راگه‌یاندنى کۆبونه‌وه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى عێراق

7/2/2015 5:30:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غداد به‌ئاماده‌ بونى سه‌رۆک کۆمار فوئاد مه‌عسوم و سه‌رۆک وه‌زیر حه‌یده‌ر عبادى و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران سه‌لیم ئه‌لجبوریى و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى قه‌زا  مه‌دحه‌ت ئه‌لمه‌حمود و نورى کامیل مالکیى و ئه‌یاد عه‌لاوى و ئوسامه‌ نوجه‌یفى جێگرانى سه‌رۆک کۆمار و هه‌ردو جێگرى سه‌رۆک وه‌زیر به‌ها ئه‌عره‌جیى و ساڵح موتله‌گ جێگرانى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران شێخ هومام حه‌مودیى و ئارام شێخ محه‌مه‌د کۆبونه‌وه‌ى سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا گۆڕانکارییه‌ سیاسیى و ئه‌منییه‌کان له‌ هه‌مو گۆشه‌ نیگاکانه‌وه‌ خرانه‌ رو، پلانه‌کانى حکومه‌تیش تاوتوێکران بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئۆقره‌یى و پێشکه‌وتنى وڵات که‌ به‌ تێکشکاندنى تاقمى داعشى تێرۆریست و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌بوه‌کان بۆ زێدى ره‌سه‌نى خۆیان و ئاواده‌نکردنه‌وه‌ى هه‌مو عێراق شان به‌شانى به‌ ئاکام گه‌یاندنى ئاشتبونه‌وه‌ى گشتیى راسته‌قینه‌و سه‌رتاسه‌ریى نزیک و پاراستن و گه‌شه‌پێدانى سیستمى فیدراڵیى و دیموکراسیى له‌سه‌ر بنه‌ما و پره‌نسیبه‌ نیشتمانیى و قانونییه‌ ده‌ستورییه‌کان.

کۆبونه‌وه‌که‌ ستایشى قوربانیدانى هێزه‌ چه‌کداره‌کانمانى کرد له‌ سوپا پۆلیسى فیدراڵیى و هێزى هه‌واییمان و هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبیى و پێشمه‌رگه‌ و رۆڵه‌ى عه‌شایره‌کان و ده‌ستخۆشیى سه‌رکه‌وتنه‌کانى ئه‌م دواییه‌شى لێکردن له‌ رزگارکردنى سه‌نته‌رى شارى بێجى باکورى سه‌لاحه‌ددین و رزگارکردنى ناحیه‌ى جبه‌ له‌ خۆرئاواى رومادى و گورز سره‌واندن له‌ تێرۆریسته‌کان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ که‌ زیانى زۆریان به‌رکه‌وتوه‌ سه‌ربارى هه‌وڵه‌ چڕوپڕه‌کانیان بۆ پاککردنه‌وه‌ى خانوبه‌ره‌ و بینا حکومییه‌کان و رێگاوبانه‌کان له‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌کان و ته‌ڵه‌ى ته‌قینه‌وه‌کان. 

کۆبونه‌وه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تییه‌کان پێویستیى په‌ره‌پێدانى ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ و پشتیوانکردنیانى دوپاتکرده‌وه‌ که‌ به‌ یه‌ک هه‌ڵوێستیى سیاسیى و یه‌ک ده‌نگیى ئیعلامیى و کارى هاوبه‌ش دێته‌ دی، هاوکات ته‌ئکیدى کرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیى به‌رده‌وامبونى ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر هه‌وڵه‌ سه‌ربازیى و ئه‌منیى و هه‌وڵگرییه‌کانى و خێراکردن له‌ دانانى هه‌یکه‌لى سه‌ربازیى و مه‌شقپێکردن و چه‌کدارکردنى جه‌نگاوه‌ره‌کانى ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان به‌تایبه‌ت رۆڵه‌کانى پارێزگاکانى ئه‌نبار و سه‌لاحه‌ددین و نه‌ینه‌وا.

کۆبونه‌وه‌که‌ خۆشحاڵیى نیشاندا به‌رامبه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌بوه‌کان بۆ تکریت و ناوچه‌کانى ترى سه‌لاحه‌ددین و پشتێنه‌ى به‌غداد و ئاسانکاریى بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌وانى تر بۆ ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان و دابینکردنى خزمه‌تگوزارییه‌ پێویسته‌کان بۆیان.

ده‌رباره‌ى ئاشتبونه‌وه‌ى گشتیى سه‌رتاسه‌ریى سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ بڕیاریاندا لیژنه‌یه‌ک پێکبێت بۆ سه‌رپه‌رشتیکردنى هه‌نگاوه‌ پراکتیکیه‌کانى په‌یوه‌ست به‌ به‌دیهێنانى ئاشتبونه‌وه‌که‌و ئاماده‌کردنى کارنامه‌یه‌ک تایبه‌ت به‌راسپارده‌کانى خۆى تا پێشکه‌ش به‌ کۆبونه‌وه‌ى ئاینده‌ى بکات.

کۆبونه‌وه‌که‌ دوباره‌ له‌سه‌ر گرنگیى یارمه‌تیدانى ئاواره‌بوه‌کان هه‌ڵوه‌سته‌ى کردو گرنگیى یارمه‌تیدانیانى دوپاتکرده‌وه‌ که‌ هه‌نگاوبنرێت بۆ بایه‌خدان به‌ده‌سته‌به‌رکردنى پێداویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ژیانیان، ئه‌وه‌یشى به‌ هه‌ند وه‌رگرت که‌ ده‌بێت کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تیى له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونى پێشکه‌شکردنى بڕى کۆمه‌ک و یارمه‌تییه‌کانیش زیاتر بکات بۆ عێراق و هوکاریش بێت له‌ دانانى پلانى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هه‌ندێک له‌ ئاواره‌بوه‌کان بۆ گونده‌ ئازادکراوه‌کانیان تا به‌شدارییى بکه‌ن له‌ باشکردنى بارودۆخى ئه‌منیى ئه‌وناوچانه‌دا. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ رێککه‌وتن له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتودا هه‌ندێک ناوچه‌ى ئارام دیاریى بکه‌ن له‌ هه‌ردو پارێزگاى (دیاله‌ و سه‌لاحه‌ددین) وه‌ک رێوشوێنێک بۆ هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى ئاواره‌ بوه‌کان و نیشته‌جێکردنیان ئه‌وش به‌شداریى و فاکته‌رێکى باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌یان لا دروست بکات بۆ هه‌وڵه‌کانى حکومه‌ت که‌ مه‌به‌ستێتى ئاواره‌کان بچنه‌وه‌ شوێنى خۆیان.

ده‌رباره‌ى په‌لاماره‌ تێرۆریسته‌کانى کۆتایى هه‌فته‌ى رابردوش بۆ سه‌ر خه‌ڵکى بێدیفاع له‌ کوه‌یت و تونس و فره‌نسا و میسر، کۆبونه‌وه‌که‌ى سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ ئه‌و ده‌ست درێژیانه‌و به‌رپرسیارانى په‌لاماره‌کانى ئیدانه‌کرد، دوپاتیشیکرده‌وه‌ مه‌ترسیى تێرۆر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌مو کۆمه‌ڵه‌کانى مه‌ده‌نیى ده‌کات ئه‌وه‌ش په‌ره‌پێدانى پشتیوانیى کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تیى له‌ هه‌رکات زیاتر پێویست ده‌کات که‌ له‌عێراقى بکه‌ن له‌ جه‌نگه‌که‌ى دژى تێرۆر و یارمه‌تیدانى ئاواره‌بوه‌کان.

هه‌ر له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا، پێویستیى په‌له‌کردن له‌ ده‌رکردنى قانون و گرتنه‌به‌رى رێوشوێنه‌کانى تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدان و جێگیرکردنى یه‌کریزیى کۆمه‌ڵ و پێکهاته‌کان و سود وه‌رگرتن له‌ گه‌نجان دوپاتکرایه‌وه‌ له‌ پێشه‌وه‌یان ئه‌و قانونانه‌ى که‌ بناغه‌ دانه‌رى سه‌رخستنى ئاشتبونه‌وى گشتیى راسته‌قینه‌ و سه‌رتاسه‌ریین، هاوکاتیش دیالۆگ و گفتوگۆى پێکهاته‌کان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاکان به‌رده‌وام بێت که‌ ببێته‌ مایه‌ى گه‌شه‌پێدانى په‌یوه‌ندیى و لێکتێگه‌یشتنه‌کان و هاریکاریى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و ناکۆکییه‌کان و به‌ده‌نگه‌وه‌ چونى داوا هاوبه‌شه‌کان.

کۆبونه‌وه‌که‌ له‌که‌شوهه‌وایه‌کى راشکاوانه‌ و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌ى بنیاتنه‌رانه‌ به‌ڕێوه‌چو بۆ گه‌ڵاڵه‌ کردنى روانین و بۆچونه‌کان، بڕیاریشدرا له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا کۆببنه‌وه‌ بۆ به‌دواداچونى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر رێککه‌ون و گفتوگۆکانیش به‌رده‌وام بن له‌ ئاست مه‌سه‌له‌ هه‌نوکه‌ییه‌کاندا.


زۆرترین خوێندراو