موقته‌دا سه‌در: پێویسته‌ حکومه‌تى داهاتوو حکومه‌تى باوک بێت و دادپه‌روه‌ریى بونیاد بنێت

5/21/2018 1:21:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز









سه‌رکرده‌ى ره‌وتى سه‌در، موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاند که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حکوومه‌تى داهاتوو دادپه‌روه‌ریى بونیاد بنێت و خۆشگوزه‌رانى بۆ هاووڵاتییان فه‌راهه‌م بکات نه‌وه‌ک خه‌ریکى بونیادنانى کۆشک و ته‌لار بێت.

ئه‌م لێدوانه‌ى موقته‌دا سه‌در له‌ کاتێکدایه‌، که‌ به‌ پێى ئه‌نجامى کۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان رایگه‌یاندووه‌، هاوپه‌یمانى سائیرون به‌ سه‌رۆکایه‌تى موقته‌دا سه‌در له‌ کۆى ٣٢٩ کورسى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، ٥٤ کورسى به‌ده‌ستهێناوه‌ و  له‌پله‌ى یه‌که‌مدا دێت و دواى ئه‌و ئیئتلافى فه‌تح به‌سه‌رۆکایه‌تى هادى عامرى دێت که‌ ٤٧ کورسى مسۆگه‌ر کردووه‌ و، ئیئتلافى نه‌سر به‌سه‌رۆکایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى ٤٢ کورسى به‌ده‌ستهێناوه‌ و، ره‌وتى حیکمه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى عه‌ممار حه‌کیم بووه‌ته‌ خاوه‌نى ١٩ کورسیه‌.

له‌ تویتێکدا موقته‌دا سه‌در نووسیوویه‌تی: "دواى ئه‌وه‌ى گه‌ل بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌نگى خۆى دا، پێویسته‌ له‌سه‌ر حکوومه‌تى داهاتوو، دادپه‌روه‌ریى و خۆشگوزه‌رانى و ئاسایش بۆ گه‌ل ده‌سته‌به‌ر بکات نه‌ک خه‌ریکى بونیادنانى کۆشک و ته‌لار بێت".

سه‌رکرده‌ى ره‌وتى سه‌در ئاماژه‌شى به‌وه‌داوه‌ که‌: "نا بۆ گه‌نده‌ڵی، نا بۆ حزبایه‌تى و نا بۆ ده‌نگى ته‌قه‌کردن، ده‌بێت ده‌نگى گوللـه‌ نه‌مێنێت و هاوارى شه‌ڕیش راوه‌ستێت".

وێراى ئه‌وه‌ى ئیئتلافى سائیرون زۆربه‌ى کورسییه‌کانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقى به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نها ناتوانێت حکوومه‌تى داهاتوو پێکبهێنێت، بۆیه‌ پێویستى به‌ به‌ستنى هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ براوه‌کانى دیکه‌ تا بتوانێت حکوومه‌تى داهاتوو پێکبهێنێت.

به‌ پێى ئه‌وه‌ى راگه‌یه‌نراوه‌ که‌ موقته‌دا سه‌در رۆڵێکى سه‌ره‌کى ده‌بێت له‌ پێکهێنانى حکوومه‌تى داهاتوودا به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک وه‌زیران.

موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاندووه‌ که‌ حکومه‌تى ئاینده‌ حکومه‌تى باوک ده‌بێت و  کار له‌سه‌ر پێکهێنانى حکوومه‌تێکى نوێ ته‌کنۆکرات ده‌کات که‌ دوور بێت له‌ حزبایه‌تى و تایفی.


زۆرترین خوێندراو