کۆمیته‌ى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى ئه‌مه‌ریکا پـرۆژه‌ یاساى په‌یوه‌ست به‌ پـێشمه‌رگه‌ى په‌سه‌ند کرد

4/30/2015 2:05:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

کۆمیته‌ى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مه‌ریکا پـرۆژه‌ یاساى خه‌رجیـیه‌کانى ساڵى 2016 ى حکومه‌تى ئه‌مه‌ریکا بۆ وه‌زاره‌تى به‌رگرى و هێزه‌ چه‌کداره‌کان په‌سه‌ندکرد که‌ له‌ نێویدا پـێشـنیارکراوه‌ ڕاسته‌وخۆ یارمه‌تى له‌شکرى پـێشـکه‌ش بکرێت به‌ هێزه‌کانى پـێشـمه‌رگه‌ و هێزه‌ سووننه‌کانى شه‌ڕى داعش ده‌که‌ن.

  ئه‌مڕۆ پـێـنج شه‌ممه‌ 30 ى نیسانى 2015 له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌که‌ى ڕایگه‌یاند که‌وا به‌ ده‌نگى 60 به‌رامبه‌ر به‌ 2 ده‌نگ پـرۆژه‌ یاساى ژماره‌ H.R. 1735 په‌سه‌ندکرا.

ماک پۆرنبێرى سه‌رۆکى کۆمیته‌که‌ په‌یامێـکى له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یاند و تیایدا گوتى ته‌واوى ئه‌ندامانى کۆمیته‌که‌ ده‌توانن شانازى به‌م پـرۆژه‌ یاسایه‌ بکه‌ن. وتیشى هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تایـیه‌کانیان داناوه‌ بۆ پـرۆسه‌ى چاکسـازى گه‌وره‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریدا به‌ مه‌به‌ستى زیادکردنى تواناکانى له‌شکرى ئه‌مه‌ریکا. له‌ کۆتایدا گوتویه‌تى خوازیارن له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ ته‌واوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا تاووتوێى پـرۆژه‌ یاساکه‌ بکرێت.

جێى ئاماژه‌یه‌ له‌ بڕگه‌یه‌کى پـرۆژه‌ یاساکه‌دا باس له‌ شه‌ڕى داعش کراوه‌ و تیایدا پـشـتیوانى له‌ داوایه‌کى سه‌رۆک ئۆباما کراوه‌ بۆ خه‌رجکردنى 715 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمه‌کردن و یارمه‌تیدانى هێزه‌کانى عێراق له‌م شه‌ڕه‌دا.

به‌ڵام کۆمیته‌که‌ مه‌رجى داناوه‌ و ده‌ڵێت پـێویسته‌ 25% ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ڕاسته‌وخۆ بۆ هێزه‌کانى پـێشـمه‌رگه‌ و هێزه‌ سووننه‌کان ته‌رخان بکرێت و 75% که‌شى ده‌مێنێته‌وه‌ ڕاده‌گیرێت خه‌رج بکرێت هه‌تا ئه‌و کاته‌ى هه‌ردوو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن حکومه‌تى عێراق مه‌رجه‌کانى جێبه‌جێکردووه‌ بۆ ئاشته‌وایى سیاسى له‌ وڵاته‌که‌یدا. کۆمیته‌که‌ ده‌شڵێت ئه‌گه‌ربێت و ئه‌وان نه‌یانتوانى ئه‌وه‌ بکه‌ن، ئه‌وا با 60% پاره‌که‌ ڕاسته‌وخۆ بۆ کورد و سووننه‌کان ته‌رخان بکرێت.

کاربه‌ده‌سـتانى عێراق له‌ ئێسـتاوه‌ زۆر نیگه‌رانن‌ و چه‌ندان ڕاگه‌یاندن و لێدوانى ناڕه‌زایـیان له‌م باره‌یه‌وه‌ داوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشـتا هه‌نگاوى زۆر ماون‌ بنرێن تاوه‌کو ئه‌م پـرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ ته‌واوى کۆنگرێسدا په‌سه‌ند بکرێت که‌ نزیکه‌ى 500 لاپه‌ڕه‌یه‌ و کۆمه‌کى ڕاسته‌وخۆى پـێشمه‌رگه‌ تیایدا له‌ یه‌ک لاپه‌ڕه‌دا هاتووه‌‌.



سه‌رچاوه‌ : ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو