قاچاخچیه‌کى کورد به‌ 10 ساڵ زیندانى کردن سزا ده‌درێت

5/20/2015 5:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز


دادگایه‌کى ئوسترالیا سزاى 10 ساڵ زیندانیکردنى به‌سه‌ر قاچاخچیه‌ به‌ڕه‌گه‌ز کورده‌که‌دا سه‌پاند ئه‌ویش له‌پاش ساغبوونه‌وه‌ى تاوانى ناردنى دوو به‌له‌م له‌ په‌ناخوازان به‌شێوه‌یه‌کى قاچاخ بۆ دوورگه‌ى کریستماسى ئوسترالیا له‌ ساڵى 2001 دا.

سه‌ید ئومێد ، ته‌مه‌ن 43 ساڵ ، ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ له‌ڕێگه‌ى پارێزه‌ره‌که‌یه‌وه‌ ململانێى دادگاکانى ئوسترالیا ده‌کات تا له‌ مالیزیاوه‌ نه‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ئوسترالیا به‌مه‌به‌ستى دادگایکردنى به‌ڵام دواجار بڕیاری ڕاده‌ستکردنى به‌ دادگاکانى ئوسترالیا بۆ ده‌رچوو ، ئه‌مڕۆش ، چوارشه‌ممه‌ ، 20 ى ئایار ، له‌ پاش چه‌ند دانیشتنێکى دادگا ، بڕیارى 10 ساڵ زیندانی کردنى بۆ ده‌رچوو.

هه‌رچه‌نده‌ پارێزه‌ره‌که‌ى به‌جۆرێک به‌رگرى لێکردووه‌ له‌ دانیشتنه‌کانى دادگادا که‌ سه‌ید ئومێد ڕۆڵێکى خۆنه‌ویستانه‌ى بینیوه‌ بۆ هاوکاریکردنى  په‌ناخوازان ، به‌ڵام دادگا ئه‌و به‌هانه‌یه‌ى ڕه‌تکردۆته‌وه‌.

مارک هێرۆن ، دادوه‌رى که‌یسه‌که‌ى سه‌ید ئومێد ، ڕایگه‌یاند که‌ ئومێد په‌ناخوازانى له‌ مالیزیا بینیوه‌ و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ کردوون و شوێنى حه‌وانه‌و و ناردنی ئه‌و په‌ناخوازانه‌شى دابینکردووه‌ له‌ ئه‌نده‌نوسیا و پاره‌شى لێکۆکردوونه‌ته‌وه‌ و پاشان له‌ هه‌لومه‌رجى ناسه‌لامه‌ت و له‌رێگه‌ى به‌له‌مى نه‌شیاو و خراپه‌وه‌ که‌ ژیانیانى خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ په‌ناخوازانى له‌ڕێگه‌ى ده‌ریاوه‌ و به‌قاچاخ ناردووه‌ بۆ ئوسترالیا.   

به‌پێى وورده‌کارى که‌یسه‌که‌ى ، سه‌ید ئومێد ده‌بێت له‌لایه‌نى که‌م شه‌ش ساڵ و نیوى سزاکه‌ى به‌بێ مه‌رجى ئازادکردن له‌ زینداندا بێت و ئه‌وه‌ش له‌و کاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات که‌له‌ مالیزیاش له‌ زینداندا بووه‌ که‌ به‌روارى 17 ى ئه‌یلولى 2010 یه‌. 


زۆرترین خوێندراو