ئه‌مریکا سزاى بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌باى سه‌ر به‌ حه‌شدى شه‌عبی ده‌دات

11/15/2017 4:13:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز







کۆنگرێسى ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند سێ مانگى دیکه‌ ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا به‌ تۆمه‌تى هاوکاریى تیرۆریزم، ئابڵۆقه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌باى عێراق که‌ به‌شێکه‌ له‌ میلیشیاکانى حه‌شدى شه‌عبی.

به‌ پێى هه‌واڵێکى سایتى فه‌رمیى کۆنگرێسى ئه‌مریکا که‌ سایتى بوڵتن نیوزى ئێران بڵاوى کرده‌وه‌، واشنتۆن له‌ پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر پڕۆژه‌ یاسایه‌کى ئاماده‌ کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و پیرانى ئه‌مریکا په‌سه‌ند بکرێت.

 به‌ گوێره‌ى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌باى عێراق و چه‌ندین ڕێکخراوى دیکه‌ى توندڕه‌و ده‌که‌ونه‌ به‌ر ئابڵۆقه‌ى ئه‌مریکا. کۆنگرێسى ئه‌مریکاش له‌ ڕاپۆرتێکدا ئه‌نجامى لێکۆڵینه‌وه‌کانى خۆى له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌با به‌ سه‌رکردایه‌تیى ئه‌کره‌م که‌عبى که‌ له‌ فه‌رمانه‌کانى ئایه‌توڵڵا خامه‌نه‌یى ڕێبه‌رى باڵاى ئێران پێڕه‌وى ده‌کات و فه‌یله‌قى قودس و سوپاى پاسدارانى ئێرانیش ئه‌رکى ڕاهێنانى سه‌ربازى و هاوکارى دارایى و پێدانى چه‌ک و که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازییان بۆ ئه‌و ڕێکخراوه‌ له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌، ڕاهێنانه‌کانیان له‌لایه‌ن ڕاوێژکارانى سه‌ر به‌ حزبوڵڵاى لوبنانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

 هه‌روه‌ها له‌ ڕاپۆرته‌که‌ى کۆنگرێسى ئه‌مریکادا هاتووه‌ که‌ وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌و وڵاته‌ ڕێکخراوى نوجه‌باى به‌ مایه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاشتى و ئارامى له‌ عێراق تۆمه‌تبار کرد، له‌وانه‌ هاوه‌نبارانکردنى ناوچه‌ى سه‌وز له‌ به‌غدا له‌ ساڵى ٢٠٠٨. هه‌روه‌ها به‌ هۆى نزیکیى بزووتنه‌وه‌که‌ له‌ حزبوڵڵاى لوبنان که‌ پشتیوانیى ئه‌وان له‌ ڕێکخراوه‌ لوبنانییه‌که‌ بۆ ساڵى ٢٠١٦ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، کۆنگرێس ئاشکراى کردووه‌ نوجه‌باى عێراق تیمێکى سه‌ربازى پێکهێناوه‌ بۆ به‌شدارى له‌ ئازادکردنى به‌رزاییه‌کانى جه‌ولان که‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵى ئیسرائیل دایه‌ و ڕۆڵێکى گرنگى هه‌یه‌ له‌ پاراستنى ئه‌منییه‌تى ڕێگاى نێوان ئێران و لوبنان بۆ گه‌یاندنى هاوکاریى سه‌ربازیى تاران به‌ حزبوڵڵاى لوبنان.

 بۆیه‌ به‌ پێى لێکۆڵینه‌وه‌که‌یان، کۆنگرێسى ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه‌ بزووتنه‌وه‌ى نوجه‌باى عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکاوه‌ وه‌ک ڕێکخراوێکى تیرۆریستیى ده‌ره‌وه‌ ده‌ناسرێت و دواى په‌سه‌ندکردنى ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌، له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا سه‌رۆکى ئه‌مریکا ڕاده‌سپێردرێت بۆ سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر ڕێکخراوى نوجه‌با و ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ش که‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ هه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو