سه‌رۆک کۆمار له‌گه‌ڵ وه‌فدێکى قه‌زاى شه‌نگال کۆده‌بێته‌وه‌

1/17/2018 5:38:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 17 ى کانوونى دووه‌مى 2018 ، به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مه‌عسوم له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غداد پێشوازیکرد له‌ وه‌فدێک له‌ قه‌زاى شه‌نگال که‌ پێکهاتبو له‌ مه‌حما خه‌لیل قایمقامى قه‌زاکه‌ و وه‌یس نایف به‌ده‌ل سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى شه‌نگال.

‎له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار ستایشى جه‌ماوه‌رى قه‌زاى شه‌نگالى کرد له‌قوربانیدانه‌کانیان له‌ به‌گژاچونه‌وه‌ى تێرۆر و په‌رۆشییان بۆ پێکه‌وه‌ ژیانى نێوان هه‌مو پێکهاته‌کانى قه‌زاکه‌.

‎ سه‌رۆک کۆمار گرنگیى یه‌کخستنى هه‌مو هه‌وڵه‌کانى دوپاتکرده‌وه‌ له‌ پێناوى ره‌واندنه‌وه‌ى مه‌ینه‌تییه‌کانى رۆڵه‌کانى قه‌زاکه‌ و کارکردن بۆ پارێزگاریکردن له‌ شه‌رعیه‌تى دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌کان و رێگرتن له‌ خۆسه‌پاندنى هه‌ر ئیراده‌یه‌کى تر به‌سه‌ر جه‌ماوه‌رى قه‌زاى شه‌نگال و کارکردن بۆ ره‌خساندنى که‌ش و هه‌واى له‌بار به‌ مه‌به‌ستى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌بوه‌کان و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌ پێویسته‌کان، ئاماده‌ى خۆیشى ده‌ربڕى بۆ خستنه‌ گه‌ڕى هه‌وڵه‌کانى له‌ پێناوى ده‌سته‌به‌رکردنى داوا ره‌واکانى جه‌ماوه‌رى قه‌زاکه‌ له‌ هه‌مو روویه‌که‌وه‌.

‎جێى بیرهێنانه‌وه‌یه‌ وه‌فده‌که‌ له‌ سه‌ره‌تاى دیداره‌که‌دا بارى گشتیى و ئه‌و کێشه‌و مه‌ینه‌تییانه‌ى خسته‌رو که‌ قه‌زاکه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ى له‌ بواره‌کانى ئه‌منیى و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.


زۆرترین خوێندراو