گومرگى عێراق داوا له‌کۆمپانیاکان و بازرگانان ده‌کات مامه‌ڵه‌کانیان له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیاى ته‌واوکارى گومرکى متمانه‌پێکراوه‌وه‌ رایى بکه‌ن

شوبات 20, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ده‌سته‌ى گومرکى عێراق سه‌رجه‌م هاورده‌کاران و کۆمپانیا عێراقى و بیانییه‌کانى ئاگادارکرده‌وه‌ به‌ ته‌واوکردنى مامه‌ڵه‌ى شمه‌ک و که‌لوپه‌له‌کانیان له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیاى ته‌واوکارى گومرکى رایى بکه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ک شمه‌کى قاچاخ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.

ده‌سته‌ى گومرک له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ده‌ڵێت: "پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو کۆمپانیا عێراقى و بیانییه‌کان و هاورده‌کاران، که‌ شمه‌کیان له‌ به‌نده‌ر و ده‌روازه‌کانى باشورى عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى بارکردنى ئاسمانى و فڕۆکه‌خانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌یه‌، به‌زووترین کات مامه‌ڵه‌کانیان له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیاى ته‌واوکارى گومرکى متمانه‌پێکراوه‌وه‌ رایى بکه‌ن".

جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌: "له‌ سبه‌ینێ 20 شوباته‌وه‌ هه‌موو ئه‌و کۆنتنه‌رانه‌ که‌ شممه‌کیان تێدایه‌ و دواکه‌وتوون له‌ راییکردنى مامه‌ڵه‌کانیان، به‌پێى ماده‌ى 192/یه‌که‌م له‌ یاساى گومرک، وه‌ک شمه‌کى قاچاخ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، دۆسیه‌ى تایبه‌تیان بۆ ده‌کرێته‌وه‌ و ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م دادوه‌رى لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌پێى یاسا کارپێکراوه‌کان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت".

داواشیکردووه‌ له‌ "لایه‌نه‌کانى په‌یوه‌ندیدار په‌له‌بکه‌ن له‌ پێدانى ره‌زامه‌ندى و کارئاسانیکردنى رێوشوێنه‌کانى تایبه‌ت به‌ هاورده‌کرن و هه‌نارده‌کردنى شمه‌ک، به‌ مه‌به‌ستى ده‌سته‌به‌رکردنى ئاسانکارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى جیهان و دراوسێدا" .