جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کۆبووه‌وه‌

شوبات 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌میانى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ به‌غداى پایته‌خت به‌مه‌به‌ستى به‌شدارى کردن له‌ دیدارى سه‌رکرده‌کانى عێراق، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 3-2-2019 قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عادل عبدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق کۆبووه‌وه‌.
له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا گفتووگۆ ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى هه‌نووکه‌یى عێراق و هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ و چۆنیه‌تیى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر و ڕووداو و پێشهاته‌ سیاسیه‌کان، کرا.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌ڕێى دیالۆگ به‌ پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستورى عێراق له‌پێناو به‌رپاکردنى ئارامیى سیاسى و به‌دیهێنانى ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کان.

هه‌روه‌ها له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا، جه‌ختکرایه‌وه‌ له‌ گرنگى بوونى هه‌ماهه‌نگیى زیاتر و چاره‌سه‌رکردنى ناکۆکییه‌کان به‌ هه‌مان ڕۆحیه‌ت و نه‌هجى خوالێخۆشبوو به‌ڕێز مام جه‌لال.

سه‌ردانه‌که‌ی، قوباد تاڵه‌بانى بۆ به‌غدا له‌سه‌ر بانگهێشتى ناوه‌ندى ڕافیده‌ینه‌ بۆ دیالۆگ، به‌مه‌به‌ستى به‌شدارییکردن له‌دیدارى ڕافیده‌ینى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ساڵى 2019 که‌ بۆ یه‌که‌مجاره‌ له‌ به‌غدا به‌ به‌شدارى سه‌رۆکایه‌تییه‌کانى عێراق و نوێنه‌رى چه‌ندین وڵات و ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ وه‌زیره‌کان و په‌رله‌مانتاران و ده‌سته‌بژێرى سیاسى و فیکرى و ئه‌کادیمى ناوخۆ و بیانى ساز ده‌کرێت.