4
7 سه‌رۆک کۆمار : سه‌رکه‌وتنى گه‌له‌که‌مان به‌سه‌ر تێرۆردا پێگه‌ى عێراقى به‌هێزکرد
2/2/2018
Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







 سه‌رۆک کۆمارى عێراق دوپاتیکرده‌وه‌ ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ى که‌ گه‌له‌که‌مان به‌ده‌ستیهێنا به‌سه‌ر تاقمى داعشى تێرۆریستدا پێگه‌ى ئیقلمیى و نێوده‌وڵه‌تیى عێراقى به‌هێز کرد، ئاماژه‌یشیکرد که‌ له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا پێگه‌ى ستراتیژیى عێراق زیاتر رێزى لێ ده‌گیرێت به‌و پێیه‌ى هێزێکى گورزسره‌وێنه‌ له‌ تێرۆر و ئازایانه‌ سه‌رکه‌وتوه‌ به‌سه‌ر پاشماوه‌کانى تێرۆردا، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تى زێرینى بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ زیاتربون و پته‌وتربونى تواناکانى پێشکه‌وتن و بنیاتنان و چه‌سپاندنى ئاسایش و ئاشتیی.

  ئه‌مڕۆ هه‌ینى  2 ى شوباتى 2018 به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مه‌عسوم له‌ وتارێکدا له‌ شه‌شه‌مین کۆنگره‌ى باڵیۆزاندا که‌ له‌ باره‌گاى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌غداد که‌ به‌ دروشمی، (دیپلۆماتیى عێراقیی... سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و فره‌یى له‌ شه‌راکه‌تى ستراتیژییدا) به‌ڕێوه‌چو، گرنگیى سه‌رنوێ داڕشتنه‌وه‌ى خواست و ویستى عێراقى ئێستا و داهاتوى له‌ بوارى دیپلۆماتیدا دوپاتکرده‌وه‌، رونیشیکرده‌وه‌ چالاکیى زیندو و کاراى باڵیۆز خانه‌کانمان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌شداریى ده‌کات له‌ هاندانى ده‌وڵه‌تانى دۆست بۆ زیاتر پشتیوانیکردنى مادیى و مه‌عنه‌وییان له‌ عێراق.

هاوکات سه‌رۆک کۆمار کاره‌کانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و ده‌سته‌ دیپلۆماتیه‌کانمانى به‌رز نرخاند له‌ پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانماندا، ئاماژه‌یشیکرد بۆ ئه‌وه‌ى که‌ عێراق پێویستیى زۆرى به‌ بنیاتنانى ئابورییه‌کى به‌هێز و کراوه‌یه‌ بۆ بوژانه‌وه‌ ئابوریى و ته‌کنه‌لۆژیى جیهانیى مۆدێرن، ئه‌وه‌یشى به‌ بیر هێنایه‌وه‌ ئه‌و خواسته‌ پێویستى به‌ کارکردنه‌ بۆ راکێشان و هێنانى وه‌به‌رهێنانى نێوده‌وڵه‌تیى فراوانتر و ده‌ستکه‌وتى ته‌کنیکیى باشتر ونوێترین پرۆژه‌ى پیشه‌سازیى و کشتوکاڵ و گه‌شتیاریی.

ئه‌مه‌ش ده‌قى وتاره‌که‌ى به‌ڕێز سه‌رۆک کۆماره‌:

"به‌ناوى په‌روه‌ردگارى به‌خشنده‌ و میهره‌بانه‌وه‌ 
خوشکان و برایانى ئاماده‌ بو 
سڵاوى خواتان لێ بێت‪..‬

به‌ خۆشحاڵیى و شانازیى زۆره‌وه‌ جارێکى تر له‌م کۆنگره‌ ساڵانه‌ گرنگ و پێویسته‌دا به‌دیدارتان شاد ده‌بم.. که‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ رێکیده‌خات. ئه‌م دیداره‌ ده‌رفه‌تێکى به‌نرخه‌ بۆ دانانى ئامانج و ستراتیژه‌کانى که‌ ده‌ستور دیارییان ده‌کات نه‌ک هه‌ر به‌ ته‌نیا سه‌باره‌ت به‌ کار و کاروبارى نوێنه‌رایه‌تییه‌ دیپلۆماتییه‌کان به‌ڵکو به‌ مه‌به‌ستى ئاست و بارودۆخى په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماتیى و نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیش. سه‌رکه‌وتنى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان گوزارشت ده‌کات له‌ ئاستى پێشکه‌وتن و باڵایى سیاسیى و شارستانیى هه‌ر ده‌وڵه‌تێک و لێهاتویى و به‌هێزیى دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌کانیشى نیشان ده‌دات و ده‌رده‌خات.
ئه‌م راستییه‌ پێویستیى به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کى بابه‌تیى و هه‌ڵسه‌نگاندنى ده‌ورییى پێویسته‌ بۆ کارى دیپلۆماتیمان و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانمان و راده‌ى خزمه‌تکردن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵاته‌که‌مان.. که‌ چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین کۆنگره‌که‌تان بایه‌خ به‌م خاڵه‌ بدات له‌ پاڵ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى ده‌ستکه‌وته‌ به‌دیهاتوه‌کان و پلان دانان بۆ خواست و ئاره‌زوه‌کانمان له‌ ئێستا و ئاینده‌دا له‌م بواره‌دا.. چونکه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زه‌مینه‌یه‌کى پێویست ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ له‌ پێناوى به‌دیهاتنى داواکانى عێراق بۆ پێگه‌یه‌کى تایبه‌ت و جیا له‌ نێو کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تیدا شانبه‌شانى ته‌ئکید کردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانیى و مرۆییه‌کانمان له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیى و زامنکردنى بنیاتنانى په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌و هاوکاریى جیهانیى له‌گه‌ڵ گه‌ل و وڵاته‌که‌ماندا. بێگومان چالاکیى زیندویى و کاراى باڵیۆزخانه‌کانمان له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانماندا له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌رۆشیى بۆ پێودانگه‌کانى یه‌کسانیى و دادپه‌روه‌ریى و ئاشتیى زامنى هاندانى ده‌وڵه‌تانى دۆسته‌ بۆ پێشکه‌شکردنى پشتیوانیى زیاترى مه‌عنه‌ویى و مادیى بۆ عێراق له‌ پێناوى ده‌سته‌به‌ر بونى ئارامیى و ئۆقره‌ییه‌که‌ى و به‌ئاکام گه‌یشتنى ئامانجه‌کانى له‌ په‌ره‌پێدانى سترایژیى ئه‌وله‌ویه‌ته‌ نیشتمانییه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان، له‌ ریزى پێشه‌وه‌یان چه‌سپاندنى ئاسایش و ئۆقره‌یى و ئاشتبونه‌وه‌ى ناو کۆمه‌ڵ و زامنکردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌ربه‌رزانه‌ى ئاواره‌ بوه‌کان بۆ ناوچه‌کانیان و ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى سه‌رتاسه‌ریى بۆ ناوچه‌ رزگارکراوه‌کان و ئه‌وانى تریش.. هاوکات چاره‌سه‌رکردنى ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کان له‌سه‌ر بناغه‌ى ده‌ستور له‌ سه‌رو هه‌موییانه‌وه‌ ناکۆکى نێوان هه‌ولێر و به‌غداد و کۆتایى هێنان به‌ لێکه‌وته‌کانى ئه‌و ناکۆکییه‌.. هه‌روا سه‌رکه‌وتنى هه‌ڵبژاردنه‌ دیموکراسییه‌کانى ئاینده‌ و هه‌نگاونانى شێلگیرانه‌ بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى هاوڵاتیبون سه‌ربارى درێژه‌دان به‌ راپه‌ڕاندنى ئه‌رکى رۆژانه‌تان و پێشکه‌شکردن و نیشاندانى وێنه‌یه‌کى گه‌ش له‌ ره‌سانه‌یه‌تى گه‌له‌که‌مان و مه‌زنیى شارستانییه‌که‌مان له‌ به‌رچاوى گه‌لانى جیهاندا و خزمه‌تکردنى عێراقییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ئه‌و میوانانه‌ى که‌ له‌ ده‌وڵه‌تان و دامه‌زراوه‌ بیانییه‌کان سه‌ردانى عێراق ده‌که‌ن.

به‌ستنى کۆنگره‌که‌تان له‌م قۆناغه‌ تایبه‌ته‌دا که‌ شانبه‌شانى به‌ده‌ستهێنانى سه‌رکه‌وتنى کۆتاییه‌ به‌سه‌ر تێرۆر و هه‌نگاونانى هه‌موانه‌ به‌ره‌و به‌هێز کردنى یه‌کێتیى و سه‌روه‌ریى عێراق گرنگییه‌کى زیاترى ده‌داتێ که‌ پێویستیى زۆرمان به‌ هه‌نگاوى شێلگیرانه‌یه‌ بۆگه‌ڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى هه‌مو ده‌وڵه‌ت و گه‌لانى جیهان به‌ عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێکى دیموکراسیى مۆدێرن که‌ هه‌وڵده‌دات بۆ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردن له‌ هه‌مو بواره‌کاندا له‌وانه‌ بوارى په‌یوه‌ندییه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان، زۆر هه‌وڵیش ده‌دات بۆ بنیاتنانى ئابورییه‌کى به‌هێز و ئاینده‌یى و کراوه‌ له‌به‌رده‌م شۆڕشى ئابوریى و ته‌کنه‌لۆژیاى جیهانیى نوێ.. به‌و جۆره‌ى که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌مو عێراقییه‌کاندا بێت بێ جیاوازیى و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى نه‌وه‌کانى داهاتوشدا بێت. ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ سه‌رنج راکێشانى فراوانترى وه‌به‌رهێنه‌رانى نێوده‌وڵه‌تیى و ده‌ستکه‌وتى ته‌کنیکیى باشتر و نوێترین پرۆژه‌ى پیشه‌سازیى و کشتوکاڵ و گه‌شتیارییه‌.

خوشکان و برایانى ئاماده‌ بوو‪..‬

خۆشحاڵ ده‌بم له‌م ده‌رفه‌ته‌دا سه‌رله‌نوێ پێکه‌وه‌ گرنگیى ناسکیى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌ پێزانینه‌وه‌ دوپات بکه‌ینه‌وه‌ که‌ پێویستى به‌ هاریکاریى و شه‌راکه‌ت و پێکه‌وه‌ کارکردنى نێوان ده‌وڵه‌تانى ئیقلیمیى و ته‌واوى ده‌وڵه‌تانى جیهانى هه‌یه‌.. به‌ تایبه‌تیى له‌ جیهانى ئێستاماندا که‌ خۆ په‌رێزیى تیایدا بوه‌ته‌ مه‌ترسییه‌ک، بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ى پێویستى به‌ وردیى و بوێریى و واقیع بینیى زیاتره‌ له‌ پته‌و کردنى په‌یوه‌ندییه‌کانمان به‌ شه‌ریک و دراوسێکانمان له‌م ناوچه‌یه‌دا که‌ کاریگه‌رییه‌کى جیاوازى هه‌یه‌ له‌ جیهانداو، به‌ ایه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ترى کۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تییش به‌ تایبه‌تیى له‌ بارودۆخێکدا که‌ ده‌مانه‌وێت و خواستمان له‌ به‌ ئاکام گه‌یاندنى بنیاتنانى ده‌وڵه‌ته‌ دیموکرات ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز و پێشکه‌وتوه‌که‌مانه‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌. له‌ کاتێکدا پیاچونه‌وه‌ ده‌که‌ین و پلان داده‌نێین بۆ کارى دیپلۆماتیمان و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانماندا، پێویسته‌ په‌ى ببه‌ین که‌ وڵاته‌که‌مان (عێراق) وڵاتێکى میحوه‌ریى و سه‌ره‌کییه‌ چ له‌ روى هه‌لومه‌رجه‌ هه‌نوکه‌ییه‌که‌یه‌وه‌ که‌ هه‌لومه‌رجى بنیاتنان و کارلێکه‌ریى ئابوریى و تواناکانى وه‌به‌رهێنان و کارى هاوبه‌شه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا، چ له‌و لایه‌نه‌وه‌ى که‌ رۆڵێکى ستراتیژیى هه‌یه‌ وه‌ک هێزێکى زاڵبو به‌سه‌ر تێرۆرداو ئازایانه‌ به‌سه‌ریدا سه‌رکه‌وتوه‌.. سه‌رکه‌وتنێک که‌ ته‌واوى جیهان رێزى ده‌گرن. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى زێڕینیشى بۆ هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ بۆ به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کان و زیاترکردنى تواناکانى پێشکه‌وتن و بنیاتنان و به‌دیهێنانى ئارامیى و ئاشتیی‪.‬

وه‌ک ده‌زانن ئۆقره‌یى و گه‌شه‌سه‌ندن پرۆژه‌یه‌کى ستراتیژیى گه‌وره‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وامیى و گه‌شه‌کردنى سیاسیى و مه‌ده‌نى له‌ وڵاتماندا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌یه‌کیشه‌ بۆ زامنکردنى وه‌به‌رهێنانى باشتر بۆ سه‌رچاوه‌و تواناکانى و پرۆژه‌یه‌کى گرنگ و پێ‌ ده‌ستکه‌وتیشه‌. واقیعى متمانه‌ى زیاترى نێوده‌وڵه‌تیى به‌ عێراق پشتگیریى ده‌کات که‌ چاوى چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى و کۆمپانیاى جیهانیى په‌یوه‌ندیدارى له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ش هه‌وڵ و کۆششى دامه‌زراوه‌ دیپلۆماتییه‌کان و هه‌وڵ و هیمه‌تى هه‌مومانى گه‌ره‌که‌ بۆ پشت به‌ستن به‌نوێترین و باشترین میکانیزمى هاریکاریى نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داواکارییه‌کانى سه‌رکه‌وتنى ته‌واو له‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى نیشتمانیی.
بێگومان زیاتر هه‌وڵ و به‌رپرسیارێتییه‌که‌ى ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌رشانى ئێوه‌، له‌ کاتێکدا ئێمه‌ زۆر پشت به‌ به‌هێزیى ئیراده‌ و توانا و زیندویه‌تى ئێوه‌ ده‌به‌ستین و متمانه‌ى ته‌واویشمان هه‌یه‌ به‌ په‌رۆشیى نیشتمانییتان له‌ راپه‌ڕاندنى هه‌مو ئه‌رک و لێپرسراوێتییه‌کانتاندا به‌ باشترین شێوه‌، دڵنیاشین که‌ ئاسۆى ئۆقره‌یى و گه‌شه‌سه‌ندنى وڵاته‌که‌مان بۆ ئاینده‌ زۆر به‌هێزه‌ به‌ تایبه‌تیى دواى سه‌رکه‌وتنى مه‌زنى گه‌له‌که‌مان به‌سه‌ر چه‌ته‌کانى داعشى تێرۆریستدا.

متمانه‌ى ته‌واویشمان پێتانه‌ که‌ درێغى ناکه‌ن به‌و جۆره‌ى خزمه‌تى وڵاته‌که‌تان و پێشکه‌وتن و سه‌لامه‌تیى و سه‌ربه‌خۆیى و دیموکراسیى و فیدراڵییه‌که‌ى ده‌کات‪.‬

داواى سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موتان ده‌که‌م له‌ کارى دیپلۆماتیتاندا به‌و جۆره‌ى ناوبانگى گه‌ل و وڵاته‌که‌تان به‌هێزده‌کات به‌و پێیه‌ى ئێوه‌ هه‌رچیه‌ک بن ئاوێنه‌که‌یانن. سود وه‌رگرن له‌ توانا و شاره‌زایى ده‌سته‌بژێره‌ عێراقییه‌کانى دانیشتوى ئه‌و وڵاتانه‌ى که‌ کاریان تێدا ده‌که‌ن، ده‌رگاى باڵیۆزخانه‌و دڵتان بکه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌ر عێراقییه‌ک هه‌رچییه‌ک بێت‪.‬

سوپاس و پێزانین بۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ رێکخستنى ئه‌م کۆنگره‌یه‌ و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانى بۆ به‌هێزکردنى پێگه‌ى عێراق له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا. 

داواى سه‌رکه‌وتن ده‌که‌م بۆ کۆنگره‌که‌تان‪.‬
به‌ خوداتان ده‌سپێرم."


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


توند و تێژی دژ به‌ژنان برینێکی سارێژ نه‌بوو
ئه‌گه‌ر ئه‌زانن خه‌ونه‌ .... بۆچى ڕامان ئه‌چڵه‌کێنن
دروشمى حزبه‌کان له‌ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانى کوردستان چى ده‌بێت ؟
حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
پانۆراماى کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانى نێچیرڤان بارزانى له‌ داڤۆس
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
Created by AVESTA Group