پێناسى نوێى گومرگى له‌ هه‌رێم و عێراق که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌

شوبات 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ئه‌مڕۆوه‌ پێناسى نوێى گومرگیى له‌ ده‌ره‌وازه‌ سنوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق که‌وته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.

ساماڵ عه‌بدولره‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گومرگى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند :"به‌هۆى ئه‌و گرژى و ئاڵۆزییه‌کى که‌ پێشتر له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێرقادا بوو، به‌داخه‌وه‌ باجه‌که‌ى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى و عێراق به‌گشتى دای، به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ 2019.2.16 وه‌کوو دوا کات بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیارى ژماره‌ى 13ى ساڵى 2019ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، هه‌موو ئه‌و بازگانه‌ لابران و ڕێگاکان له‌به‌رده‌م جووڵه‌ى بازرگانى و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى عێراق و هه‌رێمى وکردستاندا ئازاد کران".

سامان عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد: "ئه‌م بڕیاره‌ کارێکى شیاو و گونجاو بوو که‌ ئاسۆیه‌کى نوێ و ڕوون ئه‌خاته‌ به‌رده‌م جووڵه‌ى بازرگانیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پرسێکى دیکه‌ که‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 2019.2.17 خرانه‌ بوارى کرداره‌وه‌، ئه‌ویش جێبه‌جێکردنى پێناسه‌ى نوێى گومرگى بوو له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و ناوه‌نددا که‌ ئه‌م پێناسه‌یه‌ نه‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ که‌ ڕابردوو له‌لایه‌ن ناوه‌ند و هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ جێبه‌جێ کراوه‌، به‌و پێیه‌ى که‌له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2018ده‌رگاکانى گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرانه‌وه‌ و مێزى گفتوگاکن بوونه‌ مینبه‌رى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان، پرسى گومرگ وه‌ک پرسێکى گرنگ له‌سه‌ر مێزى گفتۆگۆکان خراوه‌ته‌ به‌رباس و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌ش پێکهێنرا له‌ نێوان لیژنه‌ى گومرگه‌کانى عێراق ق به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى گومرگى هه‌رێمى کوردستان بۆ چاره‌سه‌ریى ئه‌م پرسه‌.

هاوکات له‌گه‌ڵ جێبه‌جێکردنى ئه‌و بڕیاره‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران عێراق بۆ لابردنى خاڵه‌ گومرکییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراق، دوێنێ خاڵ و بازگه‌ گومرکییه‌کانى دهۆک بۆ مووسڵ، هه‌ولێر بۆ که‌رکووک و سلێمانى بۆ که‌رکووک به‌ فه‌رمى لابران و جموجۆڵه‌ بازرگانییه‌کان وه‌گه‌ێ‌ که‌وتنه‌وه‌ به‌بێ دانانى باجى گومرگی.

له‌ دواى ڕووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌ر، چه‌ندان خاڵى گومرکیى نایاسایى له‌ نێوان که‌رکووک هه‌ولێر، مووسڵ بۆ دهۆک و سلێمانى بۆ که‌رکووک دانران و به‌ شێوه‌ى نایاسایى باج خرایه‌ سه‌ر ئه‌و کاڵا و که‌لوپه‌لانه‌ى که‌له‌ شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق ده‌کران و ئه‌مه‌ش بارگرانیى بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان دروست کردبوو و نرخى که‌لوپه‌لى زۆر به‌رز کرده‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌کى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا و سه‌ره‌نجام به‌هۆى ڕێککه‌وتنى نێوان به‌غدا و هه‌رێم و ئه‌م پرسه‌ چاره‌سه‌ کرا.