هه‌موارى سێیه‌مى پیاده‌کردنى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ و چه‌ند ماده‌یه‌کى دیکه‌ى پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ په‌سندکران

7/15/2018 6:46:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







کاتژمێر 11ى پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ  15ى ته‌موزى 2018، په‌رله‌مانى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیى دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (7)ى ئاسایى خولى به‌هاره‌، ساڵى پێنجه‌م له‌ خولى هه‌ڵبژاردنى چواره‌مى ئه‌نجامدا. 

سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌چوار خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مى ئه‌م پڕۆژه‌ یاسا و بڕیارانه‌ى خواره‌وه‌ به‌پێى مادده‌ى (71) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌موارکراو: 

1ـ پڕۆژه‌ یاساى (ده‌زگاى کۆنترۆلى جۆرى دڵنیایى له‌ هه‌رێمى کوردستان ـ عێراق).
2ـ پڕۆژه‌ یاساى (پارێزگاریکردن له‌هێما و پیرۆزییه‌ نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان).
3ـ پڕۆژه‌ یاسـاى (تعویچ متچرری الحروب فى کوردستان).
4ـ پڕۆژه‌ یاسـاى به‌رکارى (قانون حمایه‌ الشهود والخبرا‌‌‌‌و والمخبرین والمجنى علیهم رقم (58) لسنه‌ 2017).
5ـ پڕۆژه‌ یاسـاى به‌رکارى (استیراد و بیع المنتجات النفگیه‌ رقم (9) لسنه‌ 2006 ). 
6ـ پڕۆژه‌ یاسـاى به‌رکارى (قانون چبگ الاموال المهربه‌ والممنوع تداولها فى الاسواق المحلیه‌ رقم (18) لسنه‌ 2008 ).
7ـ پڕۆژه‌ بڕیارى (زیندووکردنى حه‌فته‌ى پێکه‌وه‌ژیانى ئایینان له‌ هه‌رێمى کوردستان ـ عێراق).

خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتى (شیکارى له‌کارى ئیدارى وکارگێڕى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان) له‌لایه‌ن ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (مه‌دینه‌ ئه‌یوب ئه‌حمه‌د) بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کاروبارى په‌رله‌مان)، خاڵى سێیه‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى (هه‌موارى سێییه‌مى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌ ژماره‌ (87)ى ساڵى 1979ى هه‌موارکراو له‌ هه‌رێمى کوردستان- عێراق)، به‌پێى ماده‌کانى (72، 74و 75) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان ژماره‌ (1) ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، خاڵى چواره‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، که‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌کراوه‌.

له‌ده‌سپێکى دانیشتنه‌که‌دا خاتوو بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مان پوخته‌ى کاره‌کانى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستانى خسته‌روو، دواتر د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خسته‌روو، به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ یاساو پڕۆژه‌ بڕیارانه‌ کرا که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ له‌و خاڵه‌دا ئاماژه‌مان پێداون و له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیداره‌کان کران بۆ ئه‌نجامدانى رێککاره‌ یاساییه‌کانی.
 
سه‌باره‌ت به‌خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش له‌لایه‌ن ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز خاتوو مه‌دینه‌ ئه‌یوب ئه‌حمه‌د، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کاروبارى په‌رله‌مان، راپۆرتى (شیکارى له‌ کارى ئیدارى و کارگێڕى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان) خوێندرایه‌وه‌.

خاڵى سێیه‌مى به‌رنامه‌ى کاریش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆکردنى پڕۆژه‌ یاساى (هه‌موارى سێییه‌مى پیاده‌کردنى یاساى به‌کرێدانى خانووبه‌ره‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌ش که‌ پێکهاتبوو له‌ لیژنه‌کانى (کاروبارى یاسایی) و (ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌کانى شاره‌وه‌انى و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار)، راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساکه‌ خوێندرایه‌وه‌ و ده‌رگاى گفتوگۆ بۆ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان کرایه‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووى سه‌رنج و تێبێنى و پێشنیازه‌کانى خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ و بڕگه‌کانى پڕۆژه‌ یاساکه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنى زیاترى و دواتر سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج و تێبینى و پێشنیازه‌کانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سندکران.

شایانى باسه‌ پڕۆژه‌ یاسا هه‌موارکراوه‌که‌ له‌ 7 ماده‌ و هۆکاره‌کانى ده‌رچوواندنى پێکهاتووه‌ و مه‌به‌ست له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌شى هێنانه‌دیى دادپه‌روه‌رى و به‌رقه‌رارکردنى هاوسه‌نگییه‌ له‌ نێوان مافى خاوه‌ن موڵک و کرێچیدا.

سه‌باره‌ت به‌خاڵى چواره‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش که‌ بریتى بوو له‌ گفتوگۆکردنى پڕِۆژه‌ى په‌یڕِه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، که‌ له‌دانیشتنه‌کانى پێشووى په‌رله‌مان چه‌ندین ماده‌ له‌ په‌یڕِه‌وه‌که‌ دواى گفتوگۆگردنى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سندکران، له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا به‌شى هه‌شته‌مى پڕِۆژه‌ په‌یڕِه‌وه‌که‌ که‌ تایبه‌ت بوو به‌یاسادانان و مه‌به‌ست له‌یاساڕێژى و پرۆسه‌ى یاسادانان و چۆنیه‌تیى گفتوگۆکردن و په‌سندکردنى و پێشنیازکردنى یاساو بڕیار، که‌ له‌دانیشتنى پێشوودا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر ماده‌ و بڕِگه‌گانى کران و چه‌ندین پێشنیاز و سه‌رنج و تێبینیى له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان خرانه‌ ڕوو، دواى سه‌رله‌نوێ داڕِشتنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن لیژنه‌ى کاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕِه‌و و پێشنیازکردن بۆ لێکدانى هه‌ندێ ماده‌ به‌ده‌نگدان، له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا به‌شى هه‌شته‌مى پڕۆژه‌ په‌یڕه‌وه‌که‌ که‌ له‌ 19 پێکهاتبوو دواى خستنه‌ ده‌نگدانیانه‌وه‌ به‌ جیا په‌سندکران.

به‌شى دووه‌مى دانیشتنه‌که‌ له‌ سه‌عات 4ى پاشنیوه‌ڕۆ ده‌ستیپێکرد بۆ گفتوگۆکردنى به‌شه‌کانى دیکه‌ى پڕِۆژه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رگاى گفتوگۆ به‌ڕووى په‌رله‌مانتاران کرایه‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووى تێبینى و پرسیاره‌کانیان له‌باره‌ى به‌شى نۆیه‌م پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وه‌که‌ تایبه‌تبوو به‌ پرۆسه‌ى گفتوگۆکردن و په‌سندکرنى ‌بودجهى گشتى و له‌ 11 مادده‌ پێکهاتبوو. دواى ته‌واوبوونى گفتوگۆکانى ماده‌ و بڕگه‌کانى ئه‌م به‌شانه‌ سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کۆتایى به‌دانیشتنه‌که‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان هێنا و رایگه‌یاند: "دانیشتنى داهاتوو رۆژى سێ شه‌ممه‌ 17-7-2018 به‌ڕێوه‌ده‌چێت".


زۆرترین خوێندراو