکنین بۆ ئه‌و کاڵاو شمه‌کان ده‌که‌ن به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت.

ئازاد نه‌بی، نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ووتی؛ مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا هاوڵاتیان و رۆژوه‌وان ئاره‌زوى خواردنى خۆش و سفره‌ى به‌ربانگى رازاوه‌ ده‌کات، بۆیه‌ له‌ڕوى ته‌ندروستیه‌وه‌ لیژنه‌کان به‌دواداچون و پشکنیه‌کانیان له‌سه‌ر ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ چڕکردۆته‌وه‌ له‌مانگى ره‌مه‌زاندا خواستى زیاترى له‌سه‌ره‌.

رونیکرده‌وه‌؛ پێویسته‌ دوکاندار و بازرگانه‌کان پابه‌ندى رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌کان بن و ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ى به‌هاوڵاتیانى ده‌فرۆشن شێوازى دروستکردن و عه‌مبارکردنیان به‌پێى مه‌رجه‌کانى ته‌ندروستى بێت بۆئه‌وه‌ى شیاوى خواردن و به‌کارهێنان بێت.

ووتیشی؛ له‌ مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا، هه‌ر دوکان و بازرگان و شوێنێک پابه‌ندى مه‌رجه‌کانى ته‌ندروستى نه‌بێت به‌شێوه‌یه‌ک روبه‌روى یاسا ده‌کرێته‌وه‌ جارێکى تر دوباره‌ى نه‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و خواردنانه‌ پێویسته‌ لایه‌نى ته‌ندروستى پارێزراوبێت. 



چاودێرى نرخ و کوالێتى کاڵاوشمه‌که‌کان ده‌کرێت


یه‌کێکى تر له‌ ئه‌رکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان، چاودێرى نرخ و کوالێتى کاڵاوشمه‌که‌کانه‌، به‌شێک له‌ بازرگان و دوکانداره‌کان مانگى ره‌مه‌زان به‌ ده‌رفه‌تێکى باش بۆ گرانکردنى نرخه‌کانیان ده‌زانن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌رێى نوێنه‌ره‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى بازرگانى رێگرى له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخ ده‌کات.
   
دیار جه‌مال، نوێنه‌رى چاودێرى بازرگانى سلێمانى رایگه‌یاند؛نرخى مانگه‌کانى (1،2،3،4) کراوه‌ به‌بنه‌ماى دیاریکردنى نرخ له‌ مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا، نرخه‌کانى هه‌ریه‌ک له‌ خوارده‌مه‌نیه‌کان وشه‌که‌ و گۆشت و چه‌ره‌سات و شیرینى و کاڵاو شمه‌که‌کانى تر له‌و مانگانه‌ى پێشودا چۆن بوه‌، پێویسته‌ له‌ مانگى ره‌مه‌زانیشدا هه‌مان نرخى بێت.

ووتی؛ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌رده‌وام به‌دواداچون بۆ نرخى ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ ده‌که‌ن هه‌ر دوکان و فرۆشیارێک مانگى ره‌مه‌زان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخى کاڵاوشمه‌که‌کانى به‌کاربهێنێت له‌لایه‌ن لیژنه‌کانه‌وه‌ روبه‌روى یاسا ده‌کرێته‌وه‌. 

ووتیشی؛ هه‌ر دوکان و بازرگانێک زانیارى سه‌رکاڵاوشمه‌که‌کان بگۆڕێت، ده‌ستکارى لیبڵه‌کانیان بکات و ناوى کاڵایه‌ک بگۆڕێت بۆ کاڵایه‌کى ترى به‌ناوبانگ، فێڵى بازرگانیه‌ و له‌ دادگا په‌ڕاوى یاسایى بۆ ده‌کرێته‌وه‌.



زۆرترین خوێندراو