هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تى عێراق ته‌ئکید له‌په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى گشتى ده‌که‌نه‌وه‌

کانونی دووەم 16, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌16 ى کانونى دووه‌مى 2019 له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا هه‌ریه‌ک له‌‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمار و د. عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ومحه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ کۆبوونه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌باره‌ت به‌ دۆخى سیاسى و ئاسایش و نزیککردنه‌وه‌ى دید و بۆچوونى لایه‌نه‌کان و دورخستنه‌وه‌ى شه‌قام له‌ گرژى و ئاڵۆزیه‌ سیاسیه‌کان بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا.

هه‌روه‌ها هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ ته‌ئکیدیان له‌ په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى گشتى کرده‌وه‌ به‌ پێى دوا گۆڕانکارى پێویست و کارئاسانى داموده‌زگاکانى ده‌وڵه‌ت بۆ پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌ هاووڵاتیان‌‌، هاوکات له‌ ‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌خت کرایه‌وه‌ بۆ کارى هاوبه‌ش له‌ ‌پێناوى سه‌رخستنى کارنامه‌ى حکومه‌ت و پشتیوانى له‌ ‌سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ‌جێبه‌جێکردنى ئه‌رکه‌که‌یدا و ته‌واوکردنى کابینه‌ى حکومه‌ت، هه‌روه‌ها ته‌ئکید له‌سه‌ر پابه‌ندبوو به‌ ده‌ستوور کرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌میانه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ ئه‌نجامى سه‌ردانه‌که‌ى پادشاى ئوردن و شاندى باڵاى وڵاتان بۆ عێراق کرا، سه‌ره‌ڕاى ڕۆڵى عێراق له‌ به‌رجه‌سته‌کردنى ئاشتى و سه‌قامگیرى ناوچه‌که‌ و سیاسه‌تى کرانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى تر به‌جۆرێک که‌ سه‌روه‌رى نیشتمان پارێزراو بێت و خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش بکات.