Error: No articles to display

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

کانونی یەکەم 23, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز

لە عێراق و ھەرێمیش کۆتایی بە خانەنشینکردنی خاوەن پلە باڵاکان بە بێ ڕەچاوی تەمەن و ساڵانی خزمەت دێت و دەبێت خاوەن پلە باڵاکانیش تەنھا لەسەر بنەمای مووچە خانەنشین بکرێن و تەمەنیشیان نەگاتە ٥٠ ساڵ و خاوەنی ١٥ ساڵ خزمەت نەبن خانەنشین نابن

د. ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ په‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی بڵاویكردۆته‌وه‌ دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیاری (١٤٠و١٤١/فیدڕاڵی/٢٠١٨) لە ڕۆژی ٢٣-١٢-٢٠١٨ بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەی(١٣) لە یاسای فیدڕاڵی (ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی) ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٨، کە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە دوا ڕۆژەکانی خولەکەیان بۆ خۆیان تەشریع کرد و دواتریش لە لایەن بەڕێز سەرۆک کۆماری ئەوکات پەسەندکرا و لە وەقایعی ڕەسمیش بڵاوکرایەوە.

ناوبراو ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو بە پێی ئەو یاسایە مووچەی خانەنشینی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تەرخان کرابوو بە بێ ڕەچاوکردنی ساڵانی خزمەت و تەمەن و بەدەر لە قانونی خانەنشینی یەکگرتوو.

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە پێویستە خانەنشینی ئەوانیش بە هەمان پێوەرەکانی ساڵانی خزمەت و تەمەنی فەرمانبەرانی ئاسایی بێت کە لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ دا هاتووە و نابێت ھیچ مامەڵەیەکی تایبەت بکرێن.

بەپێی ماددەی (٩٤) لە دەستووری عێراق بڕیاری دادگای فیدراڵی سیفەتی ئیلزامی هەیە بۆ گشت دەسەڵاتەکان لەناویاندا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.

بەم شێوەیە، بە پێی ئەم بڕیارەی دادگای فێدڕاڵی ماددەی (٣)ی یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی ژمارە ٤ ساڵی ٢٠١٨ تایبەت بە مووچەی خانەنشینی خاوەن پلە باڵاکان کە ناڕەزایی بەرفراوانی خەڵکی لێکەوتەوە هەڵدەوەشێتەوە و هیچ بژاردەیەکی دیکە نامێنێت لەبەردەم ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان جگە لە ھەڵوەشاندنەوەی یاساکانی ھەرێم تایبەت بە خانەنشینی خاوەن وەزیفە بالاکان وهاوتاکردنی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵا و تایبەتەکان لەگەڵ خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاسایی بە ھەمان میکانیزم ومەرجی ساڵانی خزمەت و تەمەن، ھەر شتێکی دیکە بە پێچەوانەی ئەم بڕیارەی دادگای فێدڕاڵی بە نادەستووری دادەنرێت.

بەم شێوەیە لە عێراق و ھەرێمیش کۆتایی بە خانەنشینکردنی خاوەن پلە باڵاکان بە بێ ڕەچاوی تەمەن و ساڵانی خزمەت دێت و دەبێت خاوەن پلە باڵاکانیش تەنھا لەسەر بنەمای مووچە خانەنشین بکرێن و تەمەنیشیان نەگاتە ٥٠ ساڵ و خاوەنی ١٥ ساڵ خزمەت نەبن خانەنشین نابن، بەمەش دادوەریی لە خانەنشینی بەرپا دەبێت لە نێوان فەرمانبەری ئاسایی و پلە تایبەت، و ئەم بڕیارەش اثر رجعي ھەیە بۆ خانەنشینە کۆنەکانیش.

بە پێی مەتنی بڕیارەکە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران (موحەممەد ئەلحەلبوسی) خۆی تەنازولی کردووە لە دیفاع کردن لە ماددەی ١٣ ی قانونەکە..