كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌به‌رناكۆكی لایه‌نه‌كان ته‌واو نه‌كرا

کانونی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

ڕه‌وه‌ند كامه‌ران

له‌ دانیشتنی ئه‌مرۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ به‌خشرایه‌ سێ وه‌زیر و بڕیاره‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ سوێندی یاسایی بخۆن.

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌ به‌خشرایه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ قوسه‌ سوهیل، وه‌زیری خوێندنی باڵا و نوری دلمی، وه‌زیری پلاندانان و عه‌بدولئه‌میر حه‌مدانی، وه‌زیری ڕۆشنبیری.

له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مرۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ هۆی ناكۆكی نێوان كوتله‌ په‌رله‌مانیه‌كان هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ربژێری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی كۆچبه‌ران ڕه‌تكرایه‌وه‌ و تائێستا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ڕێكنه‌كه‌وتون له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌ربژێری هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناخۆ و به‌رگری.

 له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاران هۆڵی كۆبونه‌وه‌یان به‌جێهیشت، به‌وهۆیشه‌وه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانیشتنه‌كه‌ی بۆ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ دواخست.

شه‌وی 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق متمانه‌ی به‌خشییه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی و 14 له‌ وه‌زیره‌كانی و تائێستا كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌ر ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ته‌واو نه‌كراوه‌.