سه‌رۆک کۆمارى عیراق پیرۆزبایى یادى راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ ده‌کات

3/4/2015 8:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

به‌بۆنه‌ى یادى راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌که‌ى ئادارى 1991 ، سه‌رۆک کۆمارى عێراق بروسکه‌یه‌کى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى هاولاتیانى کوردستان ده‌کات ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى :


جه‌ماوه‌رى خۆڕاگرى کوردستان 
خه‌ڵکى شارى رانیه‌ى ده‌روازه‌ و ده‌ڤه‌رى راپه‌ڕین

له‌یادى راپه‌ڕینه‌ شکۆمه‌نده‌که‌ى 5ى ئازارى 1991 پیرۆزبایى ئه‌و یاده‌تان لێ ده‌که‌م و سڵاو ده‌نێرم بۆ خێزان و که‌سوکارى شه‌هیدانى راپه‌رین و پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کان و رووبه‌روبونه‌وه‌ى تیرۆریستان . 

راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى 1991 که‌ بووه‌ سه‌ره‌تاى کۆتایى هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتى زوڵم زۆرى و دیکتاتۆریانه‌ى ئه‌وێ رۆژێ ، گیانى شۆڕش و قوربانیدانى زیندووکرده‌وه‌و له‌ هه‌مان کات له‌گه‌ڵ راپه‌رینه‌کانى باشورى عیراقیش ئه‌و تاریکایى و مه‌ینه‌تیانه‌یان راماڵى که‌ ساڵه‌هابوو خه‌ڵکى عیراق له‌سایه‌یدا دووچارى ژێرده‌سته‌یى ببونه‌وه‌ .

ئه‌و ده‌ستکه‌وت و ئازادى و دیموکراسیه‌ى ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مى ئه‌و راپه‌ڕینه‌ و خه‌باتى ئازادیخوازانه‌ به‌درێژایى ده‌یان ساڵى رابردوو .

جارێکى تر پیرۆزبایتان لێ ده‌که‌م و هیوادارم یۆ یادێکى تر ووڵاتمان له‌ باڵى ره‌شى تیرۆریستان و دژبه‌ هه‌موو بنه‌ماکانى مرۆڤایه‌تى پاک کرابێته‌وه‌و سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کى ببینین به‌سه‌ر دوژمنانى ئازادیدا .

به‌ره‌و په‌ره‌ پێدانى ده‌ستکه‌وته‌کان وگه‌شه‌کردنى ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى و هێنانه‌دى ژیانێکى ئاسوده‌تر بۆ کۆمه‌ڵانى خه‌ڵک له‌ عیراق و کوردستاندا.





دڵسۆزتان
د. فوئاد مه‌عسوم
سه‌رۆک کۆمارى عیراق


زۆرترین خوێندراو