له‌ زیندانێکى دهۆک 7 که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 12 که‌سیش برینداربوون

5/26/2018 5:51:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز     
 






پارێزگارى دهۆک له‌ باره‌ى رووداوى زیندانى زرکا روونکردنه‌وه‌ ده‌دات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات، ئه‌و که‌سانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆى دوکه‌ڵ و ته‌نگه‌نه‌فه‌سییه‌وه‌ بووه‌.

له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا فه‌رهاد ئه‌تروشى پارێزگارى دهۆک رایگه‌یاند : ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ زیندانى چاکسازانى گه‌ورانى دهۆک گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌هۆى ئه‌و ئاگره‌وه‌ بووه‌ که‌ به‌ندکراوێکى مادده‌ى تیرۆر کردوویه‌تییه‌وه‌ و سێجار سزاى له‌سێداره‌دانى هه‌یه‌،وتیشی  له‌ئێستادا شه‌ڕو ئاڵۆزییه‌کانى ناو زیندانه‌که‌ به‌ ته‌واوى کۆنترۆڵکراوه‌و هیچ کێشه‌یه‌ک نه‌ماوه‌.

هه‌روه‌ها ووتى : له‌و رووداوه‌دا حه‌وت که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و نزیکه‌ى 10 بۆ 12 که‌سیش برینداربوون، هه‌روه‌ها رووداوه‌که‌ له‌ به‌شى زیندانیانى تیرۆر بووه‌و زیندانیه‌کانى دیکه‌ى به‌شه‌کان سه‌لامه‌تن ، ووتیشى به‌ندکراوێک به‌ناوى سه‌ددام هێرشیکردووه‌ته‌ سه‌ر پۆلیسێکى چاودێرى مه‌مه‌ڕه‌که‌یان، دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى زیندانه‌که‌ش چووه‌ته‌ ئه‌وێ ده‌رگاى مه‌مه‌ڕه‌که‌ى داخستووه‌ بۆ کۆنترۆڵى دۆخه‌که‌ بکات، به‌ڵام سه‌ددام بانگه‌وازى له‌ زیندانییه‌کانى دیکه‌ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رگاکان بشکێنن، هاوکات ئاگرى له‌ هۆڵه‌که‌ى خۆیاندا کردووه‌ته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا 7 که‌س به‌هۆى دووکه‌ڵ و ته‌مومژ خنکاون".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ته‌قه‌کردن و لێدان له‌ لایه‌ن پاسه‌وانانى زیندانییه‌که‌وه‌ له‌ زیندانییه‌کان نه‌کراوه‌و سه‌رجه‌م قوربانییه‌کان به‌هۆى ئاگره‌که‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ یان برینداربوون.

پارێزگارى دهۆک ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد: له‌ئێستادا بارودۆخه‌که‌ کۆنترۆڵکراوه‌و لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ندى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌که‌ پێکهێنراوه‌ بۆ به‌دواداچوونى زیاتر له‌ سه‌ر رووداوه‌که‌.

پارێزگارى دهۆک ئاشکراشى کرد که‌له‌زیندانى چاکسازى گه‌ورانى دهۆک هه‌زار و 415 زیندانى هه‌یه‌، هه‌زار و 35 که‌سیان سزایان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، له‌وانه‌ش 340 که‌سیان به‌ مادده‌ى تیرۆر سزاکانى "له‌سێداره‌دان، زیندانى هه‌تاهه‌تایی، 15 ساڵ و 20 ساڵ"یان هه‌یه‌، ئاگره‌که‌ش له‌ هه‌مان ئه‌و هۆڵه‌ کراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و زیندانیانه‌ى مادده‌ى تیرۆرى تێدایه‌.


زۆرترین خوێندراو