سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆک کۆمارى ئیسلامى ئێران کۆبۆوه‌

2/17/2015 3:46:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

رۆژی سێ شه‌ممه‌   17 ى شوباتى 2015  ، به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غداد پێشوازى کرد له‌ دکتۆر ئیسحاق جیهانگیریی جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆک کۆمارى ئێران و وه‌فدی  باڵای هاوڕێی.

له‌و دیداره‌دا که‌ ئه‌یاد عه‌لاوى و ئوسامه‌ نوجێفى جێگرانى سه‌رۆک کۆمار ئاماده‌ى بوون , سه‌رۆک کۆمار, ئاماژه‌ى کرد بۆ گرنگى سه‌ردان و کۆبونه‌وه‌ى به‌رده‌وامى نێوان لێپرسراوانى هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى دراوسێ به‌ هۆی گرنگیى  ئه‌و دۆخه‌ مێژوییه‌ی که‌ به‌ ناوچه‌که‌دا  تێپه‌ڕده‌بێت و ئه‌و ئاسته‌نگه‌ گه‌ورانه‌ى که‌ رووبه‌رووى ناوچه‌که‌ بوه‌ته‌وه‌، هاوکات به‌ هۆی پێویستیی هاریکاریی بنیاتنه‌رانه‌ که‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پاراستنى ئاسایش و ئۆقره‌یی  هه‌ردو ده‌وڵه‌ت و  ناوچه‌که‌ و جیهانیش. 

هه‌ر له‌و دیداره‌دا و له‌میانه‌ى وته‌یه‌کی هه‌مه‌ لایه‌ندا  , سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ى کرد بۆ ئه‌و  گرنگیه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ باڵ ده‌کێشێت به‌سه‌ر  په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان عێراق و ئێراندا ,که‌ په‌یوه‌ندیه‌کى هاوبه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاستى هاوسێ یه‌تی و ئاسته‌کانى ئاینیى و کۆمه‌ڵایه‌تیى و ئابوریى و فاکته‌ره‌ هاوبه‌شه‌کانی تریش  که‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کى گه‌وره‌ ده‌به‌خشێت به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێدا ، هه‌روه‌ها ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ى رونکرده‌وه‌ که‌ له‌روانگه‌ی هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌وه‌ دوپات ده‌بێته‌وه‌ عێراق له‌ چاویلکه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێراندا نه‌ک له‌ چاوی لایه‌نی تره‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌ و جیهان،  ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆقره‌یی و پێشکه‌وتنی ناوچه‌که‌یه‌، به‌و جۆره‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ پارێزراو بن و په‌ره‌یان پێ بدرێت. 

  سه‌رۆک کۆمارى عێراق  ئاماژه‌ى کرد بۆ  هه‌ڕه‌شه‌ى تێرۆر که‌ رووبه‌ڕووى عێراق ده‌بێته‌وه‌ به‌ جۆرێک ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ش په‌ل ده‌هاوێت بۆ سه‌ر هه‌موان  , بۆیه‌ لێک تێگه‌یشتن و هاریکاریی له‌گه‌ڵ  هه‌مولایه‌ک و له‌ناویشیاندا دۆسته‌کان له‌ ئێران، به‌شێکى سه‌ره‌کیی ئه‌و  به‌رپرسیارێتیه‌یه‌  که‌ مه‌وداى هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی ئاسته‌نگه‌کان ره‌چاو ده‌کات که‌ رووبه‌ڕووى وڵات و رووبه‌ڕووى هه‌موو ده‌وڵه‌تانی  ناوچه‌که‌ ده‌بێته‌وه‌ .له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆک کۆمار سوپاسى پێزانینى ده‌ربڕى له‌ ئاست  رۆڵى  ئێران له‌ پشتیوانیی لۆژیسیتیی  و سه‌ربازی و ته‌کنیکیی له‌ جه‌نگى عێراقیه‌کان دژ به‌ داعش و ته‌واوى پاشماوه‌کانی  تێرۆر. هه‌روه‌ک رونیان کرده‌وه‌ ،پێویسته‌ ئه‌و هاریکاریانه‌ په‌ره‌یان پێ بدرێت له‌ بواره‌کانی  ئابوریى و وه‌به‌رهێنان و کشتوکاڵیش  به‌و جۆره‌ی گه‌ش بدات به‌ فراوانکردنی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ هه‌ماهه‌نگى و رێزله‌یه‌ک گرتن و  به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ ئیسحاق جیهانگیریى جێگرى سه‌رۆک کۆمارى ئێران سوپاسى سه‌رۆک کۆمارى کرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌   ,سڵاوى  حه‌سه‌ن روحانى سه‌رۆک کۆمارى ئێرانى به‌ سه‌رۆک کۆمار گه‌یاند و بانگهیشتى سه‌رۆک روحانیی نوێکرده‌وه‌ بۆ  سه‌ردانى ئێران که‌ له‌ واده‌یه‌کی نزیکدا به‌ ده‌نگ بانگهێشته‌که‌وه‌ ده‌چێت .

له‌و دیداره‌دا جێگرى سه‌رۆک کۆمارى ئێران باسی مه‌ترسییه‌کانی تێرۆری کرد  که‌ خۆی له‌ تاقمی داعشدا ده‌بینێته‌وه‌ و روبه‌روی عێراق بوه‌ته‌وه‌ و په‌لی هاویشتوه‌ بۆچه‌ند ده‌وڵه‌تێک له‌ ناوچه‌که‌دا ،ئاماژه‌یشیکرد بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئێران به‌و جۆره‌ ده‌وڕوانێته‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌که‌ و جیهانیش ،درکیش به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ره‌فتارێکه‌ مه‌رامه‌که‌ی شێواندن و ناشیرین کردنی ئیسلام و موسڵمانانه‌ .

ئه‌وه‌یشی دوپاتکرده‌وه‌ رێوشوێنه‌کانی به‌گژاچونه‌وه‌ی تاقمه‌ تێرۆریسته‌کان(نابێت هه‌ر پشت به‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی سه‌ربازیی ببه‌سترێت به‌ڵکو ده‌بێت رێوشوێنی ئایدۆلۆژیی و وشک کردنی سه‌رچاوه‌ دارایی و مرۆییه‌کانیش بگیرێته‌ به‌ر ).

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ڕێز جیهانگیریی ئاماژه‌یکرد بۆ پێویستیی پشتیوانیکردنی کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ هه‌ردو گه‌لی عێراق و سوریا له‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی ئه‌م تاقمانه‌ له‌ کاتێکدا عێراقیی و سورییه‌کان هێڵی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی سه‌ره‌کیی تێرۆر پێک ده‌هێنن که‌ روی له‌ هه‌موانیش کردوه‌ .

جێگری سه‌رۆک کۆماری ئێران پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆک کۆمار و وگه‌لی عێراق کرد به‌ بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کان به‌سه‌ر داعش و رزگار کردنی هه‌ندێک ناوچه‌ و به‌رده‌وامبونی هه‌وڵه‌کان بۆ رزگارکردنی هه‌مو ناوچه‌کانی تری نیشتمان له‌ ژێر چه‌پۆکی داگیرکاریی تاقمی داعش.  

هاوکات پشتیوانیی و پێزانینی  کۆماری ئیسلامیی  ئێرانی دوپاتکرده‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی  سه‌رۆک کۆمار  و لێپرسراوانی دیکه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق که‌ خستویانه‌ته‌ کار  له‌ پێناوی  گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌مو ده‌وڵه‌تانی دراوسێ ،هه‌ڵوێستی هه‌میشه‌یی ئێرانیشی دوپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌ خۆشی ناخۆشیدا له‌گه‌ڵ هه‌مو پێکهاته‌کانی عێراقدا بوه‌ ،له‌و روه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یکرد بۆ ئه‌وه‌ی که‌ (ئارامیی و ئۆقره‌یی عێراق ئاسایش و ئۆقره‌یییه‌ بۆ ئێمه‌ ).
جێگری سه‌رۆک کۆمار ئێران ئاماده‌یی وڵاته‌که‌ی نیشان دا بۆ پێشکه‌شکردنی شاره‌زایی و توانای خۆی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌ عێراق روبه‌روی کێشه‌ی دارایی و ئابوریی بوه‌ته‌وه‌ ،له‌ ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وت ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماژه‌یکرد بۆ ئه‌زمونی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ قوتار کردنی ئابورییه‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ،که‌  نه‌وت تاکه‌ سه‌رچاوه‌ی بو  بۆ بژێویی  .

.


زۆرترین خوێندراو