جموجۆڵى داعش له‌ ده‌وروبه‌رى که‌رکوک ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌کات

2/22/2018 8:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








تا دێت جموجۆڵى داعش له‌ ده‌وروبه‌رى که‌رکوک ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌کات، به‌تایبه‌ت شه‌وى رابردوو چه‌کدارانى ئه‌و رێکخراوه‌ جم‌وجۆڵێکى فراوانیان له‌ باشورى که‌رکوک هه‌بووه‌، هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبیش خۆیان بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ریان ئاماده‌ ده‌که‌ن.

عه‌لى حسێنى وته‌بێژى میحوه‌رى باکورى عێراقى حه‌شدى شه‌عبى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند" هێزه‌ عێراقیه‌کان له‌سنورى حه‌ویجه‌ نه‌رمیان نواندووه‌ و ناوچه‌که‌ش له‌داعش پاکنه‌کراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ جارێکى تر پشێوى ئه‌منى دروست بووه‌ته‌وه‌."

وتیشى"ته‌دقیقى ورد نه‌کراوه‌ له‌ناوى ئه‌و ئاوارانه‌ى گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ حه‌ویجه‌، بۆیه‌ جارێکى تر داعش دزه‌یکردۆته‌وه‌ سنوره‌که‌."

له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى رابردوودا چه‌کدارانى داعش له‌ده‌وروبه‌رى حه‌ویجه‌ چه‌ندین که‌سایه‌تى وپله‌داریان کوشتووه‌، هه‌روه‌ها 27 چه‌کدارى حه‌شدیشیان له‌یه‌ک جێگه‌دا له‌نێو ئۆتۆمبێله‌کانیان سوتاند، ئه‌مه‌ش مه‌ترسى ئه‌وه‌ى دروستکردووه‌ حه‌شد تۆڵه‌ له‌خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ بکاته‌وه‌.

جوان حه‌سه‌ن سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئه‌منى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"ترسمان هه‌یه‌ حه‌شدى شه‌عبى به‌بیانوى هاوکارى کردنى داعش، خه‌ڵکى سڤیل له‌ده‌وروبه‌رى حه‌ویجه‌ بکاته‌ ئامانج."

عه‌لى حسێنى، روونیشیکرده‌وه‌ چه‌کدارانى داعش له‌موسڵ و دیاله‌ و ناوچه‌کانى تر چوونه‌ته‌ سنورى حه‌ویجه‌ و له‌وێ کۆبونه‌ته‌وه‌.

جمو جۆڵى چه‌کدارانى داعش ته‌نها ده‌وروبه‌رى حه‌ویجه‌ى نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌ڵکو خه‌ریکه‌ ده‌وروبه‌رى قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین و ناوچه‌کێشه‌له‌سه‌ره‌کانى دیاله‌ش ده‌گرێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو