ئیسپانیا به‌هۆى هه‌ڵه‌ى ئاڵاکه‌وه‌ داواى لێبوردن له‌ عێراق ده‌کات

کانونی دووەم 31, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دانانى ئاڵاى سه‌رده‌مى رژێمى سه‌دام له‌سه‌ر فڕۆکه‌ى شاى ئیسپانیا، فلیپى شه‌شه‌م له‌ میانى سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ عێراق، مشتومڕى لێکه‌وته‌وه‌. - ئیسپانیا به‌ هۆى هه‌ڵه‌ى ئاڵاکه‌وه‌، داواى لێبوردنى له‌ عێراق کرد.

له‌باره‌ى رووداوه‌که‌وه‌، باڵیۆزخانه‌ى ئیسپانیا له‌ به‌غدا، روونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌.

له‌ ده‌قى روونکردنه‌وه‌که‌دا هاتووه‌، "له‌باره‌ى ئه‌و هه‌ڵه‌ى که‌ فڕۆکه‌وانه‌کانمان ئه‌نجامیانداوه‌ و ئاڵاى کۆنى کۆمارى عێراق-یان هه‌ڵواسیوه‌، داواى لێبوردن ده‌که‌ین. ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ له‌ میانى گه‌ڕانه‌وه‌ى شادا، قه‌ره‌بوو ده‌کرێته‌وه‌".

دواتر بیندرا کاتێک فڕۆکه‌که‌ى شا گه‌ڕایه‌وه‌، ئاڵاى نوێى عێراقى پێوه‌بوو.

شاى ئیسپانیا، فلیپى شه‌شه‌م سه‌ردانى عێراقى کرد و له‌ کۆشکى سه‌لام له‌گه‌ڵ سه‌رکۆمارى عێراق، به‌رهه‌م ساڵح کۆبووه‌وه‌ و دواتر سه‌ربازانى وڵاته‌که‌ى به‌سه‌رکرده‌وه‌.

حکوومه‌تى ئیسپانیا ساڵى 2014 به‌ مه‌به‌ستى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، 30 سه‌ربازى وڵاته‌که‌ى ره‌وانه‌ى عێراق کردبوو. دواتر ئه‌م ژماره‌یه‌ گه‌یه‌ندرایه‌ 425 سه‌رباز.

سه‌ربازه‌ ئیسپانییه‌کان، به‌شدارییان له‌ پێکدادانه‌کاندا نه‌کرد، به‌ڵکو وه‌ک راهێنه‌ر مه‌شقیان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان کردووه‌.

 


ئانادۆڵ