په‌یوه‌ندی بازرگانی نێوان عێراق و ئوردون به‌هێزده‌كرێت

کانونی دووەم 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك كۆماری عێراق د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ ١٤ی كانونی دووه‌م شا عه‌بدوڵای دووه‌م پادشای ئوردن به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عێراق و له‌ فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدای نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق پێشوازی لێكرا .

نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق ده‌قی دیداره‌كه‌ی تایبه‌ت ناردووه‌ بۆ جه‌ماوه‌رنیوز تێدا هاتووه‌

سه‌رۆك كۆمار و پادشای ئوردن له‌ كۆشكی سه‌لام، به‌ئامادوبوونی شاندی هه‌ردوو وڵات كۆبوونه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنی هه‌لومه‌رجی سیاسی ناوچه‌كه ‌و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات‌ و چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌و پێشبردنیان له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا‌ به‌جۆرێك خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات و گه‌لی دۆست بكات. 

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی ئابووری و بازرگانی نێوان هه‌ردوو وڵات گفتوگۆی له‌باره‌وه‌كرا. 

له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ئاڵوگۆڕ كرا و تیایدا ته‌ئكید له‌ رۆڵی گرنگی عێراق و ئوردن كرایه‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی ئاسایش و ئارامی به‌ جۆرێك كه‌ به‌غدا و عه‌مان پێگه‌ی سه‌ره‌كی لێكگه‌یشتن و پێكگه‌یشتنی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ بن بۆ كۆتایی هێنانی یه‌كجاره‌كی قه‌یران و گرژیه‌كان دوور له‌ توندوتیژی و ئاژاوه‌ و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شایسته‌ به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه.