وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا : سوریایه‌کى سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوو پێویستى به‌ سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ که‌ دواى ئه‌سه‌د دێت

1/18/2018 11:56:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ڕێکس تیله‌رسن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ زانکۆى ستانفۆرد له‌ کالیفۆرنیا سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌کانى سوریا لێدوانیدا ووتى : خه‌ڵکى سوریا ڕووبه‌ڕووى ڕه‌وشێکى زۆر قورس بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت کۆتایی به‌و ناکۆکییه‌ بهێنین و ئامانجه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌کانى سوریا ده‌سته‌به‌ر بکات.

ڕێکس تیله‌رسن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا ووت :"ئه‌و بابه‌ته‌ى ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێت بۆتانى باس بکه‌م ئه‌و کارانه‌ى که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌نیازه‌ له‌ سوریادا ئه‌نجامى بدات. ده‌ست پێده‌که‌م به‌وه‌ى که‌ پێتان بڵێم خه‌ڵکى سوریا ڕووبه‌ڕووى ڕه‌وشێکى زۆر قورس بوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت پێتان بڵێم که‌ بۆچى گرنگه‌ ئه‌مه‌ریکا بوونى سه‌ربازیى له‌ سوریادا بهێڵێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى کۆتاییه‌ک به‌و ناکۆکییه‌ بهێنین و ئامانجه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌کانى سوریا ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین.

ووتیشى :" ده‌مه‌وێت باس له‌و هه‌نگاوانه‌ بکه‌م که‌ ئه‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ ده‌یگرنه‌ به‌ر بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى سوریایه‌کى یه‌کگرتووه‌ و سه‌قامگیر و سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستى و چه‌کى کۆمه‌ڵکوژ".

ئه‌وشى خسته‌رو که‌ "نزیکه‌ى 50 ساڵه‌ خه‌ڵکى سوریا ده‌چه‌وسێنه‌وه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایى دیکتاتۆر حافیز ئه‌سه‌د و کوڕه‌که‌ى به‌شار ئه‌سه‌ددا. سروشتى فه‌رمانڕه‌واییکردنه‌که‌ى ئه‌سه‌د هاوشێوه‌ى سپۆنسه‌ره‌که‌یه‌تی، ئێران. پشتیوانى له‌ تیرۆر کردووه‌. کۆمه‌ڵانى توندڕه‌وى په‌ره‌پێداوه‌ تاوه‌کو سه‌ربازانى ئه‌مه‌ریکا بکوژن، وه‌کو ئه‌ل قاعیده‌. هه‌روه‌ها پشتیوانى له‌ حیزبوڵا و حه‌ماس ده‌کات. هه‌روه‌ها حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانیشى چه‌وساندۆته‌وه‌".

ڕێکس تیله‌رسن ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌"ئه‌م جۆره‌ حکومڕانیه‌ ناکرێت تا هه‌تایى بێت، دواى چه‌ند ساڵێک توڕه‌ییه‌ک کۆبۆوه‌ له‌نێو خه‌ڵکى وڵاته‌که‌دا و زۆرێک له‌ هاوڵاتیانى سورى دژى ئه‌سه‌د هه‌ستان. له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێکدا خۆپیشاندانه‌ ئاشتیانه‌کان به‌لایه‌کى تردا ڕۆشتن له‌ ساڵى 2011 دا. ئه‌سه‌د و حکومه‌ته‌که‌ى به‌ فیشه‌ک و زیندانیکردن وه‌ڵامى خه‌ڵکه‌که‌ى خۆیان دایه‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ چیرۆکى سوریا کاره‌ساتێکى مرۆیى بووه‌. زیاتر نیو ملیۆن سورى کوژران. زیاتر له‌ 5.4 سورى ئێستا په‌نابه‌رن، 6.1 هاوڵاتیش بێسه‌روشوێنن. له‌ ئه‌نجامى ناکۆکیه‌کانى نێوان ڕژێمه‌که‌ و هێزه‌کانى ئۆپۆزسیۆندا هه‌موو شاره‌کان وێران بوون. چه‌ند ساڵێکى زۆرى ده‌وێت تاوه‌کوو وڵاته‌که‌ دروست ده‌کرێته‌وه‌".

ووتیشى :"ناکۆکییه‌کانى نیوان ڕژێمه‌که‌ و گروپه‌ جیاکانى ئۆپۆزسیۆن که‌ شه‌ڕده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لاببه‌ن ڕه‌وشێکى دروستکرد بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى داعش له‌ وڵاته‌که‌دا. داعش له‌ قاعیده‌وه‌ دروست بوو له‌ عێراقدا، کۆمه‌ڵێک بوون ئه‌سه‌د له‌ژێره‌وه‌ پشتیوانى لێده‌کردن". 

جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌داعش ئێستا قاچێکى له‌ گۆڕدایه‌ به‌ مانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریادا هه‌تاوه‌کوو به‌ته‌واوه‌تى داعش تێکده‌شکێنرێت، قاچه‌که‌ى تریشى ده‌چێته‌ ژێر گۆڕه‌وه‌. ناکرێت ڕێگه‌ بده‌ین مێژوو له‌ سوریا خۆى دووباره‌ بکاته‌وه‌. " وه‌کو ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ى که‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌که‌ى ئۆباما کردوویه‌تى له‌ کشاندنه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و شکستهێنانى له‌ جێگیرکردنى لیبیا دواى هێرشه‌ ئاسمانیه‌کانى ناتۆ که‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رۆکى پێشووى لیبیا موعه‌مه‌ر قه‌زافى له‌سه‌ر کاره‌که‌ى ده‌ربکرێت."

تیله‌رسن سه‌باره‌ت به‌ هۆکاره‌کانى دیکه‌ بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریادا، وتى " کشانه‌وه‌ى ته‌واوى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا یارمه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د ده‌دات. سوریایه‌کى سه‌ربه‌خۆ و سه‌قامگیر و یه‌کگرتوو پێویستى به‌ سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ که‌ دواى ئه‌سه‌د دێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رکه‌وتوو بێت. بوونى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریادا ده‌بێته‌ هۆى شکستپێهێنانى داعش و ڕێگه‌خۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ به‌رپرسه‌ مه‌ده‌نییه‌ سیاسییه‌کانى ناوخۆى وڵاته‌که‌ بتوانن حکومڕانى وڵاته‌که‌ بکه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ى که‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت.

تیله‌رسن به‌ کۆندۆلیزا ڕایسى وت ژیانى هاوڵاتیانى سوریا له‌ مه‌ترسیدایه‌.

ئه‌رکى سه‌ره‌کى له‌ سوریادا ئێستا ئه‌وه‌یه‌ که‌ چیتر نه‌هێڵرێت هاوڵاتیانى سوریا بکوژرێن، ئه‌وان هێشتا ده‌کوژرێن، هه‌زارانیان لێده‌کوژرێت. به‌شار ئه‌سه‌د که‌سێکى توندڕه‌وه‌ و بکوژى خه‌ڵکى خۆیه‌تى که‌ ناتوانێت سه‌قامگیرییه‌کى هه‌میشه‌یى دابین بکات بۆ وڵاته‌که‌.

ئه‌رکى سه‌ره‌کى هه‌وڵه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا بۆ دروستکردنى ڕه‌وشێکه‌ بۆ په‌نابه‌رانى سوریا تاوه‌کو بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌یان، هه‌روه‌ها بۆ نه‌هێشتنى کاریگه‌رى ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا و ڕێگه‌ خۆشکردنه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان تاوه‌کو سه‌رپه‌رشتیارى هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى سه‌رکردایه‌تییه‌کى نوێ له‌ دیمه‌شق.


زۆرترین خوێندراو