ئیتالیا ئاستى هاوکاریه‌کانى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌رز ده‌کاته‌وه‌

3/3/2015 8:16:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ٣ ى مارسى ٢٠١٥،   له‌ دووه‌مین ڕۆژى سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌که‌یدا بۆ ئیتالیا، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و شاندى یاوه‌رى له‌رۆما له‌لایه‌ن   "پاوڵۆ جێنتیلۆنی"ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیاوه‌ پێشوازییان لێکرا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و شاندى یاوه‌رى بۆ ئیتالیا ده‌ربڕى و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان به‌رده‌وام ئاگایان له‌ بارودۆخى ناوچه‌که‌ و هه‌رێمى کوردستان و عیراقه‌، به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌ ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ شاندى هه‌رێمى کوردستان خۆیه‌وه‌، دوایین هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخه‌که‌ بزانن.

بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئیتالیا، پێشهاته‌کانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و سه‌رکه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى پێشمه‌رگه‌، دۆخى مووسڵ و هه‌وڵ و پلانه‌کان بۆ ڕزگارکردنى ئه‌و شاره‌ و گرنگیى به‌شداریى هه‌مه‌لایه‌نه‌ و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان بۆ ڕزگارکردنی، ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا و دوایین ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ردوولا، گرنگیى به‌شدارى و هاوبه‌شیى هه‌موو پێکهاته‌کان له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عیراقدا و بارودۆخى سووریا و کاریگه‌ریى پێشهاته‌کانى ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌که‌ به‌گشتی، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێ کران.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا پابه‌ندیى وڵاته‌که‌ى به‌ هاوکارى و پشتگیریى سه‌ربازى و مرۆیى و به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ بڕیارى به‌رزکردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى ئیتالیاى له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ کونسلخانه‌ى گشتى به‌ نیشانه‌ى بایه‌خدانى ڕۆما به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌ولێر له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئیتالیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان و به‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌کانیه‌وه‌ بۆ هاوکارى و پشتگیرى هه‌رێمى کوردستان، پابه‌نده‌.

ده‌رباره‌ى هاوکارییه‌ مرۆیى و سه‌ربازیه‌کانیش، ڕایگه‌یاند: ئیتالیا له‌ پشتگیریى سه‌ربازى به‌ ناردنى چه‌ک و قه‌قه‌مه‌نى و ڕاهێنه‌رانى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌وه‌ى تا ئێستا له‌ ڕووى مرۆیى و سه‌ربازییه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌ هه‌رێمى کوردستان کراوه‌، دوایین ئاستى هاوکارییه‌کان نه‌بووه‌. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕى و پشتگیریى وڵاته‌که‌ى بۆ باشبوونى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ردوو حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدرالى عیراق دووپات کرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى هه‌ڵوێست و پشتگیرییه‌کانى ئیتالیاى کرد و ده‌ستخۆشى له‌ بڕیارى به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى نوێنه‌رایه‌تى ئیتالیا له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ کونسلخانه‌ى گشتى کرد و هه‌موو پشتگیرى و هاوکارییه‌کى حکوومه‌تى هه‌رێمى بۆ سه‌رکه‌وتنى کارى کونسلخانه‌که‌یان ،نیشاندا. ده‌رباره‌ى په‌یوه‌نیش له‌گه‌ڵ به‌غدا، ته‌واوى پابه‌ندیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى به‌ دوایین ڕێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدرال و یاساى بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٥   ده‌ربڕى و ئاماده‌یى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌موو کێشه‌کان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێکگه‌یشتنه‌وه‌، دووپاتکرده‌وه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ پێکه‌وه‌ژیان و ته‌بایى و کولتوورى فره‌نه‌ته‌وه‌یى و فره‌ئایینى و ئه‌و پره‌نسیپانه‌وه‌ پابه‌نده‌، که‌ به‌ درێژاییى مێژوو له‌ناو‌ پێکهاته‌ جیاکانى کوردستاندا هه‌بوون و بێ جیاوازى به‌رگرى له‌ هه‌موو پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌کان ده‌کات، باسى له‌ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ش‌ له‌ پاراستن و به‌رگریکردن له‌ هه‌موو ناوچه‌ و پێکهاته‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد.


له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا‌ هه‌ر یه‌که‌ له‌جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، وه‌زیرى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینی، باڵیۆزى عیراق له‌ ئیتالیا، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌، وته‌بێژى فه‌رمیى حکوومه‌ت و نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ ئیتالیا، ئاماده‌ بوون. دواى ئه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا، وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌نووسانیان دایه‌وه‌.

له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا سه‌ره‌تا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا به‌خێرهاتنى نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوه‌رى کرد و سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمیش سوپاسى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیاى کرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ى که‌ لێیان کراوه‌ و وتی: " من ده‌مه‌وێ‌ له‌و ده‌رفه‌ته‌دا سوپاسى گه‌لى کوردستان به‌ گه‌ل و حکوومه‌تى ئیتالیا بگه‌یه‌نم. سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیتالیا، یه‌که‌م سه‌رۆک وه‌زیر بوو دواى هێرشى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێم، سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانى کرد و دواى ئه‌ویش جه‌نابى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ سه‌ردانى کردین.

ئێمه‌ سوپاسى پشتگیریى سه‌ربازى و مرۆییى ئیتالیا ده‌که‌ین بۆ هه‌رێمى کوردستان و خۆشحاڵین به‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ڕۆما. له‌ ئه‌نجامى ئه‌و پشتگیرییه‌ سه‌ربازییه‌ى که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى ڕۆژئاواوه‌ لێمان کرا، سه‌رکه‌وتنى باشمان به‌رامبه‌ر داعش به‌ده‌ست هێناوه‌. ئه‌و شه‌ڕه‌ى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ داعش ده‌یکه‌ین، ته‌نیا شه‌ڕى کورد نییه‌؛ به‌ڵکو شه‌ڕى هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ دژى ئه‌و تیرۆریستانه‌. پێشمه‌رگه‌کانى ئێمه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا جددین و ئێمه‌ وه‌ک گه‌لى کورد هیوادارین وڵاتانى ڕۆژئاوا له‌و ئه‌رکه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ کورد له‌ دژى ئه‌و تیرۆریستانه‌ به‌ڕێوه‌ى ده‌بات، تێبگه‌ن.”

له‌باره‌ى هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانى ئیتالیا بۆ هه‌رێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى وتی: "له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ باسى ڕه‌وشى مرۆییى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌مان کرد که‌ به‌هۆى هێرش و مه‌ترسییه‌کانى تیرۆریستانى داعشه‌وه‌ ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێک و پێنج سه‌د هه‌زار که‌س ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ و به‌مه‌ش له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ڕێژه‌ى دانیشتوان له‌ هه‌رێمى کوردستان سه‌دا بیست و هه‌شت زیادى کردووه‌. ئه‌وه‌ى له‌ تواناى ئێمه‌دا هه‌بێت بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئاواره‌یه‌ که‌ له‌ کورد و مه‌سیحى و شه‌به‌ک و عه‌ره‌ب پێکهاتوون، بۆیان ده‌که‌ین. جارێکى دیکه‌ سوپاسى حکوومه‌ت و گه‌لى ئیتالیا ده‌که‌ین بۆ هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانیان و هیوادارین به‌ هاوکاریى هه‌موولایه‌ک کۆتایى به‌و تیرۆریستانه‌ له‌ هه‌موو شوێنێک بهێنین."

له‌باره‌ى هاوکارییه‌ سه‌ربازى و مرۆییه‌کانى ئیتالیا بۆ هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و کێشه‌ داراییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیا و سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌یاندا باسیان له‌وه‌ کردووه‌ هاوکارییه‌کانى ئیتالیا بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ تایبه‌ت هاوکارییه‌ مرۆییه‌کان، چونکه‌ خه‌ڵکێکى زۆرى ئاواره‌ له‌ هه‌رێم هه‌ن و پێویستیى زۆریان به‌ هاوکارى هه‌یه‌.

 له‌ باره‌ى قه‌یرانى دارایى عێراق و هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیران وتی: "قه‌یرانێکى جددى دارایى به‌رۆکى ئێمه‌ى گرتووه‌ و له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتالیاش ئه‌و بابه‌ته‌مان باس کرد. هه‌ڵوێستى ئیتالیا له‌م باره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ردوولامان، واته‌ هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا کێشه‌کانمان له‌ ناوخۆى وڵاتدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین و جه‌نابى وه‌زیر ئێمه‌ى هان دا که‌ کێشه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ ڕێگه‌ى دایالۆگه‌وه‌، چاره‌سه‌ر بکه‌ین."

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێکدا له‌باره‌ى قوناغى دواى چاره‌سه‌ریى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى  ووتی: " ئێمه‌ له‌ عیراق پابه‌ندى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یین که‌ سه‌دا هه‌شتاى خه‌ڵکى عیراق ده‌نگى بۆ داوه‌. ئه‌وه‌ى که‌ گرینگه‌ پێویسته‌ به‌غدا واقعبینانه‌ سه‌یرى کێشه‌کان بکات و ئێمه‌ ئاماده‌ین ئه‌و کێشانه‌مان له‌سه‌ر ده‌ستوور و ئه‌وانى دیکه‌ش، له‌ چوارچێوه‌ى عیراقدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌وله‌ویه‌تى ئێستاى ئێمه‌ شه‌ڕى دژى تیرۆریستانى داعشه‌ و وه‌ک کورد ئێمه‌ له‌به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ین و پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى ئێمه‌ له‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى ئه‌و شه‌ڕى دژى تیرۆریستاندان و به‌ یارمه‌تیى وڵاتانى هاوپه‌یمان، توانیومانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌کانى ئه‌و تیرۆریستانه‌ له‌ شوێنى خۆیان ڕابگرین."


زۆرترین خوێندراو