ئه‌نجێلا مێرکڵ به‌راوێژکارى ئه‌ڵمانیا هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌

3/14/2018 3:28:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز









ئه‌نجێلا مێرکڵ سه‌رۆکى گشتیى پارتى یه‌کێتیى کریستیان دیموکرات CDU، له‌ ده‌نگدانێکدا له‌ په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا ، جارێکى دیکه‌ به‌ راوێژکارى وڵات هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

مێرکڵ ئه‌مڕۆ بۆ چواره‌مین جارى له‌سه‌ریه‌ک له‌ ئه‌نجوومه‌نى فیدراڵیى ئه‌ڵمانیا به‌ راوێژکار هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ریه‌ک له‌ ساڵه‌کانى ٢٠٠٥، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣دا ئه‌و ببووه‌ خاوه‌نى ئه‌و پۆسته‌.

له‌ ده‌نگدانێکى نهێنیدا له‌په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا که‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى ۆڵفگانگ شۆوبڵ کۆببوویه‌وه‌ له‌ کۆى ٦٩٢ په‌رله‌مانتارى ئاماده‌بوو، مێرکڵ توانى ده‌نگى ٣٦٤یان به‌ده‌ستبهێنێت.

له‌ ده‌نگدانه‌که‌دا، ٣١٥ په‌رله‌مانتار ده‌نگى ''نه‌خێر'' و نۆ په‌رله‌مانتار ده‌نگى سپییان به‌کارهێنا و چوار له‌ ده‌نگه‌کانیش به‌ پووچه‌ڵ هه‌ژمارکرا.به‌و ئه‌نجامه‌ش مێرکڵ بۆ جارى چواره‌م بوو به‌ راوێژکارى ئه‌ڵمانیا.

له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ٢٠٠٥ه‌وه‌ بۆ یه‌که‌مجار ژنێک بووه‌ راوێژکارى ئه‌ڵمانیا و نزیکه‌ى ١٢ ساڵ و نیوه‌ ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌.

دواى ده‌نگدانه‌که‌ مێرکڵ به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى به‌ڵگه‌نامه‌ى دامه‌زراندن له‌ سه‌رکۆمار، فڕانک ڤاڵته‌ر شتاینمایه‌ر سه‌ردانى کۆشکى به‌لـلوڤوى کرد.

دواى وه‌رگرتنى به‌ڵگه‌نامه‌ى دامه‌زراندن مێرکڵ سه‌رله‌نوێ دێته‌وه‌ په‌رله‌مان و سوێندى یاسایى ده‌خوات.

دواتر مێرکڵ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى کابینه‌ى نوێ ده‌چنه‌ لاى شتاینمایه‌ر و به‌ڵگه‌نامه‌ى دامه‌زراندن وه‌رده‌گرن و سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ په‌رله‌مان. دواى سوێندخواردنى یاساییش ده‌ست ده‌که‌ن به‌ ئه‌رکى فه‌رمیان.


زۆرترین خوێندراو