سه‌رۆکایه‌تى کۆمار پرۆژه‌ ‌یاساى په‌یوه‌ست به‌ ژیان و گوزه‌رانى هاونیشتمانیان پێشکه‌ش ده‌کات

شوبات 03, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رۆک کۆمار ته‌ئکیدى له‌ پێویستى هه‌ماهه‌نگى و یه‌کخستنى دید و بۆچوونى نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تى کرده‌وه‌ به‌جۆرێک که‌ ‌له‌ ‌خزمه‌تى خواسته‌کانى هاووڵاتیاندا بێت.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ ٣-٢-٢٠١٩ سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیکرد له‌ ‌سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق محه‌مه‌د حه‌لبوسی.

له‌میانى دیداره‌که‌دا سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمار له‌ ‌هه‌وڵى پێشکه‌شکردنى چه‌ندین پرۆژه‌ یاسادایه‌، که‌ ‌ده‌بنه‌ هۆکارى باشترکردنى ژیان و گوزه‌رانى هاونیشتمانیان و سه‌قامگیرى له‌ وڵاتدا، هاوکات جه‌ختى له‌ گرنگى یه‌کڕیزى هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى عێراق کرده‌وه‌ له‌ ‌پێناوى یه‌کخستنى بڕیاره‌کان که‌ راسته‌خۆ کاریگه‌ریان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى خزمه‌تگوزارى و بژێوى ژیانى گشت هاووڵاتیانى عێراق ده‌بێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ى به‌گرنگى متمانه‌ى هاونیشتمانیان به‌ ‌ده‌زگاکانى ده‌وڵه‌ت و په‌رله‌مان کرد و به‌ ‌پێویستى زانى که‌ ‌هه‌وڵى ته‌واو بدرێت بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و دیالۆگ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان ئه‌نجامى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ به‌ریتانیا و دیدار و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌رۆک کۆمار خسته‌روو.