سه‌رۆک کۆمار پێشوازیکرد له‌ وه‌فدێکی کۆمیسیۆنی مافه‌کانی مرۆڤ

2/16/2015 3:17:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
 
رۆژی دوشه‌ممه‌ 16 ى شوباتى 2015 به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غداد  پێشوازیکرد له‌ وه‌فدێکی کۆمیسیۆنی مافه‌کانی مرۆڤ.

له‌دیداره‌که‌دا کارو چالاکییه‌کانی کۆمیسیۆنه‌که‌ و گرنگی ئه‌و رۆڵه‌ی باسکرا که‌ پێی سپێردراوه‌ بۆ پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ و ده‌سته‌به‌ر کردنی  ئه‌و پێداویستیانه‌ی که‌ په‌ره‌ ده‌دات به‌ رۆڵ و چالاکییه‌کانی ،له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌فده‌که‌ داوای  پشتیوانیی سه‌رۆک کۆماری کرد بۆ هه‌وڵه‌کانی کۆمیسیۆنه‌که‌ له‌ پرۆژه‌ی قانونێکی تایبه‌ت  که‌ زیاتر و باشتر سه‌ربه‌خۆیی کارو رۆڵی کۆمیسیۆنه‌که‌ زامن بکات له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا.

 ئه‌ندامانی وه‌فده‌که‌ ئه‌وه‌شیان دوپاتکرده‌وه‌ که‌ کۆمیسیۆن هه‌وڵ ده‌دات تاوانه‌کانی داعش و کێشه‌ و نه‌هامه‌تیی ئاواره‌بوه‌کان بکاته‌ دۆکیۆمێنت , له‌و روه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یان کرد بۆ ئه‌وه‌ى قانونێک به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تى کۆمار پێشکه‌ش به‌  ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بکرێت به‌و مه‌به‌سته‌ی ره‌فتاره‌  تاونکارییه‌کانى داعش  وه‌ک تاوانى جه‌نگ و قڕ کردن بناسرێت .

ئاماده‌بوان پێشنیازیان کرد سه‌رۆک کۆمار کێشه‌کانى کۆمیسیۆن له‌ کۆبونه‌وه‌ى داهاتوى سه‌رۆکایه‌تیه‌کان بخاته‌ روو , له‌و رووه‌وه‌ سه‌رۆک کۆمار ره‌زامه‌ندى نیشاندا  کێشه‌کانى کۆمیسیۆنه‌که‌ بکرێته‌ بڕگه‌یه‌ک له‌ بڕگه‌کانی  کۆبونه‌وه‌ى داهاتوو.

 
له‌ میانه‌ی وته‌کانیدا له‌گه‌ڵ وه‌فده‌که‌دا , سه‌رۆک کۆمار گرنگیى بێ ئه‌ندازه‌ی قوڵ کردنه‌وه‌ی کلتورى مافه‌کانى مرۆڤی دوپاتکرده‌وه‌ به‌و پێه‌ی که‌ بناغه‌یه‌کی زیندوه‌  بۆ هێنانه‌ کایه‌ی  کۆمه‌ڵێکى دیموکراتیى  ئازادی یه‌کسان, هه‌روه‌ها په‌رۆشیی خۆیشی خسته‌ رو بۆ خستنه‌ کاری هه‌مو هه‌وڵێک له‌ پێناوی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ . 

 ئاماژه‌شى کرد بۆ ئه‌و رۆڵه‌ى که‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان  به‌ مافه‌کانى مرۆڤ ده‌یبینن که‌ رۆڵێکى گرنگه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌  وڵات پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و هێزه‌ تیرۆریست و تاواباره‌کان به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ ئه‌م مافانه‌ پێشێل ده‌که‌ن .
 
هه‌ر له‌و دیداره‌دا ته‌ئکید کرایه‌وه‌ که‌ به‌ وردیی  چاودێرى  مافه‌کانی مرۆڤ  بکرێت له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌کان و ده‌زگاکانی لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ ئامانجی چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریی و پاراستنی شکۆمه‌ندیی و مافه‌ تایبه‌تیه‌کانی تۆمه‌تباران و قوربانییه‌کانیش .


زۆرترین خوێندراو