راگه‌یاندراوى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست له‌ یادى 42 ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا ‏‎

8/5/2018 4:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







راگه‌یاندراوى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ یادى 42 ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا. ‏‎

جــــه‌مـــاوه‌رى تـێـکــۆشــه‌رى کوردســـتان.
 ‏‎کــه‌سـوکـارى ســـه‌ربـــه‌رزى شـــه‌هــیــدان.
 ‏‎پیشــمه‌رگه‌ قــاره‌مانه‌کـــان.
 هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان.

 ‏‎ 42 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر دامه‌زراندنى حزبه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان. ئه‌و حزبه‌ى له‌ رۆژانى ره‌شى نائومێدى و سه‌خترین قۆناغى مامه‌ڵه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ خه‌فه‌کردنى ده‌نگى کورد و به‌ پیلان قڕکردنى گه‌له‌که‌مان ، وه‌ک وه‌رچه‌رخانێکى گرنگ له‌ مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان له‌ ڕۆژى   8-8-1976  دامه‌زراو به‌ گژ ئه‌سته‌مدا چویه‌وه‌. له‌ سه‌نگه‌ره‌ خامۆشه‌کانى به‌رگرى و کونجى زیندانه‌ تاریکه‌کانى دوژمن و باخ و مه‌زرا سووتاوه‌کانى گونده‌کان و کۆڵانه‌ به‌ سوپاو زرێپۆش ته‌نراوه‌ چۆڵ و سه‌ر کزه‌کانى شاره‌کانى کوردستان جارێکى تر بانگى نه‌به‌زین و دروشمى مانه‌وه‌و به‌رخودانى به‌گوێى دۆست و دوژمن، یار و نه‌یارى گه‌له‌که‌مان گه‌یاند. 

‏‎هه‌ڤاڵانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ئه‌و رۆژانه‌ى که‌ له‌ مێژووى گه‌لانى دنیاو بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌کاندا له‌ دژوارى و بێده‌ره‌تانیدا که‌م وێنه‌ن، سه‌رکرده‌و پێشمه‌رگه‌و هه‌ڤاڵه‌کانى ئێوه‌، بێ گوێدانه‌ ژیان و مه‌رگ خۆیان و خێزان و که‌سوکاریان به‌گژ دڕنده‌ترین رژێمدا چوونه‌وه‌. بۆیه‌ ئێوه‌ سه‌ر به‌رزن که‌ خاوه‌نى ئه‌و مێژووه‌ پرشنگداره‌ن و شایانى ئه‌وه‌ن شانازى به‌ خۆتانه‌وه‌ بکه‌ن. شانازى بکه‌ن که‌ حزبه‌که‌تان ٤۲ ساڵه‌ بێ نوچدان، بێ لادان، بێ ترس و بێ باک له‌ مردن، به‌و رێ و رێبازى گیانبازییه‌دا کاروان له‌دواى کاروان به‌ڕێده‌کات. شانازى بکه‌ن که‌ تا ئه‌مڕۆش تێکۆشه‌رانى ئێوه‌ به‌ گیانى خۆیان وه‌ک پشکۆى ناو خۆڵه‌مێشى سته‌م و نائومێدیى ده‌گه‌شێنه‌وه‌و جه‌سته‌ى خاک و خه‌ڵکى بریندارى ئه‌م گه‌له‌ تیمار و ئاسۆى ئاینده‌ى رووناک ده‌که‌نه‌وه‌. ‏جــــه‌مـــاوه‌رى کوردســـتان حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان وه‌ک پێویستییه‌کى مێژوویى له‌دواى په‌یماننامه‌ى شومى جه‌زائیر هاته‌ مه‌یدانى چۆڵى خه‌بات و له‌دواى 42 ساڵ وا به‌ سه‌ر به‌رزییه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌کانى مێژووى هه‌ڵده‌داته‌وه‌و له‌ هه‌ر وێستگه‌یه‌کیدا هه‌زاران شه‌هید و نه‌به‌ردى و داستانى مقاوه‌مه‌ى جه‌سوورانه‌ یاد ده‌کاته‌وه‌.

 ئه‌م ساڵیش به‌ هه‌مان گوڕو تین، به‌ هه‌مان گیان و گه‌رمیى هه‌وه‌ڵ، به‌ڵێنى نه‌سره‌وتن تا به‌دیهێنانى ئامانجى سه‌دان ساڵه‌مان دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌و گه‌له‌که‌شمان شاهێده‌ که‌ ئێمه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ چه‌ند راستگۆ و چ نرخێکى گه‌وره‌مان بۆ داوه‌. به‌ڵێن به‌ جه‌ماوه‌رى کوردستان ده‌ده‌ین وه‌ک هه‌میشه‌ خه‌باتکارى سه‌رسه‌ختى به‌دیهێنانى سه‌روه‌رى و ئارامى و خۆشگوزه‌رانى بین تا ئه‌م گه‌له‌ ئازار چه‌شتوو برسیکراوه‌ به‌ ژیانێکى شایسته‌ ده‌گات. به‌ڵێن به‌ کرکوک و گه‌رمه‌سێر، که‌ وه‌ک چۆن به‌ خوێن له‌ تیرۆر پاراستمان، جارێکى تر ئاڵاى شه‌کاوه‌ى کوردستان بگه‌یه‌نینه‌وه‌ حه‌مرین و دوایین سنوورى کوردستان. به‌ڵێن به‌ شه‌نگال و شێخان و ئێزدى و کاکه‌ییه‌کان، که‌ وه‌ک چۆن بۆ به‌رگرى له‌ بوون و باوه‌ڕیان سه‌دان رۆڵه‌ى قاره‌مانمان پێشکه‌ش کردن، هه‌رواش بۆ پاراستنى که‌رامه‌ت و ناسنامه‌یان له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ى خه‌باتدا بین. 

هه‌ڤاڵانى تێکۆشه‌ر ئه‌م ساڵ له‌کاتێکدا یادى شکۆمه‌ندى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ چوار ساڵ تێپه‌ێ‌ ده‌بێت به‌سه‌ر هێرش و په‌لامارى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر کوردستان و قه‌تڵ و عامى خوشک و برا ئێزدییه‌کان و تاوانه‌ دڕندانه‌کانیان و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌رگرى قاره‌مانانه‌ى گه‌له‌که‌مان و هێزى پێشمه‌رگه‌ که‌ به‌ گیانبازییه‌کى بێ وێنه‌ توانى رووبه‌ڕووى تیرۆریستان بێته‌وه‌و له‌برى جیهان شه‌ڕى تیرۆر و به‌رگرى له‌ بوون و که‌رامه‌ت و به‌هاکانى مرۆڤایه‌تى بکات. له‌وه‌شدا پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌رقافڵه‌ى به‌خشش و به‌رگرى بوون. 

هه‌روه‌ها ئه‌م یاده‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان وه‌ک ده‌زگایه‌کى شه‌رعى و سه‌رچاوه‌ى یاسادانان که‌ به‌رهه‌مى خه‌باتێکى دوورو درێژ و ره‌مزى خۆڕێبه‌ریى هه‌رێمى کوردستانه‌ و پێویسته‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ سه‌رکه‌وتوویى به‌ڕێوه‌ بچێت. به‌تایبه‌ت که‌ کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ به‌ قۆناغێکى ئاڵۆزدا ده‌ڕوات، دووڕیانێک ‌که‌ به‌سه‌ر گۆڕانکارى گه‌وره‌و پێشهاتى گرنگدا ده‌ڕوانێت. بۆ ئه‌وه‌ى گه‌له‌که‌مان به‌ره‌و راسته‌ڕێى به‌دیهێنانى مافه‌ ره‌واکانى بڕوات، پێویستى به‌ هێزى له‌خۆبردووى پاکى پۆست و پله‌ نه‌ویست و ناو ماڵى رێکخراوو گوتارى نیشتمانیى بێخه‌وش و هه‌نگاوى بوێرانه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌ى ئه‌و رێیه‌ین و دۆست و هاوسه‌نگه‌رى هه‌ر که‌سێکین که‌ به‌و گیان و ئامانجه‌ خه‌بات بکات.

 بانگى هه‌موو تێکۆشه‌رانى بزووتنه‌وه‌ى کوردایه‌تیش ده‌که‌ین که‌ کاتى ئه‌وه‌یه‌ چاکى مه‌ردانى لێ بکه‌ین به‌لاداو به‌ هۆشیارى و دڵسۆزیه‌وه‌ خه‌ونى مێژووییمان که‌ زۆرمان له‌پێناودا کردووه‌و هه‌نگاوى گه‌وره‌مان بۆ بڕیوه‌، به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن ببه‌ین . ‏‎پیرۆزبێت 8ى ئاب ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان سه‌رکه‌وێت په‌یامى دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى و مافى چاره‌نووس . ‏‎

 سڵاو بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانى رێگاى ڕزگاریى کورد و کوردستان. ‏‎ 

مه‌کته‌بى سیاسى ‏‎
حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان


زۆرترین خوێندراو