فه‌ره‌نسا پێداویستی سه‌ربازی بۆ عێراق دابین ده‌كات

شوبات 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8ی شوبات  له ‌كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا د. به‌رهه‌م ساڵح ، سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ فلۆره‌نس پارلی، وه‌زیری به‌رگری فه‌رنسا كۆبیه‌وه‌. 

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌قی دیداره‌كه‌ی بۆ جه‌ماوه‌رنیوز ناردووه‌ تێداهاتووه‌ د.به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه ‌عێراق خوازیاری به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و فه‌ره‌نسایه‌ له ‌گشت بواره‌كاندا، هاوكات وتی ده‌كرێت پێكه‌وه‌ رۆڵێكی هاوبه‌ش و كاریگه‌ر ببینین له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ وجیهاندا. 

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی بەوە کرد کە فروانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق و یه‌كێتی ئه‌وروپا یه‌كێكه‌ له‌ خواسته‌ گرنگه‌كان كه‌ عێراق كاری بۆ ده‌كات، چونكه‌ عێراق ده‌توانێت ببێته‌ خاڵێكی پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی زۆرێك له ‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌وروپا. 

هه‌روه‌ها  رۆڵی كاریگه‌ری فه‌ره‌نسای له ‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌ تیرۆر و پشتیوانیكردنی عێراقی له‌ شكست پێهێنانی تیرۆریستانی داعش به‌رز نرخاند، سوپاسی به‌شداریكردنی فه‌ره‌نسا كرد له ‌پێشكه‌ش كردنی كۆمه‌كی سه‌ربازی و مه‌شق پێکردن به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق.

 

له‌لای خۆیه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری فه‌رنسا جه‌ختی له ‌پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌رخستنی خواستی عێراق له ‌سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌رانی كرده‌وه‌ و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یشی پیشاندا بۆ مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق و دابین كردنی پێویستییه‌ سه‌ربازیه‌كان.