ئه‌گه‌رى شاڵاوى دیپۆرتکردنه‌وه‌ى په‌ناخوازانى عێراق له‌ئارادایه‌

1/31/2015 9:34:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌گه‌رى ده‌ستپێبکردنه‌وه‌ى شاڵاوى دیپۆرتکردنه‌وه‌ى په‌ناخوازانى عێراق له‌ئارادایه‌ له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ فیدراسیۆنى سه‌رتاسه‌رى په‌نابه‌رانى عێراقیش هۆشدارى ده‌دات.

 له‌دواهه‌مین لێدوانیدا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ى که‌له‌ که‌مپى ووڵاته‌که‌یدا ده‌ستبه‌سه‌رکراون ،سه‌رۆک وه‌زیرانى پاپانیوگینیا ڕایگه‌یاند که‌ زۆربه‌ى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بیسه‌لمێنن په‌نابه‌رى ڕاسته‌قینه‌ن و به‌ ووته‌ى ئه‌و له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌کى داهاتوودا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ده‌ستبکه‌ن به‌ دیپۆرتگردنه‌وه‌یان بۆ ووڵاته‌کانى خۆیان و به‌وه‌ش پێده‌چێت سه‌دان په‌ناخوازى عێراقى بکه‌ونه‌ به‌ر شاڵاوى دیپۆتکردنه‌وه‌وه‌.

پیته‌ر ئۆنوێل ، سه‌رۆک وه‌زیرانى پاپانیوگنیا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ حکومه‌تى ووڵاته‌که‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ووڵاتانى په‌ناخوازه‌کاندا له‌ناویشیاندا حکومه‌تى عێراق له‌گفتوگۆدان و ده‌یانه‌وێت ئه‌و پرسه‌ به‌زووترین کات یه‌کلایبکه‌نه‌وه‌. 
ئه‌م په‌ناخوازانه‌ ئه‌و کۆچبه‌رانه‌ن که‌ به‌له‌م و به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى له‌پێشدا ویستویانه‌ بچنه‌ ئوسترالیا به‌ڵام ده‌ستگیرکراون و به‌ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌ردوو دوورگه‌ى ناورۆو پاپانیوگینیا ڕه‌وانه‌ى ئه‌و دوو دوورگه‌یه‌ کراون و چیتر ناتوانن داواى مافى په‌نابه‌رێـى له‌ ئوسترالیا بکه‌ن. 

له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى دیپۆرتکردنه‌وه‌ى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ بۆ ووڵاته‌کانیان ، کۆمیسیۆنى باڵاى په‌نابه‌رانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هۆشداریدا له‌وه‌ى که‌ نابێت ئه‌و په‌ناخوازانه‌ به‌زۆر دیپۆرتبکرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ووڵاتانه‌ى که‌ له‌وێ مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیانه‌.

هاوکات له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنى ئه‌گه‌رى دیپۆرتکردنه‌وه‌ى په‌نابه‌ران ، وه‌زیرى کۆچى ئوسترالیا ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌و پرسه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کى به‌ ئوسترالیاوه‌ نیه‌ و به‌ڵکو کێشه‌ى پاپانیوگنیایه‌ و ئه‌وان ده‌توانن ڕوونکردنه‌وه‌ بده‌ن. هاوکات ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که‌ ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ ناردنى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ى که‌ به‌به‌له‌م به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى ده‌گه‌نه‌ ووڵاته‌که‌یان بۆ دوورگه‌کانى ناورۆ و پاپانیوگینیا یان دووباره‌ ڕه‌وانه‌کردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌ى که‌ به‌له‌مه‌کانى لێوه‌ هاتوون و ڕایگه‌یاند که‌ له‌ساڵى 2014 دا زیاتر 429 کۆچبه‌ریان له‌پێش گه‌شتنیان به‌ ئوسترالیا گێڕاوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها یه‌ک به‌له‌م گه‌شتۆته‌ ئوسترالیا و ئه‌ویش سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌کانى په‌ناخواز بوون ڕه‌وانه‌ى دوورگه‌ى ناورۆ کراون.   

له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى عێراقیش ، ئامانج عه‌بدوڵا ، به‌رپرسى ئۆفیسى عێراق و هه‌رێمى کوردستانى  فیدراسیۆنى سه‌رتاسه‌رى په‌نابه‌رانى عێراق ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌وان به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌که‌ن و وه‌ک فیدراسیۆنه‌که‌یان و له‌سه‌ر ئاستى مه‌کته‌بى سکرتاریه‌تى ڕێکخراوه‌که‌یان ده‌نگى ناڕه‌زایى خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى وه‌ک یوئێن و ڕێکخراوه‌ جیهانیه‌کانى تر. وه‌ک ئامانج عه‌بدوڵا ئاماژه‌ى بۆکرد ، ناڕه‌زایى ئه‌وان له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ که‌ دیپۆرتکردنه‌وه‌ دژى بنه‌ماکانى مافى مرۆڤه‌ و په‌نابه‌ران ئازادن له‌وه‌ى له‌ کوێ ده‌یانه‌وێت بژین ، به‌تایبه‌ت په‌نابه‌رانى عێراق که‌ ئێستا ووڵاته‌که‌یان له‌خراپترین ڕه‌وشى ئه‌منیدایه‌ به‌هۆى هه‌ڕه‌شه‌کانى تیرۆرستانى داعشه‌وه‌ و هۆشداریدا که‌ نابێت ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بچنه‌ ژێربارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى به‌زۆرى ئه‌و په‌نابه‌ره‌ دیپۆرتکراوانه‌ و ووتیشى حکومه‌تى عێراق به‌رپرسیارده‌بێت له‌پاراستنى سه‌لامه‌تى ئه‌و په‌ناپه‌رانه‌ له‌پاش دیپۆرتکردنه‌وه‌یان چونکه‌ به‌ ووته‌ى ئه‌و پێده‌چێت به‌شێک له‌وانه‌ دیپۆرتى ئه‌و ناوچانه‌ بکرێنه‌وه‌ که‌ دۆخى ئه‌منیان زۆر خراپه‌.  

به‌پێى دواهه‌مین ئامارى فه‌رمیش ، نزیکه‌ى 1035 ( هه‌زار و سى و پێنج ) په‌ناخواز له‌ که‌مپه‌مانى دوورگه‌ى پاپانیوگینیا ده‌ستبه‌سه‌رن که‌ زۆربه‌یان به‌ڕه‌گه‌ز عێراقى و ئێرانى و سریلانکى و ئه‌فغانین. به‌ڵام به‌ ووته‌ى ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى ئوسترالیا به‌گشتى نزیکه‌ى 500 په‌ناخوازى به‌ڕه‌گه‌ز عێراقى له‌ هه‌ردوو دوورگه‌ى پاپانیوگینیا و ناورۆ ده‌ستبه‌سه‌رن.



ئا : هه‌ژار ته‌ها 


زۆرترین خوێندراو